(توندوتیژیی پیرۆز و جەستەی ژنانی کورد لە وەهمی هەتککردنی حورمەتدا)
شاهۆ
حوسێنی
لە
ڕەچەڵەکناسیی ئاگاییدا، باوەڕ هەمیشە پەیوەندییەکی دیالۆگی (گتو و بێژی) بووە لە نێوان
«من» و «ئەو»دا؛ ساحەی کرانەوە بە ڕووی ئەوانیتردا (غەیرە) و ئەزموونێکی بوونخوازانە
(اگزیستانسیال) کە تێیدا سوژە، مانای خۆی لە سەرسوڕمان و بێفیزی (خاکەڕایی)دا دەبینێتەوە.
بەڵام لە تێۆ-ئایدۆلۆژیادا، ئێمە ڕووبەڕووی «هەڵگەڕانەوەیەکی مەعریفی» دەبینەوە. لێرەدا،
خودا «ئامانج» نییە، بەڵکوو «دال»ـێکە لە خزمەت مەدلولگەلی دەسەڵاتدا.
لەم
گواستنەوەیەدا، ئایین لە پلەی حیکمەتەوە
بۆ پلەی تەکنیک
دادەبەزێت.
کاتێک ئایین دەبێت بە «تەکنەلۆژیا»، ئیتر بە دوای دۆزینەوەی ڕاستیدا ناگەڕێت، بەڵکوو
بە دوای بەرهەمهێنانی ڕاستییەوەیە. لەم کایەیەدا، ڕاستی شتێک نییە کە دەبێت باوەڕت
پێی هەبێت، بەڵکوو شتێکە کە دەبێت پێی «زاڵ» بێت. تێۆ-ئایدۆلۆژیا، باوەڕ دەکاتە ئەلگۆریتمێکی
سیاسی کە دەرەنجامەکەی، مرۆڤی باڵا نییە، بەڵکوو «سوژەی گوێڕایەڵ» و «دوژمنی شایانی
سڕینەوە»یە.
١. گۆڕینی ئایین لە
«مانا»وە بۆ «تەکنیک»: ئەندازیاریی تۆقاندن
کاتێک
باس لە ئایین وەک تەکنەلۆژیا دەکەین، لەگەڵ کۆمەڵێک «ڕێنمایی پراکتیکی» ڕووبەڕووین
کە ئامانجیان بەڕێوەبردنی تۆقاندنە. لە ناوچە کوردنشینەکاندا، کردەوەی وەحشیانەی بڕینی
زولفی ژنانی کوژراو، کارێکی هەرەمەکی یان تەنها لە ڕووی تووڕەییەوە نییە؛ ئەمە تەکنیکێکی
نیشانەناسانەیە. لەم تەکنەلۆژیایەدا، جەستەی ژنی کورد دەبێت بە «دەق»ێک کە هێزە بناژوێخوازەکان
دەخوازن ئیرادەی خۆیانی لەسەر هەڵکۆڵن. بڕینی قژ، لە نەستی بەکۆمەڵی ناوچەکەدا، هێمای
شکۆ، شەرم و حەیا و لە هەمان کاتدا ماتەمینییەکی حەماسییە. تێۆ-ئایدۆلۆژیا بە دەستکاریکردنی
ئەم هێمایە، دەیکاتە ئامرازێک بۆ «خەساندنی کولتووری»ی کۆمەڵگەیەک. لێرەدا، ئایین
ئیتر ڕێگایەک نییە بەرەو ئاسمان، بەڵکوو ئامرازێکە لە دەستی دەسەڵاتدا بۆ تێکشکاندنی
جەستەیی و دەروونیی بەرخۆدانی نەتەوەیی.
٢. بەکلۆنیکردنی پیرۆزی:
توندوتیژی لە بەرگی پیرۆزیدا
لە
ماشێنی تێۆ-ئایدۆلۆژیادا، چەمکە پیرۆزەکان ڕۆڵی «وزەی پاڵنەر» یان سووتەمەنی دەگێڕن.
کلۆنیالیسم لێرەدا بە مانای بەتاڵکردنەوەی وشەکانە لە باری ئەخلاقی و پڕکردنەوەیانە
بە ڕق و قینی ئایینی و ڕەگەزی. هێزە بناژوێخوازەکان بە بەکارهێنانی وشە پیرۆزەکان،
بە «تاوان» ڕواڵەتی «پیرۆزی» دەبەخشن. ئەم کلۆنیالیسمە مەعریفییە دەبێتە هۆی ئەوەی
کە سەربازی بناژوێخواز، لە کاتی بڕینی زوڵفی تەرمێکدا، نەک تەنها هەست بە تاوان نەکات،
بەڵکوو خۆی لە حاڵەتی ئەنجامدانی «فەریزە»یەکدا ببینێتەوە. دەکرێت ئەم دیاردەیە بە
«توندوتیژیی پیرۆز» ناو بنێین؛ شوێنێک کە شەڕی ڕەها، بەرگی خێری ڕەها لەبەر دەکات
تا هەموو ڕێگایەکی گەڕانەوە و پەشیمانی لەسەر سوژە دابخات. لە ڕاستیدا، باوەڕ لێرەدا
سەردەبڕدرێت تا کۆڵەکەکانی دەسەڵات قایم بن.
٣. سوژەی ئایدۆلۆژیک و وەهمی
هەتککردنی حورمەت
جیاوازیی
بنەڕەتی لە نێوان «بڕوادار» و «سوژەی ئایدۆلۆژیک»دا لە مەسەلەی بکەرێتی (عاملیەت)
و نیگا بۆ «ئەویتر»دایە.
بڕوادار:
هەمیشە لەگەڵ ویژدانی خۆیدا لە ململانێدایە و «ئەویتر» (تەنانەت دوژمنیش) لای ئەو
خاوەنی کەرامەتی ئیلاهییە.
سوژەی
ئایدۆلۆژیک: پارچەیەکە لە ماشێنی ئایدۆلۆژیکە. ئەو بە جۆرێک بەرنامەڕێژی کراوە کە
«ئەویتر» نەک وەک مرۆڤێک، بەڵکوو وەک «ماتریالێکی بێگیان» ببینێت کە دەبێت پاکبکرێتەوە
یان سووک و ڕسوا بکرێت.
ناونیشانی
«وەهمی هەتککردنی حورمەت» نیشاندەری شکستێکی مەعریفییە بۆ بناژوێخوازی. ئەوان لەو
باوەڕەدان کە بە زیانگەیاندن بە فیزیکی جەستە و بڕینی زولفەکان، دەتوانن «حورمەت»ی
سوژە زەوت بکەن. بەڵام حورمەت و کەرامەتی مرۆڤ، بابەتێکی باڵایە (ئیستیعلایییە) کە
بە ئامرازی فیزیکی (تەکنەلۆژیای تیغ و رق) دەست پێی ناگات. ئەوەی دەبڕدرێت ماتریالێکە،
بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە (ئەفسانەی بەرخۆدان)ە، کە لە دەستپێڕاگەیشتنی تەکنەلۆژیای
دەسەڵات بەدوورە. لە ڕاستیدا، ئەوە کوژراو نییە، بەڵکوو بکوژە کە بەم کارە، کایەی
مرۆیی خۆی بۆ هەتاهەتایە وێران دەکات.
وتەی کۆتایی
تێۆ-ئایدۆلۆژیا،
بە گۆڕینی باوەڕ بۆ تەکنەلۆژیای چەوساندنەوە، گەورەترین گورزی لە کایەی پیرۆزی وەشاندووە.
ڕووداوی بڕینی زولفی ژنان لە ڕۆژئاوا، تەنیا تاوانێکی مەیدانی شەڕ نییە، بەڵکوو بەرجەستەبوونی
عەینیی داکەوتنی ئەخلاقە لە بەرژەوەندیی تەکنەلۆژیای دەسەڵاتدا. لەگەڵ ئەوەشدا، مێژوو
سەلماندوویەتی کاتێک جەستە دەبێتە مەیدانی شەڕ، بەرخۆدانیش هەر لەو خاڵەوە چرۆ دەکات.
مووە بڕاوەکان، لە جیاتی ئەوەی نیشانەی زەلیلی بن، لە یادەوەریی بەکۆمەڵدا دەبنە
ئاڵایەک بۆ شيڕ دژی «تاریکئەندێشیی ئامرازی». ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی تێۆ-ئایدۆلۆژیا،
تەنها لە مەیدانی شەڕدا نییە، بەڵکوو لە وەرگرتنەوەی مانای «کەرامەتی مرۆڤ»ـە لە
چنگ ئەم تەکنەلۆژیا وێرانکەرە.



