۱۴۰۴ مهر ۳, پنجشنبه

لە قەیرانی حکوومەتەوە بەرەوە قەیرانی شووناس؛ داڕمانی شەرعییەتی "ئێران" لە "کوردستان"

 








شاهۆ حوسێنی

لەسەرەتای هەر قەیرانێکی سیاسیدا، یەکەم دیاردەیەک کە تووشی داڕمان دەبێت، شەرعییەتە. شەرعییەت ئەم تاڵە نادیارەیە کە پردی نێوان دەسەڵات و وەرگیرانی گشتی و کۆمەڵایەتیە، تاڵێک کە چما بپسێت، ئەمەی دەمێنێتەوە تووندوتیژێکی ڕووتە. نیزامە سیاسێکان ڕەنگە بتوانن چەند دەیە لەڕێی زۆر و هەڕەشە و تووندوتیژێەوە دەوام بێنن، بەڵام ئەوەی دەسەڵاتێکی سیاسی لە ڕوانگەی کۆمەڵگادا شیاو دەکات، فۆڕمێک ڕێکەوتنی نەنووسراوە لەناو چوارچێوە ژیانی هاوبەشی گشتیە.

ئێران(مەبەست نە ئێرانی ژێئۆپۆلەتیکی و نە حکوومەتی ئێران، بەڵکە مەبەست ئێرانی ئایدۆلۆژیک، زەینی و مەعریفی) لەسەرەتای دەرکەوتنێوە، شەرعییەتی خۆی نەلەسەر ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی مۆدێڕن، کە لەسەر بنەمای دوو ڕوانگەی فاشیستی: پان ئیرانیسم و تەفسیرێکی تایبەت و بناژوێخوازانە لە شەریعەت بنیادناوە. بەڵام هەڵچنراوی قەیرانەکانی پێکهاتەیی، سیاسی، ئابووری، کلتووری و کۆمەڵایەتی، بەربەرەکانی درێژخایەن و دژایەتی بەردەوامی لە کوردستان لێکەوتۆتەوە، کە دوایین  خەبات، شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی بوو.

شرۆڤەی قەیران، کێشە و تێکهەڵچوونەکانی ناو ئێران، لەلایەن بەشێکی زۆر لە شرۆڤەکارانەوە، بەداخەوە بەردەوام ئاستێکی دابەزیو و موبتەزەلی بەخۆیەوە گرتوە، واتە خەبات و تێکهەڵچوونێکی ئۆبژەکتیڤ، ڕووبەڕوو بوونە لەگەڵ حکوومەتی پەهلەوی یان کۆماری ئیسلامی و نە لزوومەن لەگەڵ دیاردە سوبژەکتیڤەکانی بەرهەم‌هێنی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی. لەم چەند ساڵەی دواییدا بەتایبەتی لەناوخۆی ڕۆژهەڵات ئاڕاستەی خەبات و بەربەرەکانی ئیتر لە ئاستی حاکمییەت و حکوومەت تێپۆەڕێوە، بانتر و گەیوەتە ئاستی "شووناسی بەناو نەتەوەیی" و فۆڕماسیون و پێکهاتەی گشتی بەناو "دەوڵەت-میللەت" لەئێراندا. لە کوردستان ئیتر ئەمەی ڕۆژەڤە، نە ناکارامەیی یان دیکتاتۆڕی کۆماری ئیسلامی کە کلۆنیالیزمی ئێرانیە، ئێران لەگوێن ئایدۆلۆژێکی هێژمۆن و پاوانخواز، کە پێشگر وسڕێنەری سوژە بوونی کورد و کوردستانە. ئەم تێپەڕینە لە قەیرانی حکوومەت بەرەو قەیرانی شووناس، چرکەساتێکی فەلسەفیە کە شیاوی لێ‌وردبوونەوەیە.

بێ‌گومان ئیران لەگوێن دەسەڵاتێکی سیاسی، فۆڕم و پێکهاتەیەکی حکوومی لەسەر بنەمای بڕیارێکی تاک‌لایەنەی ناوەندخواز بەرهەم هاتوە، بڕێارێک کە لەودا ناوەندێک(فارس) و پەراوێزگەلێک وەک کورد نەتەنیا شیاوی وتوووێژ و دیالۆگ نەبوە کە بەکەرەسەکانی سەرکووت، سڕینەوە و کلۆنیالیسمی کلتووری حەولی تەبعیدکردنی دراوە بەناو شووناسێکی ناکوردانە.

 

ئاوابوونی چەمکی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی

پێکهاتەی دەوڵەت لەئێران بەردەوام لەسەر ئەساسی ناوەندخوازێتی، تاک ئیتنیکی و تاک زمانی بنیادنراوە، لەم پێکهاتەیەدا کوردەکان نەتەنیا هیچ بەشدارێکیان نیە، بگرە حەتتا بوونیان لە ژێر هەڕەشەدایە و وەک هەڕەشە دەبیندرێت. سەرکووتی نەتەوەیی، کلتووری و زمانی ڕەوت گەلێک بوون کە کوردەکانی ڕووبەرووی پێکهاتەی ئێرانی کردۆتەوە.

نەتەوەخوازی کوردی لە ئێران ئەمرۆکە ئیتر دژکردەوەیەکی سیاسی و خواستێکی بەشخوازانە بۆ بەشداری لەدەسەڵات،حوکمڕانی و بەڕێوبەڕیدا نیە، بەڵکە پرۆسەیەکی زەینی و هزریە، ڕەوتێکی ڕادیکاڵ کە حەول دەدات لەهەناوی حافزەی برینداری خۆی‌ڕا، فۆڕمێکی نوێ و سەربەخۆیانەی ئاگایی نەتەوەیی لەرێی سڕینەوەی شووناسی داسەپاو، سەرکووتی سیاستماتیک و ڕاونراو لە جیهانی ئەندێشە و فەلسەفەدا بنیادبنێتەوە و بگرە بانتر لەمانەش لەفکری بنیادنانەوەی ئانتۆلۆژیکی کوردبوون لە دەرەوەی چوارچێوەی دیسکۆرسی ناوەندخوازی ئێرانی‌دایە.

کوردەکان بانتر لە دیمۆکراسیخوازی لەئێران و فێدرالیزمخوازی لەناو پێکهاتەی شووناسی و بوونی ئێراندا، حەولی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن لە دەرەوەی جیهانی زەینی و مانایی ئێراندا، بەهۆی ئەوەکە ئێران زۆر زیاتر لەوەکە بۆکوردەکان مانابەخش و شووناس‌ساز بێت، دیاری هێنی برین، زام و سەرکووتە.

لەڕاستیدا کوردەکان لەسەر بنەمای ئەزموونی ژیاوی کۆمەڵایەتی،کلتووری و زەینی خۆیانەوە، ئەزموونی سیاسی دادەڕێژنەوە و لەم ڕەوتەدا کورد‌بوون نە دۆخێکی سیاسی کە دۆخێکی وجوودی و ئانتۆلۆژیکە.

لەم سۆنگەیەوە ئیتر مەسەلە خواستی بەشداری لەناو چوارچێوەی پڕۆژەی ئێراندا نیە، بەڵکە مەسەلە ئەمەیە: کە ئیتر پڕۆژەی ئێران وەک چوارچێوە، توانایی وەرگرتن و دانپێدانانی ئەوی‌تری غەیرە فارسی تیا نیە. بۆیە ئەمەی ئێستاکە لەگەڵی ڕووبەڕووین تێپەڕین نەک لە حکوومەت و نیزامی کۆماری ئیسلامی کە تێپەڕین لە جیهانی ئێرانیە. کوردبوون و کوردیەتی ئەمرۆکە لەکوردستان حەولێکە بۆ دەرخستنەوەی سوژەبوونی کورد و زیندووکردنەوەی نەزمێکی ئەخلاقیە کە لەودا سوژەی کوردی دەسکردی کەس نیە و سەربەخۆ و خۆبنیادنەرە.

 


۱۴۰۴ مهر ۱, سه‌شنبه

زمان ماڵی بوون و خانەخوێی نەتەوە

 








(پڕۆژەی زمانی نەتەوەیی و کلۆنیالیسمی ئیرانی(

شاهۆ حوسێنی

لەبەشێکی بەربڵاوی مێژووی هزر و ئەندێشەدا، زمان لەگوێن کەرەسەی پێوەندی پێناسە کراوە، واتە دابەزێندراوەتە پلەی کەرەسە، کەرەسەیەک لەخزمەت سیاست، کلتوور، زانست و پردێکی پێوەندی بۆ گەیاندنی مەبەست، بەڵام ئاخۆ دەشێ زمان تەنیا لەگوێن کەرەسە پێناسە بکرێت، بەبێ ئەوەیکە هەستی و بوون پەراوێز نەخرابن؟ ئاخۆ ڕاست‌تر نیە ئەگەر بگوترێ زمان بەر لەوەکە کەرەسەیک بۆ پەیڤ بێت، بەستێنێکە بۆ بوون؟

مارتین هایدگر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە : زمان ماڵی بوونە. ئەمە ڕوانینێکی نوێیە بۆ سەر زمان نە لە دەلاقەی کۆمەڵناسی، سیاسەت یان ئایدۆلۆژی‌ڕا، کە ڕوانینێکی ئانتۆلۆژیکە، لەم ڕوانگەیەدا زمان نە کەرەسەی شووناس کە بنەمای بوون و هەستیە. بۆیەش دەکرێ پرسیار بکرێت: کاتێ زمان دەمرێ، دەقیقەن چی لەناو دەچێت؟ یان کاتێ پێش بەدەرکەوتنی زمان دەگیرێت، دەقیقەن پێش‌بە دەرکەوتنی چی دەگیرێت؟

چما ئەم ڕەستەیەی هایدگر بکەینە بنەما کە: زمان ماڵ و مەکۆی بوونە، ئەوا دەشێ بگوترێ کە نەتەوە نیشتەجێی زمانە و زمانیش خانەخوێی نەتەوەیە، ئەم ڕوانگەیە ڕێک دژ بە ڕوانگەی کەرەسە تەوەرەیە لەمەر زمان، بەجۆرێ کە زمان نەک وەک کەرەسەی پێوەندی نێوان مرۆڤەکان، کە سەرچاوەی سوژەکانە و مەکۆی دەرکەوتنی بوونە.

-      زمان لەگوێن مەکۆی دەرکەوتنی بوون

لە ئەندێشە هایدگردا، زمان بەر لەوەکە کەرەسە بێت، مەکۆی دەرکەوتنە، واتە بوون بەهۆی زمانەوە خۆی دەردەخات. بەجۆرێ کە نەتەنیا بە زمان لەمەر تەنەکان و دەرکەوتەکان دەدوێن، کە تەنەکان و دەرکەوتەکان لەئاسۆی زماندا دەردەکەون و لە زماندا خۆیان دەنوێنن. کەوابێ دەشێ بگوترێ کە زمان بەستێنی دەرکەوتنە، مەکۆیەک کە تەنەکان لە شاراوەیی بەرەو حزوور هەنگاو دەنێنن. لەم ڕوانگەیەدا زمان نوورێکە کە بەبێ ئەو، هیچ شتێک نابیندرێت و بنیراو نابێت.

ئەمە سنووردار لە ئانتۆلۆژی تاکدا نیە، بەڵکە لەئاستی کۆمەڵ و کۆشدا ڕاستە. نەتەوە، ئەو کاتە نەتەوەیە کە دیاردەگەلێک لە ئاسۆی زمانی خۆیدا ببینێت، مانایان بکاتەوە و ناویان لێبنێت. هەر زمانێک، جیهان بەشێوەیەکی تایبەتی خۆی دەردەخات و هەر نەتەوەیەکش جیهان لە هەناوی زمانی خۆی‌ڕا ئەزموون دەکات.

-      زمان مەکۆی ڕووداو و شاردنەوەی حەقیقەت

زمان تەنیا مەکۆی دەرخستنی حەقیقەت نیە، بەڵکە مەکۆی شاردنەوە و حاشاردانی حەقیقەتیشە، واتە هەر بەم جۆرەی دەرکەوتن لەزماندا ڕوودەدا، شاردنەوە، حاشاردانیش لەزماندا ڕوودەدا. واتە کاتێ زمانێک وەک زمانی نەتەوەیی دەردەکەوێت، دەبێتە مەکۆ و بەستێنی دەرکەوتنی بوون و هەستیەکی نەتەوەیی، بەڵام لە وڵاتە فرەنەتەوەکان و یەک لەوان ئێران، زمانی نەتەوەیی لەگەڵ ئەوەدا مەکۆی دەرکەوتنی بوون و هێژمۆنی بوونی فارسە، بەڵام مەکۆی حاشاردان و شاردنەوەی مەجالەکانی دەرکەوتن و بوونی نەتەوەکانی تر و یەک لەوان کوردە. لەوەها دۆخێکدا نەتەوەیەک( بۆوینە فارسەکان) لەماڵدا دەژین و نەتەوەیەک(بۆ وێنە کورد) لە تەبعیددا دەژیت.

-      تەبعیدی زمانی؛ لێک‌بڵاوکردنی بوونی نەتەوە

بێ‌گومان سەرکووتی زمان، بەتەنیا سەرکووتی پێوەندی نیە، بەڵکە سەرکووتی مەجال و بەستێنی بوونە. کاتێک زمان ، لەساحەی گشتی، ڕاهێنان و بارهێنان و کلتووردا دەسڕدرێتەوە، بەتەنیا نەتەوەیەک لەمافی پەیڤ بێ‌بەش نەکراوە، بەڵکە لەمافی بوون بێ‌بەش کراوە.

بێ‌گومان مرۆڤ پارێزەری بوونە و ئەم پارێزەریەش تەنیا لەڕێی زمانەوە مسۆگەر دەبێت، سڕینەوەی زمان لەڕاستیدا پساندنی پێوەندی مرۆڤ لەگەڵ بوونە. لەئاستی نەتوەدا، سڕینەوەی زمان بەمانای پساندنی پێوەندی کۆمەڵ و کۆیەک لەگەڵ شێوازێکی سەربەخۆیانەی دیتن، هەست‌کردن و بوونە.

-      گەڕانەوە بۆ زمان؛ گەڕانەوە بۆ مەجالی بوون

بووژانەوەی زمان، نەک پڕۆژەیەکی کلتووری، کە پرۆسەیەکی ئانتۆلۆژیکە، هەر بەم جۆرەی گەڕانەوە بۆ زمان، گەڕانەوەی ڕواڵەتی بۆ نەریت و بەتەنیا نۆستالۆژی وشەکان نیە، بەڵکە "گەڕانەوە بۆ ژیان و ئاسۆی حەقیقەتی خۆیانەیە". کاتێ نەتەوەیەک زمانی خۆی سەرلەنوێ دەدۆزێتەوە، لەڕاستیدا "خۆی" سەرلەنوێ دەدۆزێتەوە.

لەزمانی دایکیدا، مرۆڤ تەنیا نادوێت و قسە ناکات، بەڵکە لەویدا نیشتەجێیە، لەودا هزر و ئەندێشە بەرهەم دێنێت و مانا دەخوڵقێنێت، بۆیەش گەڕانەوە بۆ زمانی دایک، گەڕانەوە بۆ خۆدێتی و خۆبوونە، واتە  نەک لەگوێن خودێتێکی بێ‌کات و شوێن، کە خودێتێکی زیندووی خاوەن کات و شوێن.

-      کۆتا وتە

بێ‌گومان ئەوەی وەک پڕۆژەی زمانی نەتەوەیی لەئێراندا داهێندراوە، تەنیا سیاسەت‌دانانێکی زمانی نیە، بەڵکە دەستێوەردانە لە ئاسۆی بوونی گەڵان و بوونەکانی‌تر و یەک لەوان کورد. سەپاندنی زمان، بە قیمەتی سڕینەوەی زمانەکانی‌تر، تەنیا یەکدەست‌کردنی پێوەندی نیە، بەڵکە یەک‌دەست کردنی بوون و سڕینەوەی ئازادی و سەربەخۆیی بوونە.

لەوەها ڕەوتێکدا، زمان کەرەسەیەکی ئایدۆلۆژیکە، کەرەسەیک نەک بۆ دیالۆگ و پێوەندی و خوڵقاندنی بوون، کە بۆ سڕینەوە و حاشاردانی بوون و پێش‌گرتن بە دەرکەوتنی ئاسۆ‌گەلێکی‌تری بوون. ڕێک ئا لێرەش‌ڕایە کە سڕینەوەی زمانی کوردی، تەنیا سڕینەوەی وشە و پچڕاندنی پێوەندی نیە، بەڵکە سڕینەوەی سوژەی کوردی، بوونی کوردی و سەربەخۆیی کوردیە بۆ دەرکەوتن، چوونکە کاتێ زمان خامۆش دەکرێت، ئەوەی لەو زمانەدا دەژیاش دەکووژێتەوە، دەخرێتە پەراوێزەوە و تەبعید دەکرێت لە بوونێکی‌تردا.

هەر بۆیەش پڕۆژەی زمانی نەتەوەیی لەئێران، ڕەوتێکی ئایدۆلۆژیکە و بەشێکە لە سیاسەتی ئایدۆلۆژیکی پاکاوتەکردنی بوونەکانی‌تر لەخزمەت هێژمۆنیی بوون و یەکدەست‌کردنی بوون لە خزمەت پەرەی بوونی فارسە.

 


لەم گتووبێژەدا تیشکم خستۆتە سەر ئەم خاڵانە

  1-                    کۆماری ئیسلامی بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆز، پێویستی بە سێ توانایی هەیە. یەکەم توانایی مووشەکی بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتێکان...