۱۴۰۴ آبان ۱۹, دوشنبه

دوژمن لەگوێن گەڕانتی بەقا؛ لۆژیکی ئایدۆلۆژیکی دوژمنایەتی و دانووستان لە کۆماری ئیسلامیدا

 

شاهۆ حوسێنی

کارل شمیت لە پەڕتووکی(The Concept of the Political)، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سیاسەت نە لەسەر بنەمای ئەخلاق، ئابووری یان کلتوور بنیاد نراوە، بەڵکە گەوهەری سیاسەت، جیاوازی دانان و سنووربەندی نێوان دۆست و دوژمنە. بەباوەڕی ئەو هەر کۆمەڵگایەک کاتێ سیاسی دەبێت، کە دوژمنی راستەقینەی خۆی بناسێت، ئەو دوژمنەی کە بوونی هەڕەشەیە بۆ یەکگرتووی گشتی. شمیت لە درێژەدا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەبێ دوژمن، سیاسەت لە مانا بۆش دەبێت. ئەم باوەڕەی شمیت، بێ‌گومان بەشێکی بنەڕەتی و توخمێکی ڕادیکاڵی شووناسی ئایدۆلۆژیکی هەموو دەسەڵاتە فۆندامێنتاڵ و ئایدۆلۆژیکەکان و یەک لەوان کۆماری ئیسلامیە. دوژمنایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل بەشێکی گرینگ لە شووناسی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیە و نەقشە رێگای سنووربەندی نێوان دۆستان و دوژمنانێتی. واتە دژبەرانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دۆست و دۆستانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دوژمن پیناسە دەکرێن. بێ‌گومان ئەمە نە هەڵوێستێکی سیاسی ڕووتین کە توخمی بنەڕەتی و بنیادنەری شەرعییەتی کۆماری ئیسلامیە لەناو لایەنگرانیدا لەناوخۆ و لەدەرەوە. ڕێژەی ڕادیکاڵ بوونی ئەم توخمە تا ئەو جێیە کە لەغیابی دوژمن، نیزامی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی بۆش و بەتاڵ دەبێتەوە و ئەمە گەڕانتی بەقای حوکمڕانی کۆماری ئیسلامیە.

بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەوەش دەزانێت کە ئەگەر بەردەوام ئەم دوژمنایەتیە ڕادیکاڵ‌تر و قوڵتر بێتەوە دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و هێرش و بەهەمان شێوە دوامی حوکمڕانی و مانەوەی بخاتە مەترسێوە، هەر بۆیەش دانوستان و موزاکرە لەگەڵ دوژمن ڕەت ناکەتەوە. لەڕاستیدا دانوستان و موزاکەرە بەشیک لە پێکهاتە و سازوکاری دوژمن لە ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی دایە، هەر بۆیەش هیچ‌کات لە گەوهەری خۆیدا دەرگای دانوستانی دانەخستوە(ئەگەر بەڕواڵەتیش ڕەتی کردبێتەوە)، بەم شێوەیە دەشێ بگوترێ کە دانوستان و موزاکەرە لە ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامیدا، نە کەرەسەیەک بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و دژایەتێکان، کە کەرەسەیەکە بۆ مودیرییەتی کێشە و دژایەتێکان. لەلۆژیکی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیدا، ئەمریکا نە دوژمنێک بۆ لەناو بردن، کە دوژمنێکی زەرووری بۆ دەوام و مانەوەیە. ئەم دوژمنایەتیە لەڕاستیدا هەمان شتە کە کارل شمیت وەک شەرتی سیاسی بوون پێناسەی دەکات. لەڕاستیدا پاراستنی دوژمن و دوژمنایەتی لەلایەک و دانوستان و موزاکەرە لە کۆماری ئیسلامیدا، ژانووسی سازوکاری بەقای کۆماری ئیسلامین. واتە ئەگەر بەقا وەک ژانووسێک گریمانە بکرێت، ئەوا ڕوویەکی ناوخۆییە کە لەڕێی توخمی دوژمن بەرهەم‌هێنی یەکگرتوویی، ملکەچی و گوێ‌ڕایەڵی کۆمەڵگایە و ڕوویەکی‌تری دەرەکیە، کە بەردەگرێت بۆ یەکگرتویی کۆمەڵگای جیهانی بۆ دژکردەوە نیشان دان دژ بە کۆماری ئیسلامی. بەم شێوەیە ژانووسی دوژمنایەتی و دانوستان، بەرهەم‌هێنی ژانوسی بەقایە بۆ کۆماری ئیسلامی.

 

 

 



شاهۆ حوسێنی: بەربەستێکی دەروونیی ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی هزری و گوتارییە، نەک بەتەنیا سیاسی

  دیمانە: حەسەن شێخانی ئاماژە : پرسی نەتەوە بۆ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و ناسنامەی نەتەوەییان جێگیر بووە و هیچ مەترس...