شاهۆ
حوسێنی
فتوای
خومەینی لە ٢٨ گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ بۆ جیهاد دژبە نەتەوەی کورد لە کوردستان، تەنیا
حوکمێکی فیقهی یان بڕیارێکی ئایینی ڕواڵەتی نەبوو، بەڵکە خاڵێکی وەرچەرخان و گرینگ
لە میژووی هاوچەرخی کوردستان بوو، کە شووناسی ئایین، سیاسەت و هێژمۆنی ئێرانخوازی
و شیعەخوازی بەشێوەیەکی بەربڵاو ئاشکرا کرد. ئەم فتوایە تەنیا دژ بە حیزب و
ڕێکخراوە کوردی و کوردستانێکان نەبوو، بەڵکە جاڕنامەی سەپاندنی هێژمۆنی
ئایدۆلۆژیکی دەسەڵاتێکی فۆندامێنتاڵی ڕەگەزی و ئایینی بوو دژ بە سوژە بوون و سوژەخوازی
گەلی کورد و کوردستان. کوردستان وەک ناوەندی بەربەرەکانی و بەرخۆدانی دژ بە سیاستەکانی
پاکاوتەکردنی ناوەند، مێترۆپۆلی بەربەرەکانی بوو. هەر بۆیەش فتوای خومەینی
دیاردەیەک بانتر لە ڕاگەیندراوێکی ئایینی بوو، لەڕاستیدا ئەمە کەرەسەی شەرعییەت
بەخشین بە سەرکووت، سوژەسەڕینەوە و کورد سڕینەوە لە کوردستان بوو، درێژەی هەمان
سیاسەتی سوژەسڕینەوەی پەهلەوەی لەکوردستان بەڵام لە فۆڕمێکی ڕواڵەتیتردا.
شرۆڤەی
ئەم فتوایە لە دەلاقەی ئەگزیستانسیالیسمەوە ئیزن دەدات بە ئێمە تا لایەنە
شاراوەکانی ئەم بەناو فتوایە بەربڵاوتر و ئاشکراتر دەربخەین، دەریبخەین کە چلۆن حەول
درا ئازادیخوازی و مەجالی سوژەبوون لە تاکی کورد و لەکوردستان بستێندرێتەوە، چلۆن
هێژمۆنیخوازی حەولی دا "کوردبوون"لە کوردان بسڕدرێتەوە و چلۆن بەرخۆدان
بوو بە مەجالی دەرکەوتنەوەی هەستی ئازاد بوون لە کوردستان. ئەگزیستانسیالیسم لەڕیی
پێداگری لەسەر ئازادی، بەرپرسیارێتی و خوڵقاندنی مانا، چوارچێوەیەکی فەلسەفی بۆ فامی
ڕادیکاڵی ئەم ڕووداوە دەڕەخسێنێت. لەڕاستیدا فەلسەفە بانتر لە ڕووداوێکی سیاسی و
ئایینی مەجالی شرۆڤەی وجوودی ئەم دەرکەوتەیە دەدات، واتە فەلسەفە ئەم مەجالە
دەڕەخسێنێت تا دەربخرێت کە چلۆن سوژەی فارس-شیعەی کلۆنیالیست دژ بە سوژەبوونی کورد
دێتە مەیدان و بەربەرەکانی و بەرخۆدان لە کوردستان چلۆن بەرپەرچی دەداتەوە.
هێژمۆنی
ئیران-شیعەخوازی و پڕۆژەی کوردسڕینەوە
ئێرانخوازی
چ لە فۆڕمی پەهلەوەیدا و چ لە فۆڕمی کۆماری ئیسلامیدا، پڕۆژەیەک بوو بۆ یەکدەست کردنی
نەتەوەیی ئێران بە تەوەرە بوونی (ڕەگەزی)فارس لە پەهلەویدا و(شیعەی)فارس لە کۆماری
ئیسلامیدا. حیزبی ڕەستاخیزی پەهلەوی و فتوای جیهادی خومەینی نموونەی بەرچاو و
بەربڵاوی ئەم کوردسڕینەوەیە بوون. ئەم دوو دیاردەیە هەر دووک پڕۆژیەک بە یەک
مەبەست و ئامانج بوون، سەپاندنی هێژمۆنی و ڕەهایی نەتەوەیی فارس لە ژێرناوی ئێران
و فارس لەژێر ناوی شیعە، گەوهەری ئەم ئایدۆلۆژیانە ڕەهایی و تاک بوونی فارس بوو،
هەربۆیەش هیچ ئەوێکیتری سەربەخۆ لە شووناس و بووندا مەجالی بوون و دەرکەوتنی
پێنەدەدرا و دەبا لەناو چووبا. گرینگترەنی دیاردەی وێکچووی هەر دوو دەسەڵات
هێژمۆنی عەقڵی میلیتاریستی بوو، لە سەردەمی پەهەلویدا ئەڕتەش و ژاندەرمەری و لە
سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا سوپای پاسدارن.
ڕوانینێکی
ئەگزیستانسیالیستی بۆ فتوای خومەینی
لە
دەلاقەی ئەگزیستانسیالیسمدا، بوون پێشەنگە بەسەر شووناسدا، واتە مرۆڤ پێویستە
ئازادانە و سەربەخۆیان بڕیار لەسەر چلۆنایەتی بوونی خۆی بدات و شێواز و فۆڕمی بوون
هەڵبژێرێت، لەم دەلکاقەیەڕا فتوای خومەینی ڕێک دژ بە شەرعییەتی سەربەخۆ بڕیاردانی
کورد بۆ داڕشتنی فۆڕم و شێوازی بوونی خۆی بوو، خومەینی بەم فتوایە حەولی
بەدیهێنانی دوو ئامانجی ئەدا، یەکەم سڕینەوەی ئازادی و سەربەخۆیی بو داڕشتنی
بوونێکی کوردانەی سەربەخۆ و جیاواز، دووهەم داڕشتنی بوونێکی کوردانەی دەسکرد و
لەئاکامدا بوونێکی ملکەچ و گوێڕایەڵ. فتواکەی خومەینی بێگومان درێژەی ئێرانخوازی
ناوندە تەوەرە بوو کە لێکەوتەکەی هێژمۆنی ئێرانخوازی و شیعەخوازی و قوڵتر کردنەوەی
کێشە و قەیران لەبەردەم سوژەی کوردی بوو. بەڵام لەگەڵ گوشار و قەیرانەکانی
بەردەوام، بەربەرەکانی و بەرخۆدان لە کوردستان دەستی بەسەر ئیرادەی مەجالی
دەرخستنی ئازادانە و سەربەخۆیانەی بوونی کوردانە و خوڵقاندنی مانا و وێنایەکی
کوردانەی سەربخۆ داگرتەوە.
دوا
وتە:
فتوای
خومەینی لە ئاکامدا نەیتوانی لێکەوتەیەکی
جگە لە بڕیارێکی سیاسی سەر کاغەز لێبکەوێتەوە، بڕیارێکی کاغەزی کە حەولی دا لەسەر
کاغەز هێژمۆنی ئایینی و سیاسی ڕەهای ناوەند و فارس بە شێوەیەکی ڕەها لەڕیی بەپیرۆز
کردنی ئایدۆلۆژیک بچەسپێنێت، بەڵام
بەربەرەکانی کوردستان وەها بوونی کوردانە، سەربەخۆیانە و ئیرادەی پاراستنی نیستمان
و کوردستان وەک ماکرۆ بوونێک لەناو کورد و کوردستانا پەرەپێدا کە کورد و
کوردستانیان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان گیانیان بەخت دەکەن و کوردستان بۆتە
گیانێکی مەزنتر لەگیانی تاکی کورد لای تاکی کورد.
