(ڕەچەڵەکناسی دوورەپەرێزی کۆمۆنیست و ئیسلامخوازەبناژوێخوازەکان لە
کوردبوون)
شاهۆ
حوسێنی
ئەم
کورتە نوسراوەیە بەم پارادۆکسەوە دەست پێدەکات: بۆچی بەشێکی بەرچاو لە چالاکوانانی
کوردی کۆمۆنیست و ئیسلامخواز کەخۆیان لەناو جەغزی جیهانوەتەنی کۆمۆنیستی و
ئوومەتی ئیسلامیدا پێناسە دەکەن، بۆ نیشانیدان و مسۆگەرکردنی "باننەتەوەیی"بوونیان
نەکۆڵی لەزمان و شووناسی کوردانەیان دەکەن؟ کێشەکە نە بە ساکاری لەگەڵ نەتەوەخوازی
کوردی، کە زۆر قوڵتر لە خۆبواردنی ئاگایانە دایە لە سوژەڤانی کوردی.
سیاسەتی
زمان لێرەدا دەورێکی بنەڕەتی هەیە، نووسین و ئاخافتنی ئەم چالاکوانانە بە زمانە
هێژمۆن و سەپاوەکانی: فارسی، تورکی و عەڕەبی، بەتەنیا هەڵبژاردەیەکی ساکار بۆ پێوەەندی
نیە، بەڵکە قەیرانێکی ئانتۆلۆژیکە بۆ بێخەتەری و نازەرەرمەند بوون، بەهۆی ئەوەکە
زمانی کوردی و کورد بوون بەدرێژایی مێژوی سەرکووتی لەلایەن داگیرکەرانەوە و تایبەتمەندی
تاوانبارانەی کە بەسەریدا سەپاوە، هەڵگری باجە. بۆیەش ئەم چالاکوانانە بۆ هاتنە
ناو مەیدانی بەناو مەشروعی سیاسی و ڕووناکبیری، ئەم باجە دەسڕنەوە و ئەم خۆ
سڕینەوەیەش بە پاساوی چەمکگەلێکی لەگوێن: جیهانوەتەنی، ئەنترناسیونالیسم و
ئوومەتخوازی دیزە بەدەرخۆنە دەکەن.
بەڵام
سەیرەکەی لەمە دایە کە ئەم جیهانوەتەنیە زۆر ناموتەقارنە، واتە هیچکات تورکێکی
کۆمۆنیست، عەڕەبێکی کۆمۆنیست و فارسێکی کۆمۆنیست یان موسوڵمان بۆ مسۆگەرکردنی
جیهانوەتەنی و دەروەستبوونی بە ئوومەی ئیسلامی، نەکۆڵی لەشووناسی ئیتنیکی و
زمانی نەتەوەیی خۆی ناکات، تەنیا ئەمە سوژەی کوردە لەگوێن سوژەی ژێردەست کە بۆ
تەئیید لەلایەن کۆمۆنیست و ئایینخوازی باڵادەستی فارس، تورک و عەڕەب خۆ نەکۆڵی
دەکات. بۆیەش ئەمەی بەناوی جیهانو ئومەی
ئیسلامی لەلایەن ئەم چالاکە کوردانەوە ڕەچاو دەکرێت، بە کامی نەتەوەی باڵادەستی
فارس، تورک و عەڕەب لەلایەک و لەلایەکیتر سەرلەنوێ بەرهەمێناوەی دەوامی نەزمی
دەسەڵاتی ئەم نەتەوە هێژمۆنانەیە.
لەڕاستیدا
زمان تەنیا کەرەسەیەکی پێوەندی نیە، بەڵکە مەجالی بوونی سوژەیە لەجیهاندا، زمان
ناوەندی لێکهاڵانی بوون و بەستێنە؛ بەستێنێک کە سوژە، خۆی لەگوێن
"ئێرەیی"و 'ئێستایی" مسۆگەر دەکات، هەر بۆیەش لایەنگرانی جیهانوەتەنی
بێلایەن، ئاگایانە هەڵپەسێنەری دۆخی ژیاوی خۆیانن. کەوابێ دەشێ بگوترێ کە جیهانوەتەنی
بەبێ "ئێرەیی"بوون، دەگاتە نەفی بوون. سوژەیەکی کە لەدۆخی ڕاستەقینە و
تایبەتی خۆی ڕادەکات، نە تەنیا جیهانی نابێت، بەڵکە لە ناو جەغزی ئەمنی بێبڕیاریدا،
بوونی خۆی هەڵدەپەسێرێت.
چما نەتەوەخوازی لەسەر بنەمای سوژەڤانی تاک بنیادنراوە،
ئەمە نە لەبەر "نەتەوە"، کە بەهۆی مسۆگەر بوونی دۆخی هاوپێچی(ئینزمامی)
تاک وەک سوژە بوە، واتە تاکی مۆدێڕن(سوژە) دەڵێ: من لە شوێنکەوە دەدوێم، بە
مێژوویەک، بە زمانێک و جەستیەکی سەربەخۆ.
کەوابێ
دەشێ بگوترێ کە ئەم "لەشوێنک بوونە" لە هەنگاو نانێکە لە هەناوی بوونێکی
سەربەخۆوە بەرەو مەجالی سیاسیبوونێکی سەربەخۆ.
چما
جیهانوەتەنەکان بخوازن سەرلەنوێ زایەڵی ڕزگاریخوازی دابڕێژڕنەوە، ناتوانن لەرێی
سڕینەوەی ئەم "لەشوێنێک بوونەوە" دەست پێبکەن. جیهانوەتەنی ناکرێ لەرێی
نەکۆڵی لەنەتەوە، شووناس و زمانەوە دەربکەوێت، بەڵکە دەبێ لەڕێی مسۆگەرکردن و
قبوڵی پلۆرالیزمی دۆخگەلێکی جیاوازی نەتەوەیی، لەگوێن شێوازەکان و فۆرمگەلی
جیاوازی بوون لە جیهاندا دەربکەوێت. واتە جیهان نەلەگوێن کەشی بۆش و وەکیەک، کە
لەگوێن بەستێنی ڕێژەکان و ڕێژەییەکان پێناسە بکرێت.
