شاهۆ
حوسێنی
لە
کاتی شرۆڤەی ئەزموونی کورد لە رۆژاوادا، بەشی هەرە زۆری شرۆڤەکان لە ئاستی دادوەرییە
ئەخلاقییەکاندا فۆرمولە دەکرێن؛ وەک بڵێی ئەوەی ڕووی داوە، پێش هەر شتێک، ترازانی
وەفاداری بووبێت. ئەم فۆڕمە لە شیکاریی، ڕێ لە هەر جۆرە پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت
بە هەبوونی کورد وەک سوژەیەکی فەلسەفی لە ئایدۆلۆژیای پەکەکەدا دەگرێت. لەم گۆشەنیگایەوە
و بە چەقکردنی هەژموونی ئایدۆلۆژیک، سەربازی و سیاسیی پەکەکە لە ڕۆژاوا، ئەوەی ڕووی
داوە ناکرێت تەنیا لە قاڵبی هەڵە یان خیانەتی ئەوانی دیکەدا شی بکرێتەوە؛ کێشەکە هەر
لە سەرەتاوە پێکهاتەیی بووە: کورد هەرگیز لە نەزمی جیهانیدا وەک سوژەیەکی شیاوی
ناسینەوە ئامادە نەبووە، بۆیە کردەوەی ئەمریکا ئەگەرچی بڕیارێکی دوور لە پرەنسیپە
سیاسییەکان بوو، بەڵام ڕەنگدانەوەی دۆخێکی "ناسوژەیی" بوو کە پڕۆژەی
پ.ک.ک لە ڕۆژاوا دروستی کردبوو.
لە
فەلسەفەی سیاسەیدا، سوژە کەسێکە کە بتوانێت نوێنەرایەتیی ئیرادەی مێژوویی خۆی
بکات، داواکاریی دیاریکراوی هەبێت و لە سیستەمی ماف و دەسەڵاتدا شیاوی ناسینەوە بێت.
نەزمی نێودەوڵەتیی مۆدێرن هێشتا لەسەر بنەمای ناسینەوەی ئەم جۆرە سوژانە کار دەکات.
هەر بوونێک کە لەم چوارچێوەیە بچێتە دەرەوە، نە دەسڕدرێتەوە و نە بە فەرمی دەناسرێت؛
بەڵکوو بۆ ئاستی "ئامراز" دادەبەزێت، واتە بوونەوەرێکی بەکارهێنراو و
کاتی لە لۆژیکی دەسەڵاتدا.
ئەزموونی
ڕۆژاوا دەشێ لەم دەلاقەیەڕا خوێندنەوەی بۆ بکرێت. ئەوەی لە باکووری سووریا دروست
بوو، نە دەوڵەتێکی کاتیی کوردی بوو وە نە پڕۆژەیەک بۆ جێگیرکردنی مافی دیاریکردنی
چارەنووس. پڕۆژەی ڕۆژاوا بە ئاگاییەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی نەتەوە، هەڵپەساردنی سەروەریی
نەتەوەیی و هەڵاتن لە زمانی یاسای نێودەوڵەتی دامەزرابوو. سیاسەت لێرەدا، لە بانگەشەی
خاوەندارێتی بەسەر زەوی، مێژوو و داهاتوو دوور کەوتەوە و خۆی وەک کردارێکی ئەخلاقی
و سەروونەتەوەیی پێناسە کردەوە. و بێگومان ئەم بڕیارە ئایدۆلۆژیکە لە جیهانی واقیعەکانی
دەسەڵاتدا، تێچووی پێکهاتەیی هەبوو.
دابڕان
لە ناسیۆنالیزمی کوردی و جەختکردنەوە لە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، هەڵبژاردنێکی
ئایدۆلۆژیک بوو؛ کە نەتەوەی نە وەک ئاسۆی ڕزگاری، بەڵکوو وەک داڕشتنێک لە دەسەڵات
دەبینی کە دەبێت تێپەڕێنرێت. بەڵام نەزمی جیهانی هێشتا لە چوارچێوەی نەتەوە و دەوڵەتدا
دەور دەگێڕێت؛ هەربۆیەش ڕەوایی پ.ک.کە و ناسینەوەی ئەو لە ڕەوایی کردەییدا هەڵپەسێردرا.
بێگومان پڕۆژەیەک کە لە فەرمی ناسینی دەرەکی هەڵدەپەسێرێت، دادەبەزێتە ئاستی
ئامراز، واتە تەنیا ئامرازی ئۆپەراسیۆنە بۆ ئەوانی تر.
ئەخلاقی
شۆڕشگێڕانە، ئەگەر بۆ زمانی دەسەڵاتی نەتەوەیی وەرنەگێڕدرێت، دەبێت بە کەرەسەی بەکارهێنراو.
کوردەکان لە ڕۆژاوا هێزی سەرەکیی خەبات دژی داعش بوون و تێچوویەکی مرۆیی قورسیان
دا، بەڵام "کورد" وەک سوژەی سیاسەت غایب بوو. ئەمریکا ڕووبەڕووی کورد نەبووەوە،
بەڵکوو لەگەڵ "ئیمکان"ێکدا ڕووبەڕوو بوو؛ بوونەوەرێک کە تا ئەو کاتەی بەسوود
بوو، بەکار هێنرا و هەرگیز بە فەرمی نەناسرا.
ئامرازبوونی
کورد دەرئەنجامی دۆخی "ناسوژەیی"یە کە خودی پڕۆژەی پۆست-نەتەوەگەرایی
دروستی کردبوو. ئامادەبوونی کاریگەر بەڵام نەبینراو، کردارێک کە نابینرێت بەڵام بەکار
دەهێنرێت، دەرئەنجامی غیابی سوژەیە؛ غیابێک کە ئەنجامی بڕیاری تیۆری و پێکهاتەییە،
نەک بەتەنیا لێکەوتەی سیاسەتی دەرەوەی ئەوانی دیکە.
کەواتە
کێشەی سەرەکی لە خودی فۆرمولەکردنی سیاسەتی کوردی دایە. لەو ساتەی کە سوژەی کوردی
لە سیاسەت سڕایەوە، ئیمکانی بە فەرمیناسینیش لەناو چوو. ئەوەی مایەوە، ئامادەبوونێکی کردەیی
بەڵام بێ ماف و نوێنەرایەتی بوو. پرسیاری ڕاستەقینە، لە ئەنجامدا، ئەمەیە: ئاخۆ سیاسەتێک
کە بە ئاگاییەوە لە "سوژەبوون" هەڵاتووە، دەتوانێت لە جیهانێکی نەتەوە-تەوەردا
چارەنووسێکی دیکەی جگە لە ئامرازبوون هەبێت؟
