(ڕەچەڵەکناسی بۆنەئایینێکان و یە لەوان ئەربەعین لە کۆماری ئیسلامیدا)
شاهۆ
حوسێنی
لە
دەسەڵاتە دیکتاتۆڕەکان و یەک لەوان کۆماری ئیسلامیدا، دەسەڵات تەنیا خۆی لە
سەپاندنی هێز و زاڵێتیدا نابینێتەوە، بەڵکە ناوخۆییترین توێخەکانی زەین، شووناس و
فامی مرۆڤەکانیش لەخۆ دەگرێت. لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی لەگوێن ئایدۆلۆژێکی نەزمدەری
ئایینی شێوازێ تایبەت لە دەسەڵات لەخۆ دەگرێت کە نەتەنیا "لەشەکان" کە
حەول دەدات "هەستێکان" ڕێکبخات، لەم سیستمەدا بۆنەکانی وەک ئەربەعین
ئیتر نە ڕێکەوتێک و بۆنەیەکی ئایینی و عیبادی کە بەشێک لە پێکهاتەی ئایدۆلۆژیکیە
کە بە کەڵک وەرگرتن لە هێما ئایینێکان، سوژەی ئیماندار، ملکەچ، گوێڕایەڵ و
دواکەوتوو بەرهەم دێنێت.
- ئەربەعین لەگوێن خاڵەکانی گرێی(nodal
points)
لەچوارچێوەی دیسکۆرسی لاکلائۆ و مۆفەدا، ماناکان مسۆگەر و
دائیمی نین، بەڵکە بەردەوام لەئاڵوگۆڕی و جێگۆڕکێدان، هەربۆیەش دیسکۆرسەکان بۆ
مسۆگەرکردن و جێگیرکردنی ماناکان، هێندێ لە چەمکەکان وەک ناوەند مسۆگەر دەکەن،
ئەم ناوەندە مسۆگەرانە لەڕاستیدا خاڵەکانی گرێن. دیسکۆرسەکان بەمەبەستی سەپاندنی
مانا لە دەوری خاڵگەلێکی گرێی کۆدەبنەوە، واتە دەبنە ناوەندی مانا و دالەکان و
چمکەکانیتر لە دەوری ئەواندا ڕێکدەخرێن. لە ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامیدا
"ئەربەعین" یەکێک لەم خاڵە گرێیانەیە کە ڕایەڵێک لە چەمکەکانی وەک
شەهادەت، موقاوەمەت، ئیستکبار، زوڵم، شیعەی حوسێنی، عەداڵەتخوازی و دژەزوڵمی لێ
گرێ دەدرێنەوە، ئەرکی ئەربعەین وەک خاڵی گرێ و خاڵەکانیتری گرێێ لە ئایدۆلۆژی
کۆماری ئیسلامیدا کۆمەڵگرکردنی کۆمەڵانی خەڵکە لە دەوری دەسەڵات و دەوامی هێژمۆنی
کۆماری ئیسلامیە، هەر بۆیەش دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە تەرخانکردنی بودجەگەلێکی
بەرچاو بۆ ئەم بۆنە و بۆنەکانیتر حەول دەدات تا جێگای بەتاڵی خەڵەکانی گرێی وەک
ئازادی، مرۆڤایەتی، مافی مرۆڤ، مافی ژن و..... بەم شێوەیە پڕ بکاتەوە.
- ئەربەعین لەگوێن سازوکاری ئایدۆلۆژیک
ئەربەعین
لە نەزمی کۆماری ئیسلامیدا ئیتر تەنیا بۆنەیەکی ئایینی نیە، بەڵکە هەر وەک ئاماژەی
پێکرا، مێکانیزمێکی ئایدۆلۆژیکە بۆ بەرهەمهێنانی سوژەی ئایینی و هێنانە پێشەوی
سوژەی ئایینی بۆ بەرژەوەندێکانی سیستمی ئایدۆلۆژیک، لەڕاستیدا بۆنە ئایینێکان
مێکانیزمی زاڵ بوون بەسەر لەشەکان و بانتر لەوان بەسەر هەستێکاندایە لەخزمەت
مسۆگەرتر بوون، دەوام و پەرەی هێژمۆنی نەزمی ئایینی. لە دەلاقەی ئەندێشەی فۆکۆڕا
دەشێ ئەربەعین لەگوێن کەرەسەیەک بۆ سەپاندنی بایو دەسەڵات پێناسە بکرێت، واتە
فۆڕمێک لە دەسەڵات کە لەجیات سەپاندنی زۆر بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەڕێی سەرکووت،
شکەنجە، ئیعدام و زیندان، حەول دەدات، نەزمی ژیان و لەشەکان و هەستێکان لەڕێی
سەپاندنی ناڕاستەوخۆی دەسەڵات لەڕیی بۆنە ئایینێکان ڕێک بخات، واتە لەشەکان بە
حەڕەکەتێکی داڕێژراو بۆ شوێنێکی داڕێژراو وەڕێ دەخات. ئەمە گرینگتر و
مەترسیدارترە، بەهۆی ئەوەکە مرۆڤ هەستی جەستەیی و ڕواڵەتی بە هێزی دەسەڵات و
زاڵێتی دەسەڵات ناکات.
