شاهۆ
حوسێنی
لەجیهانێکدا کە سیاسەت بەرلەوەکە کێشە و قەیران
چارەسەربکات، لەو بەهرەمەند دەبێت، سێ دەسەڵاتی تڕامپ، ناتانیاهو و خامنەیی لەڕێکەوتنێکی
نەنوسراو و پێکەوەژیانێکی نادیاردا، لەقەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کەڵکی هێژمۆنیک
وەردەگرن. لەم کورتە نووسراوەیەدا حەول دەدرێت نیشان بدرێت کە چلۆن قەیرانی دەرەکی
دەبێتە کەرەسەی مسۆگەر بوونی دەسەڵات لەناوخۆ و هەروەها بۆچی ئەم دۆخە دەتوانێ وەک
دۆخی نەشەڕ نە ئاشتی دەوام پەیدا بکات و هۆکارێکی بنەڕەتی بێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی
هێژمۆنی لە بەستێنی ناسەقامگیریدا. دەشێ بگوترێ ئەمڕۆکە سیاسەت بەر لەوەکە لەخزمەت
چارەسەری کێشە و قەیراندا بێت، بۆتە سەنعەتی بەرهەمهێن و دووپات کەرەوەی قەیران و
کێشە لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران نوێنەرانی هێژمۆنی ئەم
پارادایمە بەرئاوەژوویەن. واتە ئەوان لەجیات کۆتایی هێنان بە قەیران، قەیران
مودیرییەت دەکەن، پەرەی پێدەدەن و لە قەیران مەشڕووعییەت بۆخۆیان بەرهەم دێنن.
لێرەدا حەول دەدرێت تا نیشان بدرێت کە سێ کایەکەری سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناوین چلۆن
بە شێوەیەکی پێکهاتەیی بە مەبەستی دەوامی دەسەڵات، هێژمۆنی و مەشرووعییەتی ناوخۆیی
درێژە بەقەیران لە دەرەوە دەدەن.
- تڕامپ: دژبەرەی دەرەکی و گەڕانەوەی
بۆ بازنەی دەسەڵات
تڕامپ هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی گەنگەشەی هەڵبژاردن لە ساڵی
٢٠١٦ ڕا، بەردەوام پێداگری لەسەر ئەم ئایدەیە کردوە کە ئەو باشترین دانووستانکاری
مێژووی ئەمریکایە کە دەتوانێ ڕێکەوتنێکی باشتر لە بەرجام بەسەر ئێراندا بسەپێنێت،
بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت تڕامپ نە بەشوێن ڕیکەوتن کە بەشوێن "دژەڕێکەوتنە"
دۆخێک و مەجالێکی کە لەڕێی ئەو بتوانێ بەهەرەمەندێکی بەردەوام بۆ ئەو لە درووشم و
پۆپۆلیزمدا بڕەخسێنێت. لەم دۆخەی رۆژهەڵاتی ناویندا کە قەیرانی ناوەکی ئێران و
هەڕەشەکانی ڕێکخراوە نیابەتێکانی سەربە ئێران دۆخی ئەهوەنی تێکداوە، ئەم دۆخە بۆ
تڕامپ دەسکەوتگەلێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە:
-
سەلماندنی لاوازی دێمۆکراتەکان لە کۆنتڕۆلکردنی دژبەرەی
دەرەکی
-
داڕشتنەوەی گوتاری ئەمنییەتتەوەرە بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی پێگەی
کۆنسێرواتەکان
-
خۆقوتارکردن لە کێشەکانی ناوخۆیی وەک: مەلەفی قەزایی و
ناکارامەیی ئابووری
بەکورتی
دەشێ بگوترێ کە تڕامپ نە بە ڕیکەوتن کە بە بەڵێنی ڕێکەوتن لەرێی زەق کردنەوەی
هەڕەشەی بەردەوام گەڕایەوە دەسەڵات و حەولی پاراستنیشی دەدات.
- ناتانیاهو: ئەهوەنی لەگوێن مەکینەی
دەسەڵات
لە ئیسرائیل، ناتانیاهو نە تەنیا لەگەڵ قەیرانی مەشرووعییت
کە لەگەڵ کێشەی تانەی فەساد، کەلێنی گەورەی سیاسی و تانەی ناکارامەیی ڕووبەڕوویە،
ئەو بەردەوام ، لە هەڕەشەکانی ئێران و دەستوپێوەندێکانی وەک سووپاپی گوشاری
ناوخۆیی بۆسەر دژبەرانی کەڵک وەردەگرێت و بەم شێوەیە گوتاری ئەهوەنی بەسەر ساحەی
گستی کۆمەڵگادا سەپاندوە. ئەهوەنی بۆ ناتانیاهو نە مەسەلە کە بنەمای ئایدۆلۆژێکی دەسەڵاتە،
ئەو لەڕێی نواندنی بەردەوامی هەڕەشەکانی ئێران، دەوامی دەسەڵاتی ناوخۆیی خۆی
مسۆگەر دەکات. دەشێ بگوترێ کە چڕبوونەوەی بیرورای گشتی لەسەر دوژمنی دەرەکی،
گوشارەکانی کۆمەڵایەتی لەسەر حکوومەت کەم دەکاتەوە.
- کۆماری ئیسلامی: قەیرانی دەرەکی و شاردنەوەی
قەیرانەکانی ناوخۆیی
لە
ئێران دۆخی دەسەڵات زۆر ئاڵۆزتر و قەیراناویترە، قەیرانی بەردەوامی مەشرووعییەتی
دەسەڵات کە لێکەوتەکەی پاڕلمانی دوو لەسەدی و بایکۆتی شێستلەسەدی هەڵبژاردنی
دوایین خولی سەرۆكکۆماری بوە، لەتەنیشت قەیرانی چارەسەر نەبووی شۆڕشی ژن، ژیان،
ئازادی، داڕمانی ئابووری و شەڕی دەسەڵات لەناوخۆی بازنەی دەسەڵات و فەسادی
لەڕادەبەدەری حکوومەت بەگشتی، لەتەنیشت قەیران لە دەزگای ئایدۆلۆژیکی حکوومەتدا،
هیچ ڕێگاچارەیەکیتری بۆ حکوومەت نەهێشتۆتەوە مەگەر "هەڕەشەی دەرەکی"
وەک گوتارێک و کەرەسەیک بۆ شاردنەوەی دابڕاوی و حەول بۆ لێککۆکردنەوەی هێزەکانی
لەناوخۆ. بەکورتی دەشێ بگوترێ کە:
-
قەیرانی
ناوەکی، بەستێنێکە بۆ مسۆگەرتر کردنی دەسەڵاتی ناوەندەکانی ئەمنی
-
گەڕانەوەی
هەڕەشەی شەڕ، ستراتژێکە بۆ سەرپۆشدانان لە داخراوەیی سیاسی
-
زەق
کردنەوەی هەڕەشەی دەرەکی، پلانێکە بۆ تێپەڕین لە قەیران گەلی کۆمەڵاتی، ئابووری و
چینایەتی لە ئێران
هەربۆیەش
دەشێ بگوترێ کە ئێران لەگەڵ ئەوەدا کە ناخوازێت شەڕ ڕووبدات، بەڵام هەرگیز
خوازیاری ئەوەش نیە کە دۆخی "ڕێکەوتنی مسۆگەر" بێتە ئاراوە.
ئاکام:
سیاسەتی قەیران یا کۆتایی سیاسەت؟
تێکەڵاوی
ئەم سێ هێزە لە رۆژهەڵاتی ناوین بەرهەم هێنی مۆدێلێکی بەهێزکەری گشتیە، واتە ئەم
سێ هێزە کاتێ بەشێوەیەکی نادیار بە یەکمەبەست لەسەر دیاردەیەک کار دەکەن،
بەرهەمێکی کە دەردەکەوێت لە ئاکامی بەجیای هەرکام لەم هێزانە زیاترە. ئەم دۆخە
نەتەنیا رێگرە لە چارەسەری کێشە و قەیران، کە هەرکام لەم هێزانە حەول دەدەن بۆ
بەرژەوەندی و دەوامی بەرژەوەندێکانیان دەوامی ئەم قەیرانە بپارێزن. ئەم سێ هیزە لە
رۆژهەڵاتی ناوین بەشێوەیەکی نادیار لەسەر ئەم سێ خاڵە رێکەوتوون:
-
هەڕەشەی
شەڕ؛ بەبێ دەرکەوتنی شەڕ
-
وەعدەی
ڕێکەوتن؛ بەبێ
بەئامانج گەیشتنی ئەو
-
هاواری ئەهوەنی؛ بەبێ مسۆگەربوونی ئەهوەنی