شاهۆ
حوسێنی
بێگومان
ئێستاکە کێشە و قەیرانی بنەڕەتی بۆ کورد سەلماندن یان خواستی کورد بوون نیە، بەڵکە
چلۆن کورد بوونە، واتە تێپەڕێن لە دۆخی دژکردەوەیی بەرەو دۆخی داهێنەری و بکەرەیە.
شووناس دۆخێکی چەق و لەپێشدا داڕێژراوە نیە، بەڵکە بەستێنێک لە شیانیگەلەێکە
لەناو کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان و یەک لەوان کوردەکاندا. لەڕاستیدا لەدۆخی قەیرانی
گێڕانەوە گشتگیرەکان و ئاڵوگۆڕی لە گوتارە سیاسی، کلتووری و کۆمەڵایەتێکاندا گرینگ
ئەولەوەییەتی کۆمەڵگای کورد لە کورد بوون بەرەو چلۆن کورد بوون تێپەڕێت. لە شرۆڤەی
ئەگزیستانسیالدا لە کورد دەشێ لەنێوان بوون(Sein) و شێوازی بوون(Seinweise) جیاوازی دابندرێت، بۆ کورد
ئیتر ڕەنگە پێویست بە سەلماندنی کورد بوون نەبێت، چوونکە بەگشتی دانی پێداهاتوە
بەبوونی کورد، بەڵام چلۆن کورد بوونێک؟ ئەوەی دانیپیانندراوە کوردبوونێکی دەسکرد،
بەرکار و بەرهەمهاتووی کەلان رەوایەتی ئێرانخوازیە، کەوابێ لێرەدا لەگەڵ
کوردبوونێکی سوبژێکتیڤ کە بەرهەمی ئەزموونی ژیاوی تاک و کۆمەڵگای کوردیە ڕووبەڕوونین،
بۆیەش چلۆن کوردبوون پرسیارێکی سەرەکی و قەیرانێکی سەرەکیە.
بێگومان
شووناس بەپێچەوانەی کەلانگێڕانەوەی ئێرانی کە وەک گەوهەرێکی دەروونی سەیری دەکات
و لەم ڕییەوە ئێرانی بوونی کوردەکان دەسەپێنێت و دەسەلمێنێت، بەرهەمهاتوویەکی
گوتاریە، واتە کورد بوون دیاردەیەکی سرووشتی و لەپێشدا بەخشراو نیە، بەڵکە ئاکامی
ڕەوتێکی زمانی، گوتاری، مێژویی، کۆمەڵایەتی و کلتووریە کە سەربەخۆیانە و ئیرادی
بەرهەم هاتوە.
ئەوەی
گرینگە ئەوەیە کە فۆرمێک کورد بوون کە لێرە وەک کورد بوونی ئۆبژێکتیڤ، دەستەموو،
ملکەچ و ژێرچەپۆکە پێناسە دەکرێت و خۆی لەژێر کۆگشتی ئێران و ئێرانچێتیدا
دەبینێتەوە، ناتوانێ زایەڵەی ئەزموونی ژیاوی سەربەخۆیانەی کورد و کوردستان بێت،
بەڵکە شووناسێکی بەرهەمهاتووی ئایدۆلۆژی زاڵ و هێژمۆنی ناوەندە. بۆیەش پێویستە
بەشوێن کوردبوونێکا بگەرێین کە سنووری مانایی، شووناسی و ئاگاییەکانی کوردستانی
بن، کوردستان بە مانای ئەگزیستێنسێکی سەربەخۆ لە بوونەکانیتر
بەکورتی کوردبوون وەک دژکردەوەیەک و کۆششێک بۆ سەلماندنی بوون لەداوی دووپاتی مێکانیکی شووناسدا قەتیس دەبێت، بەڵام چما وەک مەجالی داهێنان و نوێبەرهەمهێنان فام بکرێت، ئاسۆیەکی نوێ لە بوون دەردەخات و فۆڕمێکی نوێ لە بوون بەرهەم دێنێت بۆیە بەباوەڕی من کێشە کورد بوون نیە، بەڵکە چلۆن کوردبوونە، واتە چلۆن دەکرێت، بوونێکی سەربەخۆیانە، داهێنەرانەی بەرهەمی ئەزموونی ژیاوی کوردانە لە دەرەوەی بازنەی ئەویتری دژەکورد لەلایەن کوردەوە بەرهەم بێت.