۱۴۰۴ شهریور ۲۰, پنجشنبه

نزمی(ابتذال) شەڕ(شر)؛ لە بۆرۆکراسی مەرگەوە بۆ بەکرێگیراوی فاشیسمی ئێرانی

 








(فینۆمێنۆلۆژی گوێ‌ڕایەڵی‌و بەکرێگیراوی لە کوردستان)

شاهۆ حوسێنی 

لەمێژووی ئەندێشەدا، شەڕ(شر) زۆرجاران لەگوێن هێزێکی خاوەن‌ڕیشە، ڕازاوی و مێتافیزیکی پێناسەکراوە، لە دوانەی خێر و شەڕ، شەو و ڕۆژ، نوور و تاریکی‌ڕا بگرە، هەتا مرۆڤی بەئیمان و بێ‌ئیمان، مرۆڤی باش و خراپ.

بەڵام هانا ئارێنت بە وردبوونەوە لە موحاکمەی ئادۆڵف‌ئایشمن لە ئورشيلیم، شۆڕشێکی لەفامی "شەڕ" (شر)دا بەدی هێنا. ئەو بە ڕوونی لەوە تێگەیشت کە "شەڕ" نەتەنیا دەتوانێ لێکەوتەی بڕیارێکی ئاگایانە و چەوتانە بێت، کە زۆرجار دەتوانێ لە ڕواڵەتی‌ترین و ساکارترین دیاردەکانی ژیانی ڕۆژانەدا، لە فۆڕمی کۆڕگێرێکی ئیداری، مامۆستایەکی قوتابخانە، قوتابیەک و خوێندکارێکدا دەربکەوێت. ئەم شۆڕشە مانایە بەگشتی هاوکێشەکانی فەلسەفەی ئەخلاق و سیاسەتی گۆڕی، بەجۆرێ کە  شەڕ(شر)دەتوانێ زۆر جار نزم(مبتذل) بێت، واتە بەبێ ڕیشەیەک لەهەناو و مێتافیزیکدا، لە ڕواڵەت و ڕوتینی نۆڕماڵی ژیاندا دەربکەوێت وەک لێکەوتە و بەرهەمی بێ‌ئاگایی، تێنەفکرین، گوێ‌ڕایەڵی‌کوێر کوێرانە و غیابی قەزاوەتی لۆژیکی.

لەم دەلاقەیەدا، نزمی شەڕ فێرمان دەکات کە هەڕەشەی سەرەکی مرۆڤەکان، نە لەمەیل و خواستیان بۆ زاڵێتی یان سرووشتی هەڕەشەخوازیاندا، کە لەتوانای وێرانکەریان لە دەستکێشانەوە لە تێفکرین دایە. ڕێک لێڕەدایە کە فەلسەفە لەگەڵ سیاسەت پێوەندی پەیدا دەکات، فامی ئەوە کە چلۆن پێکهاتەگەلی دەسەڵات دەتوانن لە بێ‌دەنگی و ملکەچی کۆمەڵگا و خەڵکی ئاساییدا، ماشینی مەرگ و سەرکووت سازبکات.

بۆرۆکراسی مەرگ و ئایشمەن 

ئایشمەن لەدادگادا سیمایەکی ئاسایی و ڕواڵەتی هەبوو، ئەو نە هەڵکەوتەی شەڕ بوو، نە سادیستێکی چەپەڵ، بەڵکە کارمەندێک و کۆرگێڕیکی ئاسایی بوو کە بە زمانێکی ویشکی بۆرۆکراتیک دەیگوت: من تەنیا ئەرکی یاسایی خۆم ڕاپەڕاندوە، لێرەدا ئارێنت بۆی‌دەرکەوت کە مەترسی و هەڕەشەی ڕاستەقینە نە لە بێ‌بەزەیی و دڵڕەقی دەگمەن، کە لە غیابی ئەندێشە، ملنان، خۆڕادەست‌کردن و خۆبەدەستەوادان بە سیستم دایە. کەوابێ دەشی بگوترێ کاتێ شەڕ نزم دەبێت کە کردەوەی دژمرۆیی لەچوارچێوەی ئەرکی ڕۆژمەڕەدا پاساوبدرێت و بێ شەرت و مەرج ڕەچاو بکرێت.

نزمی‌ شەڕ لە کوردستان

ئەگەر ئەو لێنزە فەلسەفیە لەسەر دۆخی کوردستان دابندرێت، وێنایەکی روون دەردەکەوێت. لە وڵاتێکدا کە لەژێر زاڵێتی فاشیسمی فارسی دایە. بەشێک لە کۆمەڵگا ئاگایانە شوێن بەرژەوەندیخوازی کەوتوون و بوونەتە بەشێک لە زنجیرەی بەکرێگیراوانی فاشیسمی فارسی، بەڵام بەشێکیش نائاگایە بەبێ تێفکرین، لەغیابی هەرجۆرە ئەندێشەیەک بوونەتە بەشێک لە زنجیرەی گوێ‌ڕایەڵان، ملکەچان و کۆڕگێڕانی سیستمی بۆرۆکراسی فاشیسمی فارس، ئەم تاقمە بەربڵاوە لزوومەن هەیولای ئاگا بە شەڕاژوێی نین، بەڵکە بەشی هەرە زۆریان لەڕیی ڕەچاوی لۆژیکی ژیانی عادەتی و خوگرتوو بە سیستم، بوونەتە گوێ‌ڕایەڵ و ملکەچی سیستم، ئەوەی لەم ڕەوتەدا واتە ڕەوتی ملکەچی و گوێ‌ڕایەڵیدا وێرانکەرە: پەرەی بێ‌دەنگی و زاڵێتی بی‌دەنگیە کە مەرگ و سەرکووت نۆرمالیزە دەکات و بەم شێوەیە دەبێتە سووتمانی ماشێنی سەرکووت.

فەلسەفەی ملکەچی و بەرپرسیارێتی 

ئارێنت وریایی‌دەدات کە گەورەترین مەترسی لە توانایی مرۆڤ بۆ تێنەفکرین‌دایە، کاتێک کە مرۆڤ پرسیار لەویژدان و دادەوەری لەمەر کردەوەکانی کەسی وەلابنێت، ڕیک لێرەڕایە کە دەرگاکانی شەڕ دەکرێتەوە.

گوێ‌ڕایەڵی ڕۆژانە، حەتتا لە چوارچێوەی داهات و بەڵێنی پاراستنیشدا بێت، لە ئاکامدا ئەوەی بەردەوام دەبێت، پێکهاتە و زاڵێتی فاشیسمە. لەوەها دۆخێکدا بەرپرسیارێتی فەلسەفی و سیاسی هەر تاکێک، ڕاوەستان لەبەرامبەر ئەم نزمیە(ابتذال) دایە. بەرپرسیارێتی، بەربەرەکانی و وەرگرتنەوەی مەجالەکانی دادوەری تاک لەمەر کردەوەکان، نەکراوەکان و بێ‌دەنگێکانیدا.

کۆتا وتە

نزمی شەڕ وانەیەکی بەربڵاو و جیهان‌گیرە، هیچ نەتەوەیەک لە هەڕەشەکانی ئەو لە ئەماندا نیە، لە کوردستانیش وەک ئەوڕووپا، هەر بەو جۆرەی باسی لێوەکرا، کارەساتەکە کاتێ پەرە دەستێنێت کە خەڵکی ئاسایی بەبێ تێفکرین و لەڕەوتی تێنەفکرین و بەرخۆدان نەکردندا، بە ڕەچاوی بێ‌دەنگی و بێ‌خەیالی، دەچنە خزمەت ماشێنی سەرکووتی سیستم. شەڕی گەورە هەموو کات لە سەرێ‌ڕا داناسەپێندرێت، بەڵکە زۆر جار لەخوارێ‌ڕا و لەڕێی ملکەچی، گوێ‌ڕایەڵی، بێ‌دەنگی و هاوکاری بۆرۆکراتیک لەگەڵ سیستم دەڕوێت.

تاکە ڕێگای پێشگرتن بە روانی نزمی شەڕ و دەرکەوتنی سەرکووت و زاڵێتی: دادوەری‌کردن و جەسارەتی نەگوتنە، نزمی شەڕ تەنیا لەرێی ئازایەتی تێفکرین و بەرخۆدان تێک‌دەشکێت.


شاهۆ حوسێنی: بەربەستێکی دەروونیی ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی هزری و گوتارییە، نەک بەتەنیا سیاسی

  دیمانە: حەسەن شێخانی ئاماژە : پرسی نەتەوە بۆ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و ناسنامەی نەتەوەییان جێگیر بووە و هیچ مەترس...