شاهۆ
حوسێنی
کوردستان
لە سەدساڵی ڕابڕدوو بەردەوام مەکۆی بەربەرەکانی و بەرخۆدان بۆ ئازادی بوە، هەر لە
شۆڕش ناوچەییەکان تا شۆڕشە گشتگیر و کوردستانێکان و لەئاکامدا دەرکەوتنی هەرێمێکی
دۆفاکتۆی کوردی لە باشوور، هەموو ئەم دیاردە و دەرکەوتانە لەبەستێنی خواستێکی
مێژوویی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری دەرکەوتوون. بەڵام ئەم مێژوویە و ئەم ڕەوتە لێوڕێژ لە
پارادۆکس و دژوازەیەکانە. یەکێک لەگرینگترینی ئەم پاڕادۆکسانە لە کوردستان
دەرکەوتنی دەسەڵات و دەسەڵاتخوازیە بەر لە هزر و ئایدە و ئەندێشە، واتە بەر لە
دەرکەوتنی فەلسەفەی سیاسی، پارادیمگەلێک لەمەر دەوڵەت، حکوومەت، یاسا و ئازادی،
ڕێکخراوەگەلی دەسەڵاتی چەکدار و حیزبی سیاسی دەرکەوتوە، ئەم دەرکەوتنە بەراوژوویە
هۆکارێکی گرینگە تا لەجیات ئەوەکە یاسا و مافی تاک و کۆمەڵگا و ئازادی باڵ بەسەر
دەسەڵات و حیزب و حکوومەتدا بکێشێت، ئەوە حیزب و حکوومەت و دەسەڵاتن کە یاسا و
ئازادی و مافی تاک و کۆمەڵگا دەخنە ژێڕ ڕکێفی هێژمۆنی و بەرژوەندی خۆیان.
حیزبی
شۆڕشگێڕ و لەدایک بوونی دەسەڵاتی ڕەها
حیزب لە کوردستان لە دەیەکانی ڕابڕدوو بە
درووشمەکانی ئازادی، ڕزگاری نەتەوەیی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لەدایک
بوون، هەر بەم هۆیەشەوە متمانەی کۆمەڵانی خەڵکیان وەدەست هێنا و کۆمەڵگا لەرێی
پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ شەرعییەتی پێشەنگی و ئاڵا هەڵگریان پێبەخشین.
واتە متمانە و پشتیوانی کۆمەڵگای کوردستان لەڕێی بەشداری و ئەندامەتی ڕاستەوخۆ و
ناڕاستەوخۆ بە شێوەی هەواردای لەم حیزبانە شەرعیەتێکی نەنووسراو بوو کە ئەم
حیزبانە لەگوێن هەڵگرانی ئیرادەی نەتەوەیی کورد لەلایەن دەسەڵاتی حاکم بەسەر
عێراقدا چاویان لێبکرێت.
حیزبی
کوردی هەر لەسەرتاوە لەچوارچێوەی ڕێکخراوەیەکی چەکداردا چالاکیان دەست پێکرد و
هێزی سەرەکیشیان نە بەرهەمی هزر وئایدە و ئەندێشەیەکی کوردانەو بەرهەمێنانی زەین
و جیهانێکی مەعریفی کوردانە و پێگەیاندنی ئاگایی و فامی کوردانە، کە توانای
چەکداری و توانای میلیتاریستی ئەوان و مەجالی ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە و چەکدار
واتە دەسەڵاتی رووتە، بە کورتی ئەوان دەسەڵاتی ڕەهایان بەر لە ئەندێشەی سیاسی
دەستەبەر کرد، هەر ئەم ڕەوتەش بنەمای پاڕادۆکسی ئەمڕۆیە.
بەراوژوویی مێژویی لە بەراورد لەگەڵ
رۆژئاوا
چاوخشاندنێک
بە سەر ئەزموونی ڕۆژئاوادا دەریدەخات کە دەسەڵاتی مۆدێڕن لە کۆڵەکەکانی فەلسەفەی
سیاسی بنیادنراوە. بیرمەندگەلێکی وەک هابز، لاک، ڕۆسۆ، مۆنتسیکو و...هتد، سەرەتا
لەمەر ناوەرۆکی حاکمییەت، یاسا، ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئازادی ئەندێشە و
فەلسەفەیان بەرهەمهێناوە و داویی لەسەر ئەم ئەندێشە و فەلسەفانە ڕێکخراوەگەلی
مۆدێڕن و دەسەڵاتی مۆدێڕن بنیادنراون. بەکورتی ئەندێشە بەر لە دەسەڵات و
ڕێکخراوەکانی دەسەڵات بەرهەم هاتووە.
لەکوردستان
بەڵام ڕەوتەکە بەراوژوو بوو، سەرەتا حیزب و ڕیکخراوەی چەکدار و ڕایەڵەکانی
دەسەڵاتی ڕەها دەرکەوتن، دوایی حەولی دەست بەسەر دەسەڵاتداگرتن بەرهەم هات. بەهۆی
ئەوەکە پشتیوانی هزری وەک بنەما غایب بوو هەموو پێکهاتە و رایەڵەکانی دەسەڵات
کەوتنە ژێر ڕێکێفی حیزبی چەکدار. ئەمەی لە رۆژئاوا بوو بە دەسەڵاتی عەقڵانی لە
کورستان بوو بە دەسەڵاتی میلیتاریستی حیزبی.
لێکەوتەی پێشکەوتی دەسەڵات بەسەر
ئەندێشە و هزردا
ئەم
بەراوژووییە لێکەوتەی جیدی بۆ ژیانی سیاسی کوردستان هەبوە: حیزب لەجیات دەوڵەت:
ئەمڕۆکە لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەددا ڕیکخراوەی فەرمی حکوومی وەک پاڕڵمان،
حکوومەت و دەوڵەت و دادگا بوونیان هەیە و دەور دەگێڕن، بەڵام حیزبی سیاسی بانتر
لەوان دەسەڵت و کارتێکەریان هەیە، بڕیارەکان نە لە چوارچێوەی یاسادا کە لە
دانیشتنەکانی حیزبیدا و لەلایەن بەرپرسانی حیزبێوە بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
یاسا لەخزمەت حیزبدا
یاسا
لەخزمەت حیزبدا: لەکوردستان یاسا لەجیات
ئەوەکە بەستێنی سنووردارکردنی دەسەڵات و ڕەهایی دەسەڵاتی حیزب بێت، کەرەسەی شەرعییەتبەخشین
بە هێژمۆنی و دەسەڵاتی ڕەهای حیزبە، هەر حیزبە و لەسنووری دەسەڵاتی خۆیدا یاسا
بەپێی بەرژەوەندێکانی تەفسیر و دەکار دەکات.
داخراوی
کۆمەڵگای مەدەنی
دەسەڵاتی
ڕەهای سیاسی، هێژمۆنی وەفادار تەوەرەو، بەخشینەوەی ئیمکاناتو ڕانت بە لایەنگران و
وەفاداران و شوێنکەوتوان، سڕینەوەی سەربەخۆیی تاک(سوژەبوون) لەڕێی گوێڕایەڵی بۆ
فام و ئاگاییەکانی حیزبی و بەخشینی ڕانتی ئابووری و هێژمۆنی میلتیاریستی حیزب، هیچ
مەجال و بەستێنێک بۆ کۆمەڵگای مەدەنی، ڕووناکبیری و پەرەی ڕەخنەگری ناهێڵێتەوە،
بۆیەش کۆمەڵگای مەدەنی سنوورەکانی ڵێڵ، بەزیو و نامسۆگەرە. هەروەها وەفاداری سیاسی
بە حیزب دەبێتە جێگرەوەی لێوەشاوەیی و عەداڵەت و بەرابەری.
بەگشتی دەشێ بگوترێ کە لەکوردستان دەسەڵات و هێزی
ئۆبژەکتیڤ بەر ئەندێشە و هێزی سۆبژەکتیڤ دەرکەوتوە، هەر بۆیەش هەرجۆرە حەولێکی
مەعریفی و هزری لە کوردستان لەناو جەغزی ڕایەڵی دەسەڵات کە پێشتر مسۆگەر بوە و
هەموو دەرگاکانی کۆمەڵگای داگیرکردوە گرفتار دەبێت. سیاسەت لەکوردستان نە بەمانای
بەستێنی دیالۆگ و بەرهمی گشتی، کە بەمانای ڕایەڵێک لە مێکانیزمی ئەمنی،
میلتیراریستی و حیزبی دەرکەوتوە.
دیالێکتیکی ئەرباب
و بەندە
حیزبی سیاسی لە کوردستان لەسەر لیواری قەڵشی هەڵاواردن و
عەقڵانییەتی ئەربان و بەندەی حاکمان سەریان هەڵداو، ئازادی، دێمۆکراسی، مافی مرۆڤ
و مافی چارەی خۆنووسین ئەم بنەمایانە بوون کە خەبات و بەرخۆدان بەدژ دیکتاتۆڕەکان
لەسەر ئەساسی ئەوان دەرکەوت، بەڵام کە خۆیان بوونە دەسەڵات، لەسەر ئەساسی هەمان
عەقڵییەتی ئەرباب و بەندە هەڵسسووکەوتیان لەگەڵ کۆمەڵگا کرد، ئەمە
هەمان دیالێکتیکی بەراوژوویە کە کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستان لەدۆخێکی پارادۆکسیکاڵدا
قەتیس کردوە.
کۆمەڵگای مەدەنی لەناو بازنەی لۆژیکی
دەسەڵاتدا
کۆمەڵگای
مەدەنی لە کوردستان نەک لەگوێن بەستێنێکی مەدەنی سەربەخۆ، کە لە چوارچێوەی پێوەندی
لەگەڵ دەسەڵاتدا پێناسەدەکرێت. نەبوونی عەقڵانییەتی مەدەنی بەمانای ئیرادەیەک
لەدەرەوەی ساحەی سیاسی و دەسەڵات کە مەبەستی لغاوکردنی دەسەڵاتی سیاسیە بۆ پێشگرتن
بە دەستدرێژی دەسەڵات بۆ سەر مافی تاک و کۆمەڵگا و پاراستنی سەربەخۆیی تاک و
کۆمەڵگا لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، هۆکارێکی گرینگە تا دیالێکتیکی عەقڵانتی سیاسی و
دەسەڵاتخوازی لەناو کۆمەڵگای مەدەنیشدا پەرە بستێنێت، واتە ئەوانەی دژە حیزبن،
دژە دەسەڵاتن بەڵام حەول دەدەن لەڕیی بەشداری لە دەسەڵات و بەدەستەوە گرتنی
دەسەڵات دژایەتی دەسەڵات و حیزب بکەن، ئەمە لۆژیکی پاڕادۆکسیکاڵی مەدەنیە لە
کوردستان
ئاسۆی زەینی ئەم بەراوژوییە
ڕێگای دەرچوون لەم دۆخە چیە؟
ڕێگاچارەکەی لە سەرلەنوێ بنیادنانەوەی پێوەندی نێوان
ئەندێشەو دەسەڵاتە، ئەندێشە پێویستە بەگەڕێتە بان حیزب و ڕیکخراوە سیاسێکان،
دەسەڵات و هێزە ڕواڵەتێکان پێویستە لەأێر ڕێنمایی ئەندێشە و هزردا ئەرکەکانیان
بەڕێوە بەرن. دەسەڵات و هێزی ڕوواڵەتی پێویستە وڵامی پرسیارە بنەڕەتێکانیان لەمەر
فۆڕماسیونی دەوڵەت، یاسا، ئازادی و.... لە فەلسەفەیسیاسی و ئەندێشەفەلسەفێکان
وەربگرنەوە. بۆ دەرکەوتنی ئەم ڕەوتە پێویستە کۆمەڵگای مەدەنی، ڕووناکبیران و
توێژەران لە چوارچێوەی لۆژیکی دەسەڵاتدا بێنەدەر و بگەڕێنەوە بەستێنی مەدەنی و
سەربەخۆ لە حیزب و هێزێ رواڵەتی و میلیتاریسمی حیزبی دەور بگێڕن.
دوا وتە:
کوردستان
ئەمڕۆکە لەناوەندی پارادۆکسێکی مێژوویی وێستاوە، حیزبی شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخواز بۆتە
دەزگا و سیستمی زاڵێتی، یاسا لەجیات کۆنتڕۆلی دەسەڵات، بۆتە خزمەتکار و کەرەسەی
هێژمۆنی دەسەڵات. چما ئەم ڕەوتە بەراوژوویە چاک نەکرێتەوە، سیاسەت لەکوردستان
بەردەوام دووپاتی پاڕادۆکسیکاڵەکان ئەزموون دەکاتەوە، چما ئەندێشە و هزری سیاسی
بتوانێ بانتر لە دەسەڵات و هێزی ڕواڵەتی جێگەوپێگەی شیاوای خۆی وەدەست بێنێتەوە،
ڕەنگە ئاسۆی ئازادی و دێمۆکراسی ڕوونتر بێتەوە.