۱۴۰۴ مهر ۱, سه‌شنبه

زمان ماڵی بوون و خانەخوێی نەتەوە

 








(پڕۆژەی زمانی نەتەوەیی و کلۆنیالیسمی ئیرانی(

شاهۆ حوسێنی

لەبەشێکی بەربڵاوی مێژووی هزر و ئەندێشەدا، زمان لەگوێن کەرەسەی پێوەندی پێناسە کراوە، واتە دابەزێندراوەتە پلەی کەرەسە، کەرەسەیەک لەخزمەت سیاست، کلتوور، زانست و پردێکی پێوەندی بۆ گەیاندنی مەبەست، بەڵام ئاخۆ دەشێ زمان تەنیا لەگوێن کەرەسە پێناسە بکرێت، بەبێ ئەوەیکە هەستی و بوون پەراوێز نەخرابن؟ ئاخۆ ڕاست‌تر نیە ئەگەر بگوترێ زمان بەر لەوەکە کەرەسەیک بۆ پەیڤ بێت، بەستێنێکە بۆ بوون؟

مارتین هایدگر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە : زمان ماڵی بوونە. ئەمە ڕوانینێکی نوێیە بۆ سەر زمان نە لە دەلاقەی کۆمەڵناسی، سیاسەت یان ئایدۆلۆژی‌ڕا، کە ڕوانینێکی ئانتۆلۆژیکە، لەم ڕوانگەیەدا زمان نە کەرەسەی شووناس کە بنەمای بوون و هەستیە. بۆیەش دەکرێ پرسیار بکرێت: کاتێ زمان دەمرێ، دەقیقەن چی لەناو دەچێت؟ یان کاتێ پێش بەدەرکەوتنی زمان دەگیرێت، دەقیقەن پێش‌بە دەرکەوتنی چی دەگیرێت؟

چما ئەم ڕەستەیەی هایدگر بکەینە بنەما کە: زمان ماڵ و مەکۆی بوونە، ئەوا دەشێ بگوترێ کە نەتەوە نیشتەجێی زمانە و زمانیش خانەخوێی نەتەوەیە، ئەم ڕوانگەیە ڕێک دژ بە ڕوانگەی کەرەسە تەوەرەیە لەمەر زمان، بەجۆرێ کە زمان نەک وەک کەرەسەی پێوەندی نێوان مرۆڤەکان، کە سەرچاوەی سوژەکانە و مەکۆی دەرکەوتنی بوونە.

-      زمان لەگوێن مەکۆی دەرکەوتنی بوون

لە ئەندێشە هایدگردا، زمان بەر لەوەکە کەرەسە بێت، مەکۆی دەرکەوتنە، واتە بوون بەهۆی زمانەوە خۆی دەردەخات. بەجۆرێ کە نەتەنیا بە زمان لەمەر تەنەکان و دەرکەوتەکان دەدوێن، کە تەنەکان و دەرکەوتەکان لەئاسۆی زماندا دەردەکەون و لە زماندا خۆیان دەنوێنن. کەوابێ دەشێ بگوترێ کە زمان بەستێنی دەرکەوتنە، مەکۆیەک کە تەنەکان لە شاراوەیی بەرەو حزوور هەنگاو دەنێنن. لەم ڕوانگەیەدا زمان نوورێکە کە بەبێ ئەو، هیچ شتێک نابیندرێت و بنیراو نابێت.

ئەمە سنووردار لە ئانتۆلۆژی تاکدا نیە، بەڵکە لەئاستی کۆمەڵ و کۆشدا ڕاستە. نەتەوە، ئەو کاتە نەتەوەیە کە دیاردەگەلێک لە ئاسۆی زمانی خۆیدا ببینێت، مانایان بکاتەوە و ناویان لێبنێت. هەر زمانێک، جیهان بەشێوەیەکی تایبەتی خۆی دەردەخات و هەر نەتەوەیەکش جیهان لە هەناوی زمانی خۆی‌ڕا ئەزموون دەکات.

-      زمان مەکۆی ڕووداو و شاردنەوەی حەقیقەت

زمان تەنیا مەکۆی دەرخستنی حەقیقەت نیە، بەڵکە مەکۆی شاردنەوە و حاشاردانی حەقیقەتیشە، واتە هەر بەم جۆرەی دەرکەوتن لەزماندا ڕوودەدا، شاردنەوە، حاشاردانیش لەزماندا ڕوودەدا. واتە کاتێ زمانێک وەک زمانی نەتەوەیی دەردەکەوێت، دەبێتە مەکۆ و بەستێنی دەرکەوتنی بوون و هەستیەکی نەتەوەیی، بەڵام لە وڵاتە فرەنەتەوەکان و یەک لەوان ئێران، زمانی نەتەوەیی لەگەڵ ئەوەدا مەکۆی دەرکەوتنی بوون و هێژمۆنی بوونی فارسە، بەڵام مەکۆی حاشاردان و شاردنەوەی مەجالەکانی دەرکەوتن و بوونی نەتەوەکانی تر و یەک لەوان کوردە. لەوەها دۆخێکدا نەتەوەیەک( بۆوینە فارسەکان) لەماڵدا دەژین و نەتەوەیەک(بۆ وێنە کورد) لە تەبعیددا دەژیت.

-      تەبعیدی زمانی؛ لێک‌بڵاوکردنی بوونی نەتەوە

بێ‌گومان سەرکووتی زمان، بەتەنیا سەرکووتی پێوەندی نیە، بەڵکە سەرکووتی مەجال و بەستێنی بوونە. کاتێک زمان ، لەساحەی گشتی، ڕاهێنان و بارهێنان و کلتووردا دەسڕدرێتەوە، بەتەنیا نەتەوەیەک لەمافی پەیڤ بێ‌بەش نەکراوە، بەڵکە لەمافی بوون بێ‌بەش کراوە.

بێ‌گومان مرۆڤ پارێزەری بوونە و ئەم پارێزەریەش تەنیا لەڕێی زمانەوە مسۆگەر دەبێت، سڕینەوەی زمان لەڕاستیدا پساندنی پێوەندی مرۆڤ لەگەڵ بوونە. لەئاستی نەتوەدا، سڕینەوەی زمان بەمانای پساندنی پێوەندی کۆمەڵ و کۆیەک لەگەڵ شێوازێکی سەربەخۆیانەی دیتن، هەست‌کردن و بوونە.

-      گەڕانەوە بۆ زمان؛ گەڕانەوە بۆ مەجالی بوون

بووژانەوەی زمان، نەک پڕۆژەیەکی کلتووری، کە پرۆسەیەکی ئانتۆلۆژیکە، هەر بەم جۆرەی گەڕانەوە بۆ زمان، گەڕانەوەی ڕواڵەتی بۆ نەریت و بەتەنیا نۆستالۆژی وشەکان نیە، بەڵکە "گەڕانەوە بۆ ژیان و ئاسۆی حەقیقەتی خۆیانەیە". کاتێ نەتەوەیەک زمانی خۆی سەرلەنوێ دەدۆزێتەوە، لەڕاستیدا "خۆی" سەرلەنوێ دەدۆزێتەوە.

لەزمانی دایکیدا، مرۆڤ تەنیا نادوێت و قسە ناکات، بەڵکە لەویدا نیشتەجێیە، لەودا هزر و ئەندێشە بەرهەم دێنێت و مانا دەخوڵقێنێت، بۆیەش گەڕانەوە بۆ زمانی دایک، گەڕانەوە بۆ خۆدێتی و خۆبوونە، واتە  نەک لەگوێن خودێتێکی بێ‌کات و شوێن، کە خودێتێکی زیندووی خاوەن کات و شوێن.

-      کۆتا وتە

بێ‌گومان ئەوەی وەک پڕۆژەی زمانی نەتەوەیی لەئێراندا داهێندراوە، تەنیا سیاسەت‌دانانێکی زمانی نیە، بەڵکە دەستێوەردانە لە ئاسۆی بوونی گەڵان و بوونەکانی‌تر و یەک لەوان کورد. سەپاندنی زمان، بە قیمەتی سڕینەوەی زمانەکانی‌تر، تەنیا یەکدەست‌کردنی پێوەندی نیە، بەڵکە یەک‌دەست کردنی بوون و سڕینەوەی ئازادی و سەربەخۆیی بوونە.

لەوەها ڕەوتێکدا، زمان کەرەسەیەکی ئایدۆلۆژیکە، کەرەسەیک نەک بۆ دیالۆگ و پێوەندی و خوڵقاندنی بوون، کە بۆ سڕینەوە و حاشاردانی بوون و پێش‌گرتن بە دەرکەوتنی ئاسۆ‌گەلێکی‌تری بوون. ڕێک ئا لێرەش‌ڕایە کە سڕینەوەی زمانی کوردی، تەنیا سڕینەوەی وشە و پچڕاندنی پێوەندی نیە، بەڵکە سڕینەوەی سوژەی کوردی، بوونی کوردی و سەربەخۆیی کوردیە بۆ دەرکەوتن، چوونکە کاتێ زمان خامۆش دەکرێت، ئەوەی لەو زمانەدا دەژیاش دەکووژێتەوە، دەخرێتە پەراوێزەوە و تەبعید دەکرێت لە بوونێکی‌تردا.

هەر بۆیەش پڕۆژەی زمانی نەتەوەیی لەئێران، ڕەوتێکی ئایدۆلۆژیکە و بەشێکە لە سیاسەتی ئایدۆلۆژیکی پاکاوتەکردنی بوونەکانی‌تر لەخزمەت هێژمۆنیی بوون و یەکدەست‌کردنی بوون لە خزمەت پەرەی بوونی فارسە.

 


شاهۆ حوسێنی: بەربەستێکی دەروونیی ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی هزری و گوتارییە، نەک بەتەنیا سیاسی

  دیمانە: حەسەن شێخانی ئاماژە : پرسی نەتەوە بۆ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و ناسنامەی نەتەوەییان جێگیر بووە و هیچ مەترس...