(ڕەخنە لە ڕوانگەی عەباس وەلی لە دەلاقەی
پارادایمی پۆست کلۆنیالڕا)
شاهۆ حوسێنی
گرینگترین غایبی لێدوانەکەی بەڕێز عەباس وەلی سوژەی
کوردیە، واتە بەڕێزیان نە لەدەلاقەی زەینی کوردانەڕا کە وەک نوێنەری ئەندێشەی
داگیرکەر خوێندنەوە بۆ کورد و کوردستان
دەکات. لەم کورتە نووسراوەیەدا لە دەلاقەی پاڕادایمی پۆست کڵۆنیالڕا حەول دەدەم
بەشێوەی ڕەخنەگرانە بپڕژێمە سەر لێدوانی بەڕێزیان. پاڕادایمی پۆست کڵۆنیال (Postcolonial Theory) کۆگشتیەک لە روانگە و شرۆڤەی ڕەخنەگرانەیە کە تەوەرەی
سەرەکی باسەکانیان شرۆڤەی کارتێکەری و لێکەوتەکانی بەردەوامی سوڵتەی داگیرکاری
لەسەر کلتوور، سیاسەت، زمان و شووناسی داگیرکراوە. ئەم پاڕادایمە بەتایبەتی سرنج
دەخاتە سەر دەنگی "ئەویتر" یان "سوژەی داگیرکراو" و حەول
دەدات نیشانی بدات کە چلۆن سوڵتەی داگیرکەر هێشتا لە ناو دیسکۆرسەکان، ناوەندەکان
و درکاندنەکانی ئەمرۆیی داگیرکراودا هێژمۆنیان هەیە. ئەم پاڕادایمە کلۆنیالیزم نەک
وەک دەرکەوتەیەکی مێژوویی کە وەک دۆخێکی هەنووکەیی شرۆڤەدەکات. پاڕادایمی پۆست
کلۆنیال لەخۆگری چەمکگەلێکی گرینگە:
ئەویتر بەرهەمهێنان (Othering):
داگیرکەران کلتوور و کۆمەڵانی خەڵکی داگیرکراو وەک
"ئەویتر" سەرەڕۆ، نەفام، وەحشی و ناتێگەیشتوو پێناسە دەکەن و لەسەر ئەم
باوەڕين کە ئەوان پێویستیان بە ڕێنوێن و پێشەنگ هەیە.
دەرخستنەوە
(Representation):
شێوازی دەرخستن و ئەم وینایەی کە لە کۆمەڵگا داگیرکراوەکان
دەری دەخن و دەینوێنن، هەموو کات ساختە و جەعلیە.
دەنگ و بێدەنگی (Voice & Silence):
سوژەی داگیرکراوە بەردەموا لە گێڕانەوەکاندا غایبە و
کەسانیتر بە نوێنەرایەتی ئەوان دەدوێن.
زانست و دەسەڵاتی کلۆنیالیستی: (Knowledge and Colonial Power)
بیرمەندانی ئەم پاڕادایمە لەسەر ئەم باوەڕەن کە زانستی
بەرهەمهێندراو لەمەر داگیرکراو تەنیا و تەنیا کەرەسەیەک بۆ کۆنتڕۆڵ و خۆسەپاندنە.
غیابی سوژەی کوردی لەگوێن بکەری سەربەخۆ (agency)، کاتێ بەڕێ وەلی لە دەستەواژەی ئەحمەق بۆ
خواست و ویستێکی ڕەوا کەڵک وەردەگرێت، بەفەرمی خۆ لە شرۆڤەی بەستێنە مێژوویەکان،
زوڵمی پێکهاتەیی و هۆکارەکانی دەرکەوتنی خەیاڵی سیاسی لە کوردستان دەبوێرێت. ئەو
شێوازە لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سوژەی کوردی لەناو لێدوانی بەڕێز وەلیدا دەبێتە
هۆی دابەزاندنی سوژەی کوردی لە بکەرێکی مێژوویی بۆ ئۆبژەیەکی جێگای ڕەخنە.
چما ئەگەر نەخشەی کوردستانی مەزنیش لە نەزەر
ژێئۆپۆلەتیکی جێگای کێشە و مستوومڕیش بێت، یان مەجالەکانی دەرکەوتنی جارێ ڵێڵ بێت،
ئەوا هێما و سەمبولی ڕزگاری و مەیلی بە ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردانە، بەجۆرێ کە
نەفیکردنی ئەم خەیاڵە بەبێ لەبەرچاو گرتنی دۆخی سوژەی کوردی جۆرێ سڕینەوە و خامۆشکردنی
دەنگی سوژەی کوردیە. بەواتایەکیتر لە لێدوانەکەی بەڕێز وەلیدا لەجیات حەول بۆ فام
و تێگەیشتنی سوژەی کوردی، سوژەی کوردی قەزاوەت و داوەری دەکرێت، ئەمیش نەب عەقڵی
سوژەیەکی داگیرکراو کە بە عەقڵی سوژەی داگیرکەر.
بەگشتی گرینگترین ڕەخنەی لێدوانەکەی بەڕێز وەلی بریتین
لە:
لەکاتێکا سوژەی کوردی حەول دەدات بدوێت، شووناسساز بکات
و خەیاڵیسیاسی خۆی بەرهەم بهێنێت، بەڕێز وەلی لە شوێنی ڕوانەرێکی زاناڕا حەولی
سووکایەتی و بەلاڕێدا بردنی حەولی سوژەی کوردی دەدات. بەڕێز ولی لەجیات بیستن و
فامی سوژەی کوردی حەولی بێدەنگکردنی ڕەوتی جیا دوان و جیاخۆدەرخستنی سوژەی کوردی
دەدات.
بەباوەڕی گایاتری ئێسپیواک (Gayatri Spivak)، داگیرکەران (و دوایی ڕووناکبیرانی پەساکلۆنیال)
لەجیات دوان لەگەڵ سوژەی داگیرکراو، حەول دەدەن لەجیات ئەو بدوێن، داگیرکەران
لەڕیی ڕووناکبیرانی ئۆرگانیک حەول دەدەن لەجیات گرینگیدان بە خواست، ئەزموون و
ویستی سیاسی داگیرکراوان، ئەوان وەک تێکدەر، نەفام، گەمژەو نەخویندەوار پێناسە بکەن،
واتە سوژەی داگیرکراو غایب دەبێت.
خەساری گەورەی ئەم ڕەوتە لەمە دایە کە رووناکبیرانی ئۆرگانیک
زانستێک دووپات دەکەنەوە کە لەسەر بنەمای نەزمی زانیی داگیرکەر بنیادنراوە. لەم
ڕوانگەیەدا هەر جۆرە حەولێک بۆ شووناسسازی نەتەوەیی، کلتووری و کۆمەڵایەتی، وەک
دواکەوتوییو عەشیرەخوازی پێناسە دەکرێت.
خەونوخەیاڵی سیاسی فۆڕمێک لە دژکردەوەی خۆراگرانە: (Subaltern
Agency)
بەشیکی زۆر لە توێژەرانی ناو پاڕادایمی پۆستکلۆنیال وەک
هۆمی بابا و ئێشیل مبمبە لەسەر ئەو باوەڕەن کە خەون و خەیاڵی سیاسی(even if unrealistic by
hegemonic standards) فۆڕمێک خۆڕاگری لەبەرابەر حەول بۆ سڕینەوە، بێ
دەسەڵاتی و نەدیتنە. بۆیەش هەر جۆرە سووکایەتیکردن بە خەونو خەیاڵی سیاسی لەجیات
فام و تێگەیشتن لەوان، حەولێکە بۆ خامۆشکرد و بێدەنگکردنی سوژەی کوردیە بەبێ
ئەوەیکە مەجالی تێگەیشتن لە خواست، ترۆمای مێژویی و خەیاڵی ڕزگاریخوازەنی کورد
ڕەخسابێت.