(
ڕەچەڵەکناسی دانپێدانان لە کەرەسەی ئەمنییەتێوە بۆ بەرهەمهێنانەوەی سوژە)
شاهۆ
حوسێنی
دانپێدانان
لەمێژووی ئایینی و سیاسی مڕۆڤدا بەردەوام کەرەسەیەک بوە بۆ سەپاندنی حەقیقەتێکی وەهمی
لەژێر سەردێڕی گەڕاندنەوە لە هەڵە، تاوان و کلبوون. لە
سیستمی ئایینی سەدەکانی ناوەندیدا، دانپێدانان کەرەسەیەک بوو بۆگەڕاندنەوەی لادەرانی
ڕێگای خودایی بۆسەر نەزمی ئیلاهی و رزگاری مرۆڤ لە تاوانی ئایینی، واتە کەرەسەیەکی
ئایدۆلۆژیک-دەسەڵات بوو کە تاک بە پێدانان لەسەر هەڵە و تاوانی خۆی، هەم ملکەچی ئایدۆلۆژی
ئایینی دەبۆوە و هیمش ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵاتی ڕواڵەتی. لەنەریتی قەزایی وسزایی
وڵاتانی پەرەنەستاندوو و دیکتاتۆڕدا کەرەسەیەکە بۆ بەناو دۆزینەوەی حەقیقەت و
مۆسگەرکردنی تاوان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
بەڵام
ڕاستەقینە ئەوەیە کە دانپێدانان هەرگیز کەرەسەیەک و مێکانیزمێک بۆ دۆزینەوە و
دەرخستنی حەقیقەت نەبوە، بەڵکە خۆی مێکانیزمێک بوە بۆ بەرهەمهێنان و خوڵقاندنی
حەقیقەت. دانپێدانان لە بەستێنی دەسەڵات، حەقیقەتێکی تایبەت مسۆگەر دەکات،
حەقیقەتێک کە لە پێشدا لەلایەن سیستم و نەزمی زاڵ پێناسەکراوە و دیاریکراوە.
کەوابێ دانپێدانان بەتەنیا دۆزینەوە و دەرخستنی حەقیقەت نیە، بەڵکە هێنانی تاک بۆ
ناو بازنەی زمانێکە کە دەسەڵاتی زاڵ دیاریکردوە و لەریی ئەو زمانەوە دانپێدانەر
وەک ئۆبژەیەک دان بە سوژەبوونی دەسەڵاتدادەنێت.
لە
نیزامە دیکتاتۆڕەکاندا دانپێدانان تەنیا گێڕانەوەی هەڵە یان دۆزینەوەی تاوان نیە،
بەڵکە سەپاندنی حەقیقەتێکی بەرهەمهاتوە، مرۆڤ لەژێر شکەنجە و دۆخی بازجوییدا
ناچار دەکرێت کە حەقیقەتێکی فەرمی لەمان خۆیەوە بگێڕێتەوە: من خەتاکارم، من خەتامکردوە،
من بەرکاری دوژمن بووم، من خیانەتم لە نیزام کردوە، من سەر بە بەرەی دوژمنم
و.....هتد. لەوەها دۆخێکدا دەسەڵات نە لە دەرەوەڕا کە لەدەروون سوژەیەکی بەرهەمهاتووڕا
دان بە سووژەبوونی دەنرێت. ئەمە حەولێکە بۆ سرووشتی دەرخستنی حەقیقەتی فەرمی
دەسەڵاتی زاڵ و داپۆشاندنی داسەپاوی و تەحمیلی بوونی ئەم حەقیقەتەیە.
دانپێدانان
لەهەناوی خۆیدا فۆڕمێک لەسەرکووتیشی لەگەڵدایە، بەڵام جیاوازیەکی لەگەڵ سەرکووت
لەوەدایە کە لە سەرکووتدا مرۆڤ تەنیا بێدەنگ دەکرێت، بەڵام لە دانپێداناندا ئەگەرچی
لەلایەک دەنگی ڕاستەقینەی مرۆڤ بێدەنگ
دەکرێت، بەڵام لەلایەکیترمرۆڤ دەبێتە بڵیندگۆی دەسەڵات و دەنگی دەسەڵات لەگەروی
ئەوڕا دێتە دەر.
هەروەها
دانپێدانان لەهەناوی خۆیدا فۆڕمێک لە شەکنجەشی لەگەڵدایە، بەڵام جیاوازیەکی لەگەڵ
شکەنجە لەوەدایە، کە لە شکەنجەدا دەسەڵاتین زاڵ بەتەنیا حەولی ڕامکردنی لەشەکان
ئەدات، بەڵام لەدانپێداناندا ئەگەرچی لەشی دانپێدانەریش ڕام دەکرێت، بەڵام لەهەمان
کاتیشا، زەین و دەروونیش ڕام و کۆنتڕۆڵ دەکرێت. دانپێدانەر لەڕیی دوان بە زمانی
دەسەڵات، زاڵێتی دەروونی و زەینی دەکات.
هەر
بۆیەش دانپێدانان یەکێک لەبنەماییتەرین مێکانیزمەکانی بەرهەمهێنانەوەی
مەشرووعییەت لە نیزامە دیکتاتۆڕەکان دایە: دەسەڵات حەقیقەتێکی سازدەکات، مرۆڤ
لەژێر ئیجبار و شکەنجە دانپێدادەنێت، دانپێدانان حەقیقەتێکی داسەپاو مسۆگەر دەکات
و کۆمەڵگاش ئەو سرووشتی دەبینێت و لەئاکامدا نیزام بەم شێوەیە مەشروعییەت سەرلەنوێ
و بەردەوام دەکاتەوە.
بۆیەش
ڕەچەڵەکناسی دانپێدانان نیشانی داوە کە ئەم مێکانیزمە تەنیا کەرەسەیەکی ئەمنییەتی
ساکار نیە، بەڵکە مێکانیزمێکی تەوەرەیی لە دەرخستنی سووژەبوونی دەسەڵاتە. دانپیدانان
بەتەنیا دۆزینەوەی حەقیقەت یان گێڕانەوەی حەقیقەت نیە، بەڵکە بەرهەمهێنانی
حەقیقەت و سەپاندنی حەقیقەتی فەرمیە. حەقیقەتێکی کەلەلایەن مرۆڤێکی بە ئۆبژەکراو
درێژە بەبوونی خۆی ئەدات و زاڵێتی دەسەڵات دەباتە ناو قوڵترین لایەکانی بوون.
