۱۴۰۴ شهریور ۲۵, سه‌شنبه

تێرۆری کاریزما؛ ڕەچەڵەکناسی تێرۆری میکۆنۆس

 









شاهۆ حوسێنی

بوون‌ناسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە مەرگی ڕێبەڕەکان بەتەنیا مەرگی جەرستە نیە، بەڵکە کارتێکەریان لەسەر دیاردەکانی وەک بوون، مانا و وجوود هەیە، شەهیدکرانی دکتۆر قاسملوو لە ویەن نموونەیەک بوو کەکارتێکەرێکی قوڵی لەسەر ئەزموونی کۆیی کورد هەبوە، ئەمە دەکرێ پێش‌بەستێنیک بێت بۆ تێگەیشتن و فامی ڕادیکاڵی تێرۆری دکتۆر شەڕەفکەندی، چوونکە بوونی دکتۆر شەڕەفکەندی تا ڕادەیەک قوڵی بۆشایی دکتۆر قاسملووی پڕ کردبۆوە و ڕێگای و شوێنی گونجاو و تازەی نەتەوەخوازانەی خستبوە بەردەم نەتەوەخوازی کوردی، دکتۆر شەڕەفکەندی چەند ئاڵوگۆڕی گرینگی جیهانی ئەزموون کردبوو، یەکەم ڕووخانی سۆڤییەت و ئایدۆلۆژی لێنینسم لە جیهاندا وەک ئایدۆلۆژێکی گشتگیر لەبەشێکی بەربڵاوی جیهان، هەر ئەمەش بوو کە ئەو لەوە بەدرووستی تێگەیشتبوو کە سۆسیالیزمی مەوجود ئیتر وڵام دەر نیە، دووهەم هەڵوەشانەوەی شەڕی سارد و سێهەم ڕوووخانی دیواری بێرلین و یەکگرتنەوەی دوو ئاڵمان، دکتۆر شەڕفکەندی لە سەر قوڵترین و تیژترین کەلێنی ئاڵوگۆڕی جیهان و ئەندێشە ڕاوەستابوو، بۆیەش تێرۆری ئەو کارەساتباری تایبەتی خۆی هەبوو.

شەڕەفکەندی نوێنەرو سکرتێری حیزبێکی سیاسی بەتەنیا نەبوو، ئەو نوێنەری بەرەیەکی هزری و ڕەوتێکی نەتەوەخوازنەی گشتی بوو لە کوردستان، وەک زایەڵەی ئەم ئاڵوگۆڕیەی کە لە کۆتایی دەیەی هەشتا و سەرەتای دەیەی نەود لە جیهاندا ڕووی دابوو. ئەمانە بنەماکانی کاریزمایی دکتۆر شەڕەفکەنی بوون، شەڕەفکەنی بوونێکی رادیکاڵ لە جیهاندا بوو، بوون بەمانای حزوور لە هەناوی ڕووداو، تێگەیشتن لە بنەمانەزەرێکانی ڕووداوەکان و ئەندازیاری پلان‌داڕشتن بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ ڕووداوەکان. ئەو لە سەردەمی تۆفانی گوزار لە جیهانی دوو جەمسەری و ئایدۆلۆژیکی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی بەرەو جیهانێکی تەک-فرە جەمسەری پاش ڕووخانی سۆڤییەت، ئەندازیاری پڕۆژەی کۆیی بەرخۆدان بەدژ دیکتاتۆڕییەتی کۆماری ئیسلامی بوو کە لەپاش مەرگی خومەینی، هەم بێ‌کاریزما ببوو، هەم لەناوخۆ تووشی قەیرانی قوڵ ببوو. هەر بۆیەش دەشی بگوترێ کە تێرۆری میکۆنۆس بەجۆری هێرش بۆسەر کاریزمایی کورد لە بێ‌کاریزمایی و بێ‌مانایی کۆماری ئیسلامیدا بوو، کە حەولی‌دەدا، مەجالەکانی ئەزموونی کۆیی بەرخۆدان لە کوردستان بێ‌مانا بکات. تێرۆری دکتۆر شەڕەفکەندی ئەو شەڕە بوو لەگەڵ کورد و کوردستان کە ئامانجەکەی پێکانی سوژە تەوەرەیی و هێمای ناوەندی بزاڤی کورد واتە "کاریزما" بوو.

 

تێرۆری میکۆنۆس

دکتۆر شەڕەفکەندی لەمیکۆنۆس بەتەنیا ڕێبەڕی حیزبێکی سیاسی نەبوو، ئەو هێمایەک لە مەجالەکانی بەرخۆدان و خەبات و بەشداری زەینی کۆیی کوردستان بوو. کاریزمایی ئەو لەسەر بنەماکانی داهێنەری سیاسی، دەرکی سەردەم، تێگەیشتوویی بەڕۆژ و تەوەرەبوونی کوردستان و کورد دامەزرابوو، ئەو نە بەشێوەی دەستووری و لەڕیی هێز و زۆرەوە ببو بەکاریزما، تا بشێ لەڕیی زۆریش بسردرێتەوە و لەناو بچێت.

کاریزما فۆڕمێک بوون و بەشداریە، ئەزموونێکە لە بوونە کەدەتوانێ کۆ و گشت لەگەڵ خۆی هاوڕێ بکات، مەجالەکانی خۆناسین و بەشداری بۆ کۆ دەڕەخسێنێت. کۆماری ئیسلامی بەتێڕۆری دکتۆر شەڕەفکەندی حەولی دەدا کە ئەو مەجالە لەناو ببات، بەڵام نەتەنیا ئەو مەجالە لەناو نەچوو، بەڵکە کاریزما بوو بەو ڕایەڵێک کە کۆ گشتگیرتر، شێلگیرتر و یەکگرتووتر دەرکەوت. لەڕاستیدا کاریزما لەهەناوی بیرەوەرێکان، گێڕانەوەکان و نومادەکاندا بەردەوام دەبێتەوە.

کەوابێ دەشێ بگوترێ کە تێرۆری میکۆنۆس کردەوەیەک بوو دژ بە مانای گشتی بەرخۆدانی کوردستان، کە لەڕێی کاریزماوە و دکتۆر شەڕەفکەندی وەک کاریزما ئەو مانایە بەرهەم هاتبوو. ئەوەی لەمیکۆنۆس پێکراوە جەستە نەبوو، بەڵکە کاریزمایی کورد و کوردستانی بوو، کۆماری ئیسلامی دوای مەرگی خومەینی خۆی لەبۆشایی کاریزمادا دەدیتەوە، هەر بۆیەش لەکوردستان توانای تەحەمولی کاریزمای نەبوو، چوون تای تەرازووی بوون و بەرخۆدان لەبەرژەوەندی تەواوی کوردستاندا بوو، هەر بۆیەش حەولی دا کوردستان بخاتە بۆشایی کاریزما، بەڵام بەپێجەوانەی مەرگی خومەینی کە لێکەوتەکەی مەرگی کاریزمای لێکەوتەوە لەناو بازنەی کۆماری ئیسلامیدا، شەهیدبوونی دکتۆر شەڕەفکەندی مەرگی کاریزمای لێنەکەوتوە لە کوردستان، بەهۆی ئەوەکە ڕێچکەی هزری دکتۆر شەڕەفکەندی، پەروەردەی سوژەیەکی کوردی و کوردانە بوو لەکوردستان لەهەناوی بەرخۆدان بەدژ ئۆبژەکتیڤیسمی داسەپاوی کۆماری ئیسلامیدا.

ئەم ئەزموونە هەم لە ئاستی سیاسی و هەم لەئاستی فەلسەفی دەریخست، کە تووندوتیژی دژ بە کاریزما، تووند و تیژی دژ بە بوونی کۆ و مەجالەکانی دەرخستنی سوبژەکتیڤانەی مانایە، لەم چوارچیوەیەدا نە کەرەسەکانی ئۆبژەکتیڤی دەسەڵات کە کەش و مەجالەکانی بوونی سوبژەکتیڤە کە ئەوانی‌تر لەگەڵ "خۆ" کۆدەکاتەوە، و مەجالی کردەوەی بەکۆ دەخوڵقێنێت. تێرۆری دکتۆر شەڕەفکەندی نموونەیەکی ئاشکرا لە شەڕی بەردەوامی دەسەڵاتی نامەشرووع و بێ‌کاریزمایە لەگەڵ هەر سوژەیەکی کاریزماتیک کە لەگەڵی ڕووبەروو دەبێتەوە.

لەئاکامدا، شرۆڤەی تێرۆری کاریزماکانی کورد هەر لە ویەنەوە تا میکۆنۆس، ئێمە لەگەڵ حەقیقەتێکی بنەڕەتی ڕوبەروو دەکاتەوە: تووندوتیژی سیاسی لە بەستێنی بزاڤ‌گەلی ئازادیخوازانە و بوون‌خوازانەدا، تەنیا حەولێک بۆ سڕینەوەی جەستە نیە، بەڵکە حەولێکە بۆ لەناو بردنی مەجالەکانی بوونی بەکۆ، بەڵام مەرگی کاریزما ئەم حەولە پووچەڵ دەکاتەوە.

 

تێرۆری میکۆنۆس: لە جەستەی سڕاوە بۆ شەهیدبوونی سیمبۆلیک

تێرۆری میکۆنۆس، تەنیا ڕووداوێکی خوێنین نەبوو، بەڵکە بەخێرایی بوو پەروەندەیەکی یاسایی و سیاسی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، دادگای میکۆنۆس ماوەیەکی دوور و درێژ کار و چالاکی هەبوو، نەتەنیا بۆ مەحکووم‌کردنی بکووژانی فیزیکی، کە بۆ گەڵاڵە دارێژەرانی پشتی پەردە لەتاران. لەم دادگایەدا جەستەی خامۆشی شەهیدانی میکۆنۆس کەوتنە پەیڤ و بوونە ناسنامەی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی و بەڵگەی سەلمێنەری تێرۆریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، دیارەدیەکی نومادین کە کاریزمایی دکتۆر شەڕەفکەندی خوڵقاندی.

لەدەلاقەی بوون‌ناسانەوە چما تیشک بخەینە سەر دادگای میکۆنۆس، دەردەکەوێت کە ئەم دادگایە فۆڕمێک بەرهەم‌هاتنەوەی 'حزوور"بوو، شەڕەفکەندی بە جەستە نەمابوو، بەڵام لە ڕەوتی دادخوازی و دادگایی‌کردنی بکووژان و شاهیدی‌دانی شاهیدان، شەڕەفکەندی لەناو دەمارەکانی دادگادا و لەهەناوی بیرورای گستی و مەدەنی ئەوڕووپادا دەدرەوشایەوە. ئەمە ڕێک ئەم ساتەیە، کە نیشانی‌دا، بوونی کاریزما تەنیا بەستراوە و قەتیس لەناو جوگرافیایەکی تایبەتا نیە، ئەو دەتوانێ سنوورەکان ببڕێت و کەشەکان و فەزاکان تێپەڕێنێت، خۆی ببێتە کەش و فەزایەکی گشتگیر و نومادین. بەکورتی دەشی بگوترێ کە دادگای میکۆنۆس کاریزمایی شەڕەفکەندی لەسنوورەکانی کوردستان بردە دەر و لە حافزەی سیاسی و گشتی ئەوڕووپادا مسۆگەری کرد. بێ‌گومان مەرگی کاریزمای میکۆنۆس نیشانی‌دا کە مەرگی کاریزما مەجالی دەوامی بوون دەڕەخسێنێت.

 

کاریزما لەگوێن بەرخۆدان دژ بە ئۆبژەخوڵقێنی

یەکێک لەئامانجە سەرەکێکانی تووندوتیژی سیاسی، بەرهەم‌هێنانی ئۆبژە لەبوونەکانە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ ڕێبەڕانی کاریزما لە سوژەی زیندۆوە بۆ جەستەیەکی کوژاوە دابەزێندرێن، ئەمە هەمان لۆژیکی کەرەسەیی دەسەڵاتە، کە جەستە بەناوەندی هەست پێناسە دەکات. بەڵام بەپێچەوانەی ئەم لۆژیکە کاریزما ئەساسەن لە جەستە بانتر دەڕوات، کاریزما پێوەندێکە لەنێوان ڕێبەڕان و کۆ، فۆڕمێک بەستێنی هێز کە نە بە گوللە لەناو دەچێت و نە لەزیندا خامۆش دەکرێت.

لە تێرۆری میکۆنۆسدا، کۆماری ئیسلامی حەولی‌دا، دکتۆرشەڕەفکەندی لە سوژەیەکی زینۆوە بۆ ئۆبژەیەکی سڕاوە دابەزێنێت، بەڵام ڕێک لەم کاتەدا، شەهیدبوونی دکتۆر شەڕەفکەندی ڕوانگەیەکی‌تری لە کوردستان و لەجیهاندا لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی و کوردستاندا ئەکتیڤ کرد. ئەو لە ئۆبژەیەکی کوژاوە بەرەو هێمایەکی بوژاوە گوازرایەوە و لەفۆڕمی مانایەکی نیشتیمانیدا بەرهەم هاتەوە. بەکورتی لە میکۆنۆسدا دکتۆر شەڕەفکەندی بوو بە رۆژەڤ.

هەڵەی بنەمایی کۆماری ئیسلامی لەتێرۆری دکتۆر شەڕەفکەنیدا ئەوە بوو کە "بوون" دادەبەزێنێتە "بوونەوەر" واتە بەهەڵە "بوونەوەر" لەجیات "بوون" دەبینێت و لای وایە کە بە سڕینەوەی بوونەوەر، بوون دەسڕدرێتەوە، بەڵام ڕێک هەڵەکە لێرەدایە کە کاریزما جگە لە بوونەوەر تایبەت‌مەندێکی گریینگ و بنەڕەتی هەیە، ئەویش "بوون"ە. بۆیەش کاریزما لەبەرامبەر ئەم دابەزاندنەدا دەوەستێتەوە.

دکتۆر شەڕەفکەندی لەکاتی شەهیدبووندا ئیتر بوونەوەر نەبوو، بەڵکە بوونێکی ئاسۆیی بوو کە کوردستان و کورد بەڕوونی دەیان دیت. بۆیەش میکۆنۆس تەوەرەی شکەستی پڕۆژەی سڕینەوەی دکتۆر شەڕەفکەندی بوو.

 

فەلسەفەی تووندوتیژی و سنوورەکانی شەرعییەت

تووندوتیژی بەردەوام حەولێکە بۆ پچڕاندنی پێوەندی نێوان کاریزما و لایەنگرانی، بەهۆی ئەوەکە هێزی کاریزما بەرهەمی پیوەندی زیندووی کاریزما لەگەڵ لایەنگرانێتی، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدا کاریزمایی لەناو بەشێکی لایەنگرانیدا هەبوو، بەڵام بەرەبەرە زیندووی پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگا لەدەست‌دا، ئەو هەڵبەت هەر لەسەرەتاوە لەڕێی تووندوتیژی حەولی لایەنگر خوڵقێنی ئەدا، ئەمەش خاڵی بچووکی زاڵێتی کۆماری ئیسلامی بوو، لەکاتێکا دکتۆر قاسملوو و شەڕفکەندی نە لەڕیی زاڵێتی، دەسەڵات و هێز کە لەڕیی کاریزماییەوە بوونە ئاسۆی کورد و کوردستان و ئەم حەقارەتەش بۆ کۆماری ئیسلامی تۆقێنەر بوو، بۆیەش دەبا لەناو چوو بایەن بە جەستە، تا کورد و کوردستان لە بێ ئاسۆیی و بێ‌کاریزماییدا لەئاکام گوێ‌ڕایەڵ و ملکەچی زاڵێتی کۆماری ئیسلامی بن. 

لەڕاستیدا هێزی کاریزما، هێزی ڕاستەقینەی ئێسپینۆزاییە و هێزی کۆماری ئیسلامی هێزی ئۆبژەکتیڤ و ناڕاستەقینەی ئێسپینۆزایی. هێزی ڕاستەقینەی ئیسپێنۆزایی ئەو هێزەیە کە لە هەناوی کۆ را و لەهێز و توانای بوون‌ڕا هەڵدەقوڵێت، لەبەرامبەردا هێزی ناڕاستەقینەی ئێسپینۆزایی هەمان تووندوتیژی پێکهاتەیەە کە حەولی لغاوکردنی هێزی ڕاستەقینە دەدات، تێرۆری میکۆنۆس حەولی هێزی ناڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی بۆ لەناو بردنی هێزی ڕاستەقینەی کاریزمای کورد بوو، بە مەبەستی هێز و توانا سڕینەوە لە بەرخۆدانی بوونخوازانەی کورد.

هەربۆیەش تێرۆرۆی میکۆنۆس نە بەتەنیا وەک جینایەتێکی سیاسی کە پێویستە لەگوێن گۆڕەپانێکی فەلسەفی ببیندرێت، گۆڕەپانێک کەلەودا تووندوتیژی حەول ئەدات کە بەسەر حزووردا زاڵ بێت، بەڵام لەئاکامدا شکەست‌دەخوات و لێکەوتەکەی بەپێچەوانەی خواستی ئەو بانتر بوون و بەربڵاوتر بوونی کاریزمایە.

کۆتا وتە

تێرۆری دکتۆر شەڕەفکەندی، دەریخست، کە تێڕۆر هێرشێکە بۆ لەمەیدان بەدەر کردنی رکابەری بەهێز، کە مەترسی و هەڕەشەیە بۆ بوون و حزووری نامەشڕووعی زاڵێتی. تێرۆر هێرشێکە بۆسەر هەموو رەهەندەکانی بوونی کاریزما، بەمەبەستی پێش‌گرتن بە ڕێکخستن و بەڕێکخراو کردنی لایەنگرانێک کە ئیرادی و دڵخواز شوێن کاریزما کەوتوون. لێرەدا فەلسەفە دەریدەخات کە مەرگ کۆتایی نیە، بەڵکە بۆ کاریزما دەست‌پێک و سەرەتایەکی نوێیە بۆ بوون و حزوور. بوون‌ناسی پێمان دەڵێت بوونی سوبژەکتیڤانەی کاریزما سنووردار لە بوونی جەستەییدا نیە، حزووری کاریزما لە حافزەی‌گشتی، مێژویی و نابەئاگایی کۆمەڵگا و لایەنگرانی دایە.

 

 


شاهۆ حوسێنی: بەربەستێکی دەروونیی ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی هزری و گوتارییە، نەک بەتەنیا سیاسی

  دیمانە: حەسەن شێخانی ئاماژە : پرسی نەتەوە بۆ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و ناسنامەی نەتەوەییان جێگیر بووە و هیچ مەترس...