شاهۆ حوسێنی
ئاخۆ ئێمە خۆمانین یا ئەو بوونەین کە ئەویتر
بەرهەمی هێناو؟ ئەمە پرسیارێکی ڕادیکاڵ و بنچینەیە، چما لە روانگەی هایدگێرەوە
بڕوانین ئێمە دەکەوینە ناو هەناوی قەیرانی بوونمان. بێگومان بۆ ئێمەی کورد، ژین لەناو
جیهانێکدا کە بەردەوام بە زمان و لۆژیکی ئەویتر بەرهەم هاتوە، یانی گرفتار بوون
لەدۆخێکدا کە هایدگێر ناوی دەنێت "داسمەن" (Das Man)؛ بوونێک کە نە بەرهەمی خۆمان، کە بەرهەمهاتوو
لەناو چوارچێوەی زەینی ئەویتر ڕایە، دەشێ بگوترێ لاسایی کردنەوەیەکە لەبوون. ئەم
کورتە نووسراوەیە حەولێکە بۆ دەرچوون لە دۆخی داسمەن و بزوێنەرێکە بۆ داڕشتنی سوژەبوون
و ڕەخسین لەهەناوی بەرهەمهاتوویی و بێدەسەڵاتی مێژوویی.
داسمەن
چیە؟
چەمکی (Das Man) لەپەڕتووکی
"هەستی و زەمان"ی مارتین هایدگێردا ئاماژە بە فۆڕمێک بوون لە ژیانی
مرۆڤەکانە کە لەودا تاک نە لە ڕووی ئاگایی کە لەڕێی چاوەڕوانێکانی ئەویتر بڕیار
دەدات.
ژیان
لەناو چوارچێوەی داسەمەندا بە مانای: ئەوان ئاوا هەڵسووکەوت دەکەن، ئاوا بڕیار
دەدەن، ئاوا بیردەکەنەوە، ئاوا کردەوە و دژکردەوە نیشان دەدەن، کەوابێ منیش دەبێ
وەها بم، وەک ئەویتر و ئەوان بم. لەوەها ژینێکدا مرۆڤ لە دەرەوەی خۆی ڕاستەقینە و ڕەسەن و لەناو
چوارچێوەی دیسکۆرسی زاڵی ئەویتردا، دەور و نەخشە لەپێشدا داڕێژراوەکان دەگێڕێت.
بەباوەڕی هایدگێر داسمەن جێگەیەکە کە "ئێمە" دادەبەزینە ئاستی
"ئەوان"
کورد
لەگوێن داسمەن
چما بەکەڵک وەرگرتن لەم چەمکە شرۆڤەی دۆخی
کوردەکان لە ڕۆژهەڵات بکەین، وێنایەکی روون لە ئۆبژەبوون، ئەویتر بەرهەمهاتوویی
و سوژەسڕاوەیی دەردەکەوێت. کوردەکان هەر لە دەسپێکی لەدایک بوونڕا، دەخرێنە ناو
چوارچێوەیەکی کە نە زمانی ئەو، نە مێژووی ئەو، نەخواستی ئەو و نە خۆگێڕانەوەی
کوردانەی ئەو بە فەرمی دەناسێت. فارسی وەک جیهانی زەینی، زمانی دەسەڵات، فێرکاری و
بارهێنان و مانایی، چوارچێوەیەکی زاڵی داڕشتوە کە دەسەپێنێت و کورد پێویستە
تێگەیشتن، فام و ڕوانینی لەم چوارچێوەیەدا بەرهەم بهێنێت. کورد لە
قوتابخانەدا، لەڕێی ڕاگەیەنەرەکانی گشتی، دەزگا حکوومێکان و لە ساکارترین
پێوەندێکانی ڕۆژانەشدا دەبێت بە زمانی· ئەوان
بدوێت.
لەڕاستی ژین لەناو زمانی ئەویتردا، تەنیا کێشە و
مەسەلەیەکی زمانی نیە، بەڵکە دیاردەیەکی ئانتۆلۆژیکە، دەشێ بگوترێ کورد بۆ ئەوی
تێیبگەن، پێویستە وەربگێڕدرێتەوە، واتە دەبێت خۆی ڕادەستی چوارچێوەی مەفهوومی و
زمانی ئەویتر
بکات. ئەمەش ڕێک دۆخی "داسمەنە"، ژین لە ئیمکانی ئەویتردا.
ئۆبژەبوون
لە چوارچێوەی دیسکۆرسی زاڵدا
یەکێک لە لێکەوتەکانی سەرەکی داسمەن،
دابەزین لە ئاستی سوبژەوە بۆ ئاستی ئۆبژەیە، لەڕاستیدا لە نەزمی فارس تەوەرەدا
کورد لەناو فۆرماسیونی مانایی "کەمینە"دا پێناسە دەکرێت و کورد بوون
دەبێتە کێشە و مەسەلە، نەک بوونێک و هەستیەکی مەشڕوع، واتە دەبێتە کێشە و
قەیرانێکی ئەمنی، سیاسی و دادەبەزێندرێتە ئاستی "قەوم"، بە کورتی لە
جیهانی زەینی فارسیدا کورد بەردەوام لە ئاستی "ڕوونکراوە"دا دەردەخرێت
نەک لە ئاستی "ڕوونکەرەوە"دا.
کورد بەردەوام پێویستە بسەلمێنێت، پاساو
بێنێتەوە، پاکانە بکات، کە دەش بیندرێت تەنیا لە دەلاقەی ئەویتری زاڵدا دەردەکەوێت.
ئەم دۆخە دۆخی ئۆبژە بوونە کە هایدگێر لەبارەیەوە وریایی دەدات: شوێنێک کە مرۆڤ
"خۆی بوون" لەدەست دەدات و تەنیا لەپێوەندی لەگەڵ ڕوانگەی ئەویتردا
مانا و بوون پەیدا دەکات.
زمان
و فێرکاری وەک کەرەسەی بەرهەمهێنانی داسمەن
لە
نیزامی بێرکردنەوەی ئێراندا، کورد نەتەنیا زمانی دایکی لەدەست دەدات، کە لەڕەوتی
فێرکاریدا فێر دەبێت، خۆی لەچاوی ئەویتری فارسڕا ببینێت، واتە قوتابخانە،
ڕاگەیەنەرەکان، سیستمی یاسایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووری بەگشتی، هەر
لەسەرەتاوە کورد دەخەنە دۆخی "لەخۆ بێگانە" بوون. لەم نیزامەدا کورد
پێویستە کۆک، ڕاست و گونجاو بدوێت و بنووسێت و ئەمەش نالوێت مەگەر بەکەڵک وەرگرتن
لە زمانی فارسی و لەڕیی فێربوونی زمانی فارسی. ئەم ڕەوتە بێگومان بەرهەمهێنانی
سیستماتیکی داسمەنە: بوونێکی کە بوونی نەک لە دەروونی خۆیڕا کە لە دەرەوەڕا
وەردەگرێت.
خۆپارستن
لە ڕەسەنایەتی یا ڕاکرتن لە بەرپرسیارێتی بوون
بەباوەڕی هایدگێر داسمەن تەنیا تاک لایەنە و
بەهۆی سەپاندنی لایەنی هێژمۆن و باڵادەستەوە دەرناکەوێت، بەڵکە دۆخێکە کە مرۆڤ
خۆشی وەریدەگرێت و ملکەچی ئەم فۆڕم لە بوونە دەبێت، دەشێ بگوترێ کە داسمەن
ڕێگەیەک بۆ دەرچوون و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی بوونە، واتە کاتێ مرۆڤ لە چوارچێوەی
عورفی کڵیشەیی و دیسکۆرسی ژیانی ئەویتردا کۆمەڵگر دەبێت، خۆی لەژێرباری بڕیاردانی
سەربەخۆیانە دەردەخات و ڕادەکات لە بوونێکی سەربەخۆیانە کە مافی مرۆیی ئەوە. لە
کوردستان قبوڵی دۆخی داسمەن بە مانای ڕاهاتن بە کەمینەبوون، هەڵاواردن، سەرکووت و
تواندنەوەیە، خووگرتن بە دۆخی ئۆبژەبوون، خۆپارستن لە بەرخۆدان و خۆ دەرنەکەوتن.
دەرچوون
لە دۆخی داسمەن
دەرچوون لە دۆخی "داسمەن" بەلای
هایدگێرەوە تەنیا لەڕیی ئاگایی ئانتۆلۆژیک مسۆگەر دەبێت: پرسیار لە بوون، ڕووبەڕوو
بوونەوە لەگەڵ مەرگ و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی خود، بۆ کورد ئەم ڕەوتە دەتوانێ لەڕێی
زمانی کوردێوە(زمان نە بە مانای کەرەسەی ئاخافتن، کە بەمانای مەکۆی ژیانی زەینی و
جیهانی ئەندێشەی کوردانە) دەربکەوێت. گەڕانەوە بۆ زمانی دایکی، گەڕانەوە بۆ لەشی
کوردانە، ڕەنج، مێژوو و ڕەسەنایەتی کوردانە. لەلایەکیتر بەرهەمهێنانی گێڕانەوەیەکی
نوێ، گێڕانەوەیەکی کە کورد نەک وەک کەمینە، قەوم و ئێرانی کە وەک سوژەیەکی زیندوو،
مێژوویی و سەربەخۆ بنوێنێتەوە. دەرکەوتنی وەها سوژەیەک پێویستی بە بەرخۆدان،
بەربەرەکانی بەدژ شووناسی دەسکری بێگانە و دەرخستنی کەشی مانایی نوێی کوردانەیە.
لە
داسمەنەوە بەرەوە دازاین
لەنەریتی
هزری هایدگێردا داسمەن هێمای دابەزین هەستی مرۆڤە بۆ ئاستی وەک ئەویتر چوون و
ئەویتر بوون، بێگانەبوون لە خۆ و دۆخیێک کە لەودا سوبژەبوونی مرۆڤ لە بێناوی
گشتی زاڵدا دەتوێتەوە و بوونی ڕەسەن جێی خۆی دەداتە دەور و نەخشێکی شانۆیی کە
ئەویتر بۆی دیاری کردوە، لەم دۆخەدا مرۆڤ نە خوڵقێنەر و بەرهەمهێنەر کە
دەکارکەری زەین، فام و مانایە کە پێشتر بەرهەمهاتوون.
کە لەم چوارچێوەیەڕا دەڕوانینە بەستێنی ئەزموونەکانی
مێژوویی-سیاسی کورد، بۆمان دەردەکەوێت کە کوردەکان زۆر دەمێکە لە دۆخی "داسمەن"دا
دەژین، دۆخێک کە ئەویتری داگیرکەر چ لە فۆڕمی دەسەڵاتی حاکمدا و چ لە فۆڕمی
ئایدۆلۆژی داپڵۆسێنەر کوردەکانی لە سوژەبوون بەتاڵ کردوە.
داسمەنی کوردی یانی ژین لەناو روانگەی ئەویتری فارسدا،
یانی هاتنە دونیا بەبێناوی، بێدەنگی و ژین لەناو شووناسێکی داسەپاو جەعلیدا.
لەم دۆخەدا دەنگێک لەهەنوای کۆمەڵگای کوردیدا خەریکە
بەرز دەبێتەوە و گشتگیر دەبێت، لە هەناوی دیازپۆرای کوردڕا، ئەم دەنگە حەول بۆ
تێپەڕاندنی دۆخی "داسمەن" بەرەو "دازاین"ه. دۆخێک کە دیازپۆرا
لە حەقیقەتی کوردانەی خۆی گەیاندوە، دەنگێک کە لە دەرەوەی بازنەی زەینی
ژیءۆپۆلەتیکی دایگەرڕا دەبیسرێت. دازاینێک کە دەپرسێت: بوونی منی کورد لە
جیهانێکدا کە حەولی سڕینەوەی من دەدات، چلۆن دەلوێت؟
وڵامەکەی نە لە وەکیەک بوون و وێکچوون لەگەڵ پارادایمە
زاڵەکان دایە، کە لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی زمان، حافزە و ئاسۆی هەستیدایە. بیرکردنەوەی
بە زمانی خۆ، نووسینەوە بە زمانی خۆ، گێڕانەوەی ئەزموونەکانی ژیاو بە زمانی خۆ لە
تەنیشت داڕشتنەوەی ئەو مێژوویەی کە سەرکووت کراوە. بە کورتی بیرکردنەوە لە دەروونی
خۆمانڕا. بەگشتی بۆ ئێمەی کورد کەرەسەی دۆزینەوەی هەستی و بوونی کوردانەمانە. کورد
چما بوونی خۆ بیرنەکاتەوە، ئەویتر لەجیاتی کورد بیردەکاتەوە، ئەگەر خۆمان
نەنووسینەوە، ئەویتر دەمان نووسێتەوە. کەوابێ فەلسەفە بۆ کورد تەنیا دیاردەیەکی ئاکادیمیک
نیە، فەلسەفە تەنیا خواستێکی فەلسفی نیە کە پڕاکتیکێکی سیاسی و بوونانەیە.
هەر بۆیەش کورد ناچار لە تێپەڕینێکی ئانتۆلۆژیکە: لە
داسمەنێک کە لە نەزمی زاڵدا تواوەتەوە بۆ دازاینێک کە دەپرسێت، ڕەخنەگرە، بەربەرەکانیکەرەو
بنیادنەرە.
