شاهۆ حوسێنی
لەسەرەتای هەر قەیرانێکی سیاسیدا، یەکەم دیاردەیەک کە
تووشی داڕمان دەبێت، شەرعییەتە. شەرعییەت ئەم تاڵە نادیارەیە کە پردی نێوان
دەسەڵات و وەرگیرانی گشتی و کۆمەڵایەتیە، تاڵێک کە چما بپسێت، ئەمەی دەمێنێتەوە
تووندوتیژێکی ڕووتە. نیزامە سیاسێکان ڕەنگە بتوانن چەند دەیە لەڕێی زۆر و هەڕەشە و
تووندوتیژێەوە دەوام بێنن، بەڵام ئەوەی دەسەڵاتێکی سیاسی لە ڕوانگەی کۆمەڵگادا
شیاو دەکات، فۆڕمێک ڕێکەوتنی نەنووسراوە لەناو چوارچێوە ژیانی هاوبەشی گشتیە.
ئێران(مەبەست نە ئێرانی ژێئۆپۆلەتیکی و نە حکوومەتی
ئێران، بەڵکە مەبەست ئێرانی ئایدۆلۆژیک، زەینی و مەعریفی) لەسەرەتای دەرکەوتنێوە،
شەرعییەتی خۆی نەلەسەر ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی مۆدێڕن، کە لەسەر بنەمای دوو ڕوانگەی
فاشیستی: پان ئیرانیسم و تەفسیرێکی تایبەت و بناژوێخوازانە لە شەریعەت بنیادناوە.
بەڵام هەڵچنراوی قەیرانەکانی پێکهاتەیی، سیاسی، ئابووری، کلتووری و کۆمەڵایەتی،
بەربەرەکانی درێژخایەن و دژایەتی بەردەوامی لە کوردستان لێکەوتۆتەوە، کە
دوایین خەبات، شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی بوو.
شرۆڤەی قەیران، کێشە و تێکهەڵچوونەکانی ناو ئێران،
لەلایەن بەشێکی زۆر لە شرۆڤەکارانەوە، بەداخەوە بەردەوام ئاستێکی دابەزیو و
موبتەزەلی بەخۆیەوە گرتوە، واتە خەبات و تێکهەڵچوونێکی ئۆبژەکتیڤ، ڕووبەڕوو بوونە
لەگەڵ حکوومەتی پەهلەوی یان کۆماری ئیسلامی و نە لزوومەن لەگەڵ دیاردە
سوبژەکتیڤەکانی بەرهەمهێنی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی. لەم چەند ساڵەی دواییدا
بەتایبەتی لەناوخۆی ڕۆژهەڵات ئاڕاستەی خەبات و بەربەرەکانی ئیتر لە ئاستی حاکمییەت
و حکوومەت تێپۆەڕێوە، بانتر و گەیوەتە ئاستی "شووناسی بەناو نەتەوەیی" و
فۆڕماسیون و پێکهاتەی گشتی بەناو "دەوڵەت-میللەت" لەئێراندا. لە
کوردستان ئیتر ئەمەی ڕۆژەڤە، نە ناکارامەیی یان دیکتاتۆڕی کۆماری ئیسلامی کە
کلۆنیالیزمی ئێرانیە، ئێران لەگوێن ئایدۆلۆژێکی هێژمۆن و پاوانخواز، کە پێشگر وسڕێنەری
سوژە بوونی کورد و کوردستانە. ئەم تێپەڕینە لە قەیرانی حکوومەت بەرەو قەیرانی
شووناس، چرکەساتێکی فەلسەفیە کە شیاوی لێوردبوونەوەیە.
بێگومان ئیران لەگوێن دەسەڵاتێکی سیاسی، فۆڕم و
پێکهاتەیەکی حکوومی لەسەر بنەمای بڕیارێکی تاکلایەنەی ناوەندخواز بەرهەم هاتوە،
بڕێارێک کە لەودا ناوەندێک(فارس) و پەراوێزگەلێک وەک کورد نەتەنیا شیاوی وتوووێژ و
دیالۆگ نەبوە کە بەکەرەسەکانی سەرکووت، سڕینەوە و کلۆنیالیسمی کلتووری حەولی
تەبعیدکردنی دراوە بەناو شووناسێکی ناکوردانە.
ئاوابوونی چەمکی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی
پێکهاتەی دەوڵەت لەئێران بەردەوام لەسەر ئەساسی
ناوەندخوازێتی، تاک ئیتنیکی و تاک زمانی بنیادنراوە، لەم پێکهاتەیەدا کوردەکان
نەتەنیا هیچ بەشدارێکیان نیە، بگرە حەتتا بوونیان لە ژێر هەڕەشەدایە و وەک هەڕەشە
دەبیندرێت. سەرکووتی نەتەوەیی، کلتووری و زمانی ڕەوت گەلێک بوون کە کوردەکانی
ڕووبەرووی پێکهاتەی ئێرانی کردۆتەوە.
نەتەوەخوازی کوردی لە ئێران ئەمرۆکە ئیتر دژکردەوەیەکی
سیاسی و خواستێکی بەشخوازانە بۆ بەشداری لەدەسەڵات،حوکمڕانی و بەڕێوبەڕیدا نیە،
بەڵکە پرۆسەیەکی زەینی و هزریە، ڕەوتێکی ڕادیکاڵ کە حەول دەدات لەهەناوی حافزەی
برینداری خۆیڕا، فۆڕمێکی نوێ و سەربەخۆیانەی ئاگایی نەتەوەیی لەرێی سڕینەوەی
شووناسی داسەپاو، سەرکووتی سیاستماتیک و ڕاونراو لە جیهانی ئەندێشە و فەلسەفەدا
بنیادبنێتەوە و بگرە بانتر لەمانەش لەفکری بنیادنانەوەی ئانتۆلۆژیکی کوردبوون لە
دەرەوەی چوارچێوەی دیسکۆرسی ناوەندخوازی ئێرانیدایە.
کوردەکان بانتر لە دیمۆکراسیخوازی لەئێران و
فێدرالیزمخوازی لەناو پێکهاتەی شووناسی و بوونی ئێراندا، حەولی دیاریکردنی
چارەنووسی خۆیانن لە دەرەوەی جیهانی زەینی و مانایی ئێراندا، بەهۆی ئەوەکە ئێران
زۆر زیاتر لەوەکە بۆکوردەکان مانابەخش و شووناسساز بێت، دیاری هێنی برین، زام و
سەرکووتە.
لەڕاستیدا کوردەکان لەسەر بنەمای ئەزموونی ژیاوی
کۆمەڵایەتی،کلتووری و زەینی خۆیانەوە، ئەزموونی سیاسی دادەڕێژنەوە و لەم ڕەوتەدا
کوردبوون نە دۆخێکی سیاسی کە دۆخێکی وجوودی و ئانتۆلۆژیکە.
لەم سۆنگەیەوە ئیتر مەسەلە خواستی بەشداری لەناو
چوارچێوەی پڕۆژەی ئێراندا نیە، بەڵکە مەسەلە ئەمەیە: کە ئیتر پڕۆژەی ئێران وەک
چوارچێوە، توانایی وەرگرتن و دانپێدانانی ئەویتری غەیرە فارسی تیا نیە. بۆیە
ئەمەی ئێستاکە لەگەڵی ڕووبەڕووین تێپەڕین نەک لە حکوومەت و نیزامی کۆماری ئیسلامی
کە تێپەڕین لە جیهانی ئێرانیە. کوردبوون و کوردیەتی ئەمرۆکە لەکوردستان حەولێکە بۆ
دەرخستنەوەی سوژەبوونی کورد و زیندووکردنەوەی نەزمێکی ئەخلاقیە کە لەودا سوژەی
کوردی دەسکردی کەس نیە و سەربەخۆ و خۆبنیادنەرە.
