شاهۆ حوسێنی
لە
شرۆڤەی شووناس و نەتەوەخوازی کوردیدا بەردەوام دو ئاست لە دەرکەوتن خۆ دەنوێنن:
یەکەم: ئاستی بۆنە و ڕێوڕەسمەکان کە لە چوارچێوەی جێژنەکان، ساڵوەگەڕەکان، هێما ڕواڵەتی و
حیزبێکاندا دەردەکەون. دووهەم: ئاستی
گەوهەری کە لەچوارچێوەی زەین، ئەندێشە، ڕاهێنانی نەتەوەیی، کلتوور، سیاسەت و
بەرخۆداندا دەردەکەوێت. لەم نووسراوەیەدا بە ڕوانگەیەکی فەلسەفی حەول دەدرێت،
جیاوازێکانی نێوان "کوردایەتی بۆنەیی" و "کوردایەتی گەوهەری" شرۆڤە
بکرێت و زەروورەتی تێپەڕین لە ئاستی بۆنە و رێوڕەسم بەرەو ئاستی گەوهەری شی
بکرێتەوە.
شرۆڤەی شووناسی کوردی لەم دوو ئاستەدا دەریدەخات کە دابەزین بۆ ئاستی بۆنە و ڕێوڕەسم نەتەنیا ناتوانێ
پرۆسەی نەتەوەیی و دازاینی کوردی سەربخات، بگرە کوردایەتی ڕواڵەتی و ئۆبژەکتیڤ
پەرە دەستێنێت، بۆیەش زەرووریە تا بە شرۆڤەیەکی فەلسەفی، پەرە بە شووناس لەگوێن
ئەزموونێکی ژیاو و پێکەوە ژیاوی سوژەی کوردی بدرێت.
نەتەوەخوازی بۆنەیی و نومادین
نەتەوەخوازی
بۆنەیی دەشێ وەک فۆڕمێک نواندنەوەی گشتی تاک و نەتەوە لە ئاستی نومادینو کاتیدا
پێناسەبکرێت، لەم فۆڕمەدا تاک و نەتەوە نەک وەک فۆڕماسیونێکی مێژوویی یان سوژەیەکی
سیاسی و بەقەولی هایدگێر وەک دازاینێکی مسۆگەر، بەڵکە وەک ڕواڵەتێکی بۆنەیی
دەردەکەوێت کە تەنیا لەکاتی بەڕێوەچوونی بۆنە و ڕێوڕەسمدا خۆیەکی ئۆبژەکتیڤ و
یەکگرتوویەکی ئۆبژەکتیڤ ئەزموون دەکات. گرێی سەرەکی ئەم فۆڕم لە نەتەوەخوازیە
غیابی نەتەوە وەک زەین و بەهایەکی مەعریفی و لە ئاکامدا غیابی یەکگرتوویەکی
ئینتێرسۆبژێکتیڤانەیە.
تایبەتمەندی
سەرەکی نەتەوەخوازی بۆنەیی لەمەدایە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی جەمعی، کاتی و
مەکانی بنیاددەنرێت نە لەسەر بنەمای پێکهاتەگەلی نەتەوەیی، مەعنەوی و ڕێکخراوی
زەینی. لەم فۆڕم لە ناسیونالیسمدا تاک لەگوێن ئۆبژەیەکی هەستەکی کردەوە دەنوێنێت،
نومادەکانی وەک پەرچەم، سروود، بەرگ و ڕێژە نێوەندگیرێکی ئۆبژەکتیڤ دەکات بۆ لێک
کۆبوونەوەی تاکەکان، بەڵام ئەمە بوونێکی کاتیو هەستیە، واتە تایبەتە بەکاتێکی
دیاریکراو، بۆنەیەکی دیاری کراو و شوێنێکی دیاری کراو، لەپاش تەواو بوونی کاتەکە
و دەرچوون لە شوێنەکە هەستەکە دادەمرکێت و جەمعەکە لێک بڵاو دەبێتەوە.
لەڕوانگەی
ڕەخنەگرانەدا، ئەم فۆڕم لەنەتەوەخوازیە جۆرێک هەڵپەساردنی نەتەوە لەگوێن سوژەی
سیاسیە، بەهۆی ئەوەکە نەتەوە بەر لەوەکە لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی مسۆگەر و
پایەداری وەک دەوڵەت-نەتەوەدا مسۆگەر بکات، دایدەبەزێتە ئاستی بۆنە و دیاردە
نومادینەکان. بەکورتی دەشێ بگوترێ کە نەتەوەخوازی بۆنەیی، نەتەوە دادەبەزێنێتە
سوژەی بۆنەکان، سوژەیەک کە لە بۆنەکاندا بوونی هەیە.
بەگشتی
لێکەوتەی ئەم فۆڕم لەناسیونالیسمە فۆلکلۆریزاسیونی نەتەوەیە، بەجۆرێ کە نەتەوە
دادەبەزێنێتە ئاستی نواندنی نەتەوە لەکات وشوێنێکی تایبەتدا، ئەم ڕەوتە هۆکارێکی
گرینگە تا نەتەوە لە ئەزمونی مێژوویی و بەرخۆدانی سوبژەکتیڤیستانە را بێنێتە ئاستی
دەرکەوتنێکی نومادین.
جیاوازی
فەلسەفی نێوان گەوهەر و عەرەز
شرۆڤەی
جیاوازی فەلسەفی نێوان گەوهەر و عەرەز دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لەم
باسە. عەرەز نواندنگەلێکی کاتی، ڕواڵەتی و لە شوێنێکی تایبەتە کە بۆ دەرکەوتن و
بوون پێویستی بە گەوهەرە، کوردایەتی بۆنەیی دەشێ بە عەرەز لە فەلسەفەدا
بشوبهێندرێت. بەڵام بەپێچەوانە گەوهەر تایبەتمەندی مسۆگەر، سەربەخۆیە و بوونی
دەروەست بە هیچ بوونێکیتر نیە، نەتەوەخوازی ئەم فۆرم لەبوونەیە کە زیاەڵەی شووناس
و ئەزموونی ژیانی ڕاستەقینەی بەکۆمەڵی تاکی کوردە لەگەڵ یەکتردا کە لە زمان،
کلتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستاندا ڕەنگ ئەداتەوە.
تێپەڕین
لە بۆنە بەرەو شووناس
ئەم
تێپەڕینە هەم زەروورەتێکی فەلسەفیە و هەم زەروورەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە
ئاستی فەلسەفدا بە مانای تێپەڕین لە عەرەز و ڕواڵەت بەرەوە گەوهەر و سرووشتی
شووناسە، لە عەمەلیشدا بە مانای گۆڕینی نۆماد و بۆنەکانە بۆ گەڵاڵەگەلی پێکهاتەیی،
کۆمەڵایەتی و ڕاهێنان. تەنیا بەم ڕەوتەیە کە کوردایەتی لە ئاستی نواندنی ڕواڵەتی و
کاتی بەرەو ئاستێکی ڕادیکاڵ و ڕزگاریدەر تێدەپەڕێت.
ئاکام:
کوردایەتی
بۆنەیی سنووردار دەکرێتەوە بە نواندن و دەرکەوتن لە بۆن و ڕێوڕيسمەکاندا و ناتوانێ
دەرکەوتنی کامڵی شووناسی نەتەوەیی مسۆگەر بکات. لەبەرامبەردا کوردایەتی گەوهەری بە
گڕێدانەوەی سووناس بە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵایەتی، پێکهاتەی گشتی کۆمەڵگا و
تێکهەڵچوونی واقعی، مەجالی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بەرهەمهێنانەوەی نەتەوە وەک
گەوهەرێکی مرۆیی دەڕەخسێنێت.
قەتیس
مانەوەی کوردایەتی لە نواندنی "خۆ" لە بنۆنەکاندا، گنخانی هێزی پەرە و
مسۆگەر کردنی کوردایەتی گەوهەری لێدەکەوێتەوە. هەر بۆیەش داهاتووی کوردایەتی وەک
بەسێک لە ڕەوتی مۆدێڕنیتە و مۆدێڕنیزاسوینی کوردستان لە گرەوەی تێپەڕین لە بۆنە بەرەوە شووناس دایە؛
تێپەڕینێک کە شووناسی کوردی لە ئاستی نواندی ڕواڵەتیڕا بەرەو ئاستی گەوهەرێکی
مسۆگەر، ڕزگاری دەر، دازاین دەرخەر بەرز دەکاتەوە. ئەم تێپەرینە بەستێن و مەجالی
پەرەی کوردایەتی گەوهەری لەناو بەرەکانی داهاتوودا دەڕەخسێنێت و فام، ئاگایی و
تێگەیشتنێکی ڕادیکاڵ لە کوردایەتی لەهەناوی بەرەی داهاتوودا پەروەردە دەکات.
