شاهۆ
حوسێنی
ناکرێ
شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی تەنیا بە پڕۆتێستۆیەکی کۆمەڵایەتی،سیاسی یان دژکردەوەیەکی
کاتی دژ بە سەرکووت و پاوانخوازێتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێناسەبکرێت، بەهۆی
ئەوەکە ئەم بزاڤە تەنیا هێرش بۆسەر لایەنی ئۆبژێکتیڤی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی
واتە دیاردەحکوومێکان، سوپا، زیندان، پۆلیس و....هتد نەبوو، بەڵکە ڕادیکاڵتر
لەمانە، هێرشێک بوو کە بنەماکانی نەرمئامێری دەسەڵات و پێکهاتەی ئایدۆلۆژیکی
کۆماری ئیسلامی کردە ئامانج. ئەمەی لە شەقامەکان ڕوویدا، دەرکەوتیەک بانتر لە
شۆڕشیکی سیاسی کلاسیک بوو. ئەم دەرکەوتەیە دەشێ و دەبێ وەک فۆڕمێک "شۆڕشی
ئێپیستمۆلۆژیک" پێناسە بکرێت کە ڕێزمانی دەسەڵاتی کردە ئامانج و زنجیرەکانی
ئۆبژەبوونی ژنی تێکشکاند و سوژەیەکی سەربەخۆی لە ژن خوڵقاند.
لەڕاستیدا
شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی بە فۆکۆس لەسەر "جەستە"، دابڕانێکی مەعریفی بوو لە
پێکهاتە و نەزمی داسەپاوی ئایدۆلۆژیکی نیزامی فۆندامێنتاڵی کۆماری ئیسلامی.
دەسەڵات
لەگوێن ڕێزمان
بێگومان
دەسەڵات نەتەنیا لەئاستی پێکهاتەکانی سەرکووتدا، کە لە ئاستێکی بانتر، لەناو زمان،
زانست و بەرهەمهێنانی سوژەدا خۆی دەردەکەوێت. دەسەڵات لەوەها مانایەکدا لەگوێن
ڕێزمان، لەخۆگری کۆگشتیەک لە ڕیساکان، هێماکان، ئایدەکان و ڕوانگەکانە کە دیاریکەر
و سنووردارێژی مەجالەکان و بەستێنەکانی ئاخافتن، ڕادەڕبڕین و لێدوانەکانە. ئەو
دیاری دەکات کێ،کەی و لەکوێ دەتوانێ چیو چلۆن بڵێت. چ فۆڕم سوژەیەک دەتوانێ
هەبێت، واتە دەشێ بگوترێ کە دەسەڵات حەقیقەتێک بەرهەم دێنێت و بەم شێوەیە بوونەکان
لەچوارچێوەیەکی تایبەت لە مەجالەکان و ناموومینەکاندا قەتیس دەکات.
لەدەسەڵاتی
کۆماری ئیسلامیدا، ڕێزمانی دەسەڵات زۆر بەهێز ڕەگەزلێدراو و پیاوسەروەرە. لەم
ئاستەدا ڕێزمان، ژن لەگوێن سوژەیەک پێناسەدەکات کە پێویستە داپۆشراو، گوێڕایەڵ و
لەخزمەت دەوامی نەزمی ئایدۆلۆژیکی دەسەڵاتدا بێت، هەربۆیەش جەستەی ژن بەتەنیا
دیاردەیەکی بایۆلۆژیکی نیە، بەڵکە ناوەندی سەرەکی دەسەڵاتە، حیجابی زۆرەملی یەکێک
لە بنەماکانی تەوەرەیی ئەم ڕێزمانەیە کە بۆ جەستەی ژن لە سیستمی مانایی دەسەڵاتدا
شووێن دیاریدەکات.
حیجابی
زۆرەملی بەشێک لەنەرمئامێری ئایدۆلۆژیکی دەسەڵات
حیجابی
زۆرەملی ناشێ بەتەنیا وەک یاسایەک یان
هێمایەکی ئایینی چاوی لێبکرێت. بەڵکە ئەو بەشیک لە نەرئامێری ئایدۆلۆژیکی دەسەڵاتە،
ئەم نەرمئامیر لەسەر جەستەکان دادەبەزێندرێت، هەتا کردەوەی ڕۆژانە سامان بدات و
فۆڕمێک حەقیقەت لەمەر ژن و دەوری ئەو بەرهەم دەهێنێت. لەم ڕەوتەدا حیجابی زۆرەملی
وەک کۆدێکی زمانی دەور دەگێڕیت کە سنووری مانا ئیزندراو ئیزننەدراوەکان لێک جیا
دەکاتەوە.
ئەرکەکانی
ئەم نەرمئامیترە بریتین لە:
1- ئینزباتی جەستە: حیجابی زۆرەملی جەستەی ژن لە خۆی جیا دەکاتەوە و
دەیخاتە خزمەت نیزامی ئایینی و دەسەڵات.
2- بەرهەمهێنانی حەقیقەت: حیجاب دەرخەری ئەم حەقیقەتە حکوومێیە کە
ژن پێویستی بە کۆنتڕۆڵ و داپۆشین هەیە
3- سوژەسازی: ژن لەم چوارچێوەیەدا دەبێتە بوونێکی دەسکرد، گوێڕایەڵ،
شەرمن و لەژێر چاوەدێریدا. کەوابێ دەشێ گوترێ کە حیجابی زۆرەملی تەنیا پۆشش نیە،
بەڵکە مێکانیزمێکە بۆ بەرهەمهێنانی ژنی ئیسلامی لەگوێن سوژەیەکی داڕێژراوی
ڕیزمانی دەسەڵات.
شۆڕشی
ژیان و دابڕان: تێکشکاندنی هێماکان و جەستە دەسکردەکان
شۆڕسی
ژینا ڕێک لێرەوە دەستپێدەکات: تێکشکاندنی نەرمئامێرەکانی ئایدۆلۆژیک و دەرچوون
لە ڕێزمانی دەسەڵات. کاتێ ژنان لەچکەکانیان لە شيقامەکان ئاگر تێبەردا، یان پرچ و
ئەگریجەکانیان بە نیشانەی ناڕزایەتی بڕێوە، زۆرتر کردەوەیەکی نومادین بوون کە
دابڕانێکی ڕادیکاڵی سازکرد، دابڕان لە ریزمانی دەسەڵاتی فۆندامێنتاڵ و ئایدۆلۆژی
دەسەڵات. ئاگر تێبەردانی حیجاب واتە حاشاکردن لە ڕیساکانی ئەو زمانەی کە ژنی
پێناسە دەکرد، بڕینەوەی پرچ و ئەگریجە و دەڕخستنی ئاشکرای پرچ لەڕاستیا خوڵقاندنی
هێما و نیشانەگەلێ بوون لە دەرەوەی ڕیساکانی ئایدۆلۆژیکی دەسەڵات. ئەم کردەوانە
لەڕاستیا کاتەکانی تێکدانی شێوازی دەسەڵات بوون، ئەو کاتانەی کە زمانی دەسەڵات
لەکار کەوت و جەستەکان توانیان سەربەخۆیانە مانا و فۆڕمێک بوون بخوڵقێنن.
بەکورتی
دەشێ بگوترێ کە ئەم کاتانە فۆڕمێک لە بەرخۆدان بوون، بەرخۆدان نەبەمانای دژکردەوە
نیشان دان بە دژ سەرکوت یان وەستانەوە لەبرامبەر سەرکوت، بەڵکە لەگوێن بەرهمهێنان
و خوقڵاندنی مەجالێکی نوێ بۆ بوون و سەربەخۆیانە دەرکەوتن.
شۆڕشی
ژینا لەگوێن شۆڕشی "توانا" بەدژ "هێز، زاڵێتی و ئیجبار"
کۆماری
ئیسلامی نوێنەری "هێز،زاڵێتی و ئیجبار"ە، واتە سیستمێک کە لەڕیی ئیجبار
و زاڵێتی جەستەکان کۆنتڕۆڵ دەکات، لەبرامبەردا شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی نوێنەری
"توانا"یی بوو کە لەهەناوی ژیان و جەستەکانەوە هەڵقوڵا و دژ بە ئیجبار و
زاڵەێتی و قەتیسکردنی ژیان و ژن، بەرەو ئازادی و ڕزگاری پەرەی ئەستاند.
ئەو
کاتەی ژن لە شەقامەکان، بەبێ لەچکە و حیجابی زۆرەملی دەرکەوتن، هەموو دەرکەوتنی
"توانا"یی بوون، واتە هێزیک لە هەناوی ژیانەوە هەڵدەقوڵا و زاڵێتی و زۆر
و هێزی دەسەڵاتی پەسیو دەکردوە، لێرەدا جەستەکان نە کەرەسەیک لەخزمەت دەوام و
هێژمۆنی ئایدۆلۆژیکی دەسەڵات و بوونێکی گوێرایەڵ و ملکەچ کە وەک خوڵقێنەر و
سەرچاوەیەکی سەربەخۆی حەقیقەت دەرکەوتن.
دەرکەوتنێکی
ئانتۆلۆژیک؛ ژن،ژیان،ئازادی لەگوێن زمانێکی نوێ
درووشمی
ژن،ژیان،ئازادی تەنیا درووشمێکی سیاسی نەبوو، بەڵکە دەرکەوتنی بوونێکی نوێ و
سەربەخۆ بوو. سێ تەوەرەی سەرەکی ئەم بوونە و رێزمانە نوێیە بریتین لە:
1-
ژن؛
لەگوێن ناوەندی جەستە و سژوەی ژن لەجیات بوونێکی دەسکردی پەراوێزی
2-
ژیان؛
بەها بەخشین بە 'خۆ" وەک سەرچاوە و تەوەرەی ژیان و چەقی ژیانی سەربەست و
مەیلی بە بوونێکی ئازاد و سەربەست لەبرامبەر بوونێکی دەسکردی ئایدۆلۆژیک لە
ژیانێکی تەماوی و مەرگاویدا.
3-
ئازادی؛
دەرباز بوون لە نەزمی داسەپاو و زۆرەملیدا و مەجالی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی
سوژەبوونێکی سەربەستانە.
ئەم
سێانەیە فۆڕمێکی نوێ لە بوون دەردەخەن، بەجۆرێ کە لە دژایەتێکی تەواو لەگەڵ
ڕێزمانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیە، ئەگەر ڕێزمانی پێشوو لەسەر ئەساسی: داپۆشین،
ملکەچی و مەرگ دامەزراوە، ئەوا ڕێزمانی نوێ لەسەر: دەرکەوتن، ڕزگاری و ژیان
بنیادنراوە.
لێکەوتەکانی
فەلسەفی، سیاسی و کۆمەڵایەتی شۆڕشی ژیان
لەئاستی
فەلسەفیدا: ئەم شۆڕشە دەریخست کە دەسەڵات بەردەوام لەڕیی زمان و جەستەڕا
دەجووڵێتەوە و بەرخۆدانیش پێویستە لەم ئاستەدا بەرهەمبێت، بۆیەش شۆڕشی ژیان
فۆڕمێک شۆڕشی ئێپیستمۆلۆژیک بوو، چوونکە ڕێزمانێکی نوێ بوون و سوژەبوونی بەرهەمهێنا.
لەئاستی
سیاسیدا: ئەم شۆڕشە نامەشروع بوونی کۆماری ئیسلامی دەرخست و بەشێوەیەکی بەربەرین
مەشڕوعییەتی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی سڕیوە، هەربۆیەش، ڕزیوی زاڵێتی کۆماری
ئیسلامی بەم شۆڕشە دەرکەوت، بەهۆی ئەوەکە بنەما نەرمئامێرەکانی شەرعییەتی لەدەست
دا و تەنیا کەرەسە سەختەکانی سەرکووتی وەک چک و چۆڵی بەدەستەوە ماوە.
لەئاستی
کۆمەڵایەتیدا: شۆڕشی ژینا ڕایەڵیکی گشتگیر و تێکتنراوی نوێی خوڵقاند،
هاوپەیوەندێکی تووند لەنێوان ژن و پیاو نەک لە دەلاقەی جێندەریڕا کە لەدەلاقەی
بوونڕا، هاوپەیوەندیەک لەسەر بنەمای قبوڵی ژن وەک بوونێکی سەربەخۆی سەربەست.
کۆتا
وتە
شۆڕشی
ژیان پێویستە لەگوێن دابڕانێکی فەلسەفی و مەعریفی ببیندرێت، ئەم بزاڤە نەتەنیا دژ
بە دەسەڵاتی سەختی کۆماری ئیسلامی ڕاسا، کە دیاردە نەرمئامێرەکانی ئایدۆلۆژی
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیشی تێکقرماند. حیجابی زۆرەملی لەگوێن کۆدێکی تەوەرەیی
ڕێزمانی دەسەڵات، لە شەقامەکان ئاگری تێبەردرا و سژوەیەکی نوێ بەرهەمهات، کە ژن،
ژیان و ئازادی وەک ناوەندی ئانتۆلۆژیکی ئەو دەرکەوتن. لەم ڕوانگەیەوە، شۆڕسی ژینا
نە کۆتایی ڕەوتێک کە دەستپێکی ڕەوتێکی نوێیە کە لەودا سوژەکان دەتوانن خۆیان
دابڕێژن، زمانێکی نوێ بخوڵقێنن و حەقیقەتێکی نەوێ دەربخەن.