دیمانە:
حەسەن شێخانی
ئاماژە:
پرسی نەتەوە بۆ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و ناسنامەی نەتەوەییان جێگیر بووە و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نەماوە، لە ڕۆژەڤ کەوتووە. ئەم نەتەوانە بە شێوەیەکی دەزگامەند و دامەزراوەیی، لەپێناو نەتەوە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان کار دەکەن و وێڕای ئەوەی کە بەردەوام خەریکی نوێکردنەوەی نەتەوە و گونجاندنی لەگەڵ سەردەمدان، بەڵام لە کاتی ئاساییدا لە ڕاگەیەنەکاندا ڕیتۆریکی نەتەوە و نەتەوەخوازی بەرچاو ناکەوێت. کە دەڵێین لە ڕۆژەڤ کەوتووە، بەو مانایەیە کە بۆ نەتەوە بندەست و داگیرکراوەکان لە ئارادایە، ئەگینا تا ئەم نەزمە وێستفالییە هەبێت و تا نەتەوەکان لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەدا خۆیان ڕێک بخەن و نوێنەرایەتی بکەن، چەمکی نەتەوە و نەتەوایەتی هەروا زیندوو و بەرۆژە.
پرسی نەتەوە بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست کە خاکی داگیر کراوە، لە ڕۆژەڤدایە و
تا ئەو کاتەی پرۆسەی نەتەوەسازیی کورد کامڵ دەبێت و لە دەوڵەت-نەتەوەدا جێگیر دەبێت،
پرسی هەرە گرنگی کورد دەبێت. لەم دیمانەیەدا کە لەگەڵ شاهۆ حوسێنی، نووسەر و توێژەری
فەلسەفە، پێکمان هێناوە، دەپڕژێینە سەر پرسی نەتەوە و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد؛ پەیوەندیی
نێوان گوتار و پڕاکتیکی کورد لەم بیاڤەدا؛ باسی پڕاکتیکی بزووتنەوەی کورد، گرێدراو
لەگەڵ گوتار و هزری نەتەوەیی دەکەین؛ چۆنیەتیی خۆپێناسەکردن و ڕوانین بۆ خۆمان و ئەویتر
و کاریگەرییەکانی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ڕەهەندە پڕاکتیکییەکەیدا لێک دەدەینەوە
و ڕیشەی فکری و گوتاریی کەمایەسییەکانی بزووتنەوەی کورد شرۆڤە دەکەین.

