۱۴۰۴ مرداد ۲۲, چهارشنبه

حوکمڕانی کلاینتالیستی؛ ڕەچەڵەکناسی شێوازی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی

 









شاهۆ حوسێنی

چەمکی کلاینتالیسم لە دوو بەشی کلاین(ژێردەست، پەیڕەو، لایەنگر) و ئالیسم بەمانای نیزام، شێواز و سیستم دێت، واتە نیزامی ژێردەستی، پەێرەو و لایەنگر پەروەری. لەسیستمی کۆمەڵایەتی ڕۆمی کۆندا پاترۆن(کەسی خاوەن سەرمایە و  دەوڵەمەند) لەڕێی بەخشینی داهات و پارە، پشتیوانی کلاینەکان( بەسێ کەم داهات، هەژار و داماو)ی بۆلای خۆی ڕادەکێشا، واتە پاتڕۆن پارە و داهاتی دەبەخشێوە و کلاینەکان وەفاداری سیاسی و خزمەتیان بە پاتڕۆنەکان دەبەخشێوە.

 کلاینتالیسم وەک مۆدێلێکی سیاست‌کردنی دەروەست بە ئاڵووێری بەرژەوەندی گشتی لەبەرامبەر وەفاداری سیاسی لەهەناوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تەواو جێگیر بوە. ئەم دەرکەوتەیە تەنیا قەیرانێکی بەڕێوەبەری نیە، بەڵکە هێمای قەیرانی فەلسەفی گرێبەستی کۆمەڵایەتی· بەمانای غیابی ڕێکەوتنی ئیرادی کۆمەڵانی وەک سەرچاوەی دەسەڵات و یاسا لەگەڵ حکوومەت لە ئیرانی هاوچەرخدایە. لەئاستی سیاسیدا گرێبەستی کۆمەڵایەتی  بناغەی دەسەڵاتی خەڵک و پێوەرەی شەرعییەتی حکوومەتەکانە، بەباوەڕی ئەم ئایدەیە، چما حکوومەتەکان لە بڕیارەکانی ئەم ڕێکەوتنە لابدەن، ئەوا کۆمەڵگا مافی لادانی حکوومەت و بەربەرەکانی بەدژ بڕیارەکانی حکوومەتیان هەیە. هەر بۆیە کلاینتالیسم وەک قەیرانێک، مەرجەعییەتی یاسا دەخاتە پەراوێزەوە و وەفاداری ئایدۆلۆژیک، جیناحی و کەسی دەکاتە جێگرەوەی یاسا و پێوەرەکانی شایستەسەروەری. لەم کورتە نووسراوەیەدا حەول دەدرێت تا بەشێوازێکی فەلسەفی و ڕەچەڵەکناسانە؛ ڕیشەکان، سازوکارەکان و لێکەوتەکانی کلاینتالیسم لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا شرۆڤە بکرێت و نیشان بدرێت کە ئەم لۆژیکە لە حوکمڕانی، بەربەستی پێکهاتەیی هەر جۆرە پەرەیەک و بەربەستێکی گرینگە بۆ دەرکەوتنی دیمۆکراسی لەئێران.

 

وەفاداری لەبڕی یاسا لە فەلسەفەی سیاسیدا و جێاوازی بنەڕەتی لە نێوان حکوومەتی یاسا· و حکوومەتی کەسەکان لەڕاستیدا پێوانەیەکە بۆ هەڵسەنگاندنی پەرەئەستاندوویی و بلووغی نیزامە سیاسێکان. لە حکوومەتی یاسادا هەموو بکەرانی سیاسی لە حاکمانەوە بگرە تا شاروومەندان، ملکەچی مەرجەعێکی بێ‌لایەن و گشتین بەناوی یاسا. بەڵام بەپێچەوانە لە حکوومەتی کەسەکاندا وەفاداری بە دەسەڵاتی سیاسی و حاکم دەبێتە جێگرەوەی وەفاداری بە یاسا. کلاینتالیسم یەکێک لە نموونە هەرە بەرچاوەکانی حکوومەتی کەسەکانە، جۆرێک پێوەندی کە لەودا، دەسەڵات‌داران سەرچاوە گشتێکان نە لەسەر ئەساسی پێویستی گشتی و پێوەرەکانی شایستەسەروەری، کە لەبەرامبەر وەفاداری سیاسی و کەسیدا دابەش دەکەن. ئەم فۆڕم لە پێوەندی هەم بەرهەم و هەم بەرهەم‌هێنی کلتووری ڕابیتە لەجیات زابیتەیە. لەکۆماری ئیسلامیدا ئەم نەریتە نەک وەک لۆژیکێکی دەگمەن کە وەک بەشێک لە پێکهاتەی حوکمڕانی مسۆگەر بوە. وەفاداری بە وەلی فەقیه، لایەنی سیاسی، ڕانتی ئابووری و دەست بە بەرژەوەندی ڕاگەیشتن لەڕێی پێوەندی بە باندی دەسەڵات، بۆتە جێگرەوەی پێوەرەکانی یاسایی و شایستەیی، لەوەها دەسەڵاتێکدا یاسا تەنیا کەرەسەی پاساوکەری پێوەندێکانی ناو دەسەڵاتە و بەهیچ شێوەیەک پارێزەری مافەکانی تاک و کۆمەڵگای مەدەنی لەبەرامبەر دەسەڵات و پێوەری بەڕێوەبردنی شایستەسەروەری نیە.

کلاینتالیسم لەسیاسەتدا

کلاینتالیسم پێوەندێکی دوو لایەنە لەنێوان پاتڕۆن و کلاینە وەک موشتەری سیاسی، لەوەها پێوەندیەکدا پاتڕۆن سەرچاوەگەلێکی وەک کار، بودجە یان ڕانتی ئابووری بە کلاینەکان وەک موشتەری سیاسی دەبەخشن و لەبرامبەردا ئەوانیش پشتیوانی سیاسی، دەنگ لەکاتی دەنگدان و پڕوپاگەندە لەبەرژەوەندی پاتڕۆن گارانتی دەکەن.
لە فلەسەفەی سیاسیدا کلاینتالیسم فۆڕمێک ئەخلاقی وەفاداریە کە بەسەر ئەخلاقی عەداڵتدا زاڵە. ئەم فۆڕم لە ئەخلاقە لە هەناو و گەوهەری خۆیدا دژە دێمکراتیک، ناعادڵانە و دژە مرۆڤانەیە.


ڕەچەڵەکناسی فەلسەفی کلاینتالیسم


ماکیاولی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بۆ پاراستنی دەسەڵات و دەوامی دەسەڵات پێویستە ڕایەڵێک لە وەفادارن پێک بهێنرێت و لەڕێی بەخشینی ڕانت ئەوان لە دەوری دەسەڵات ڕابگیرێن.

هابز لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەر کاتێ گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەناو بچێت، ئەوا کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە دۆخی سرووشتی کە لەودا ئەهوەنی تەنیا لەریی وەفاداری بە دەسەڵات گارانتی دەکرێت.

فۆکۆ هەرچەند بەشێوەیت ڕاستەوخۆ باسی لە کلاینتالیسم نەکردوە بەڵام  شرۆڤەکانی لەمەر دەسەڵات بەتایبەت لە میکرۆفیزیکی دەسەڵاتدا نیشانی ئەدات کە دەسەڵات تانیا لە ناوەندەکانی فەرمیدا جێگیر نیە، بەڵکە لە ڕایەڵەگەلێکی ورد و لە پێوەندێکانی نێوان تاکیشدا دەگەڕێت. لەڕاستیدا فۆکۆ لە باسەکانیدا لەمەر حوکمڕانتیدا شی دەکاتەوە کە چلۆن پێوەندێکانی چاوەدێری، ڕێنمایی و کۆنترۆڵدا فۆڕمێک کە لە دەروەستی و ملکەچی بەرهەم دێت.

بنەماکانی فەلسەفی و مێژویی کلاینتالیسم لە ئیراندا

پێشینەی پێش‌مۆدێڕن: قایمترین بەربەست بوە لە دەرکەوتنی مۆدێڕنیتە و دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران، بەجۆرێ کە شەرعییەتی دەسەڵات بەبەردەوامی لەڕێی دابەش‌کردن و بەخشینەوەی غەنیمەت و فرسەت لەنێوان لایەنگراندا بەرهەم هاتوە. پێکهاتەی عێلی و عەشیرەیی بەهێزترین بنەمای پەرەی وەفاداری کەسی بانتر لە یاسا و نیزامی بۆرۆکراتیک بوە. ئەم نەریتە لەهەناوی ڕواڵەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێی ئێراندا وەک گەوهەر بەردەوام بۆتەوە.

ئابووری ڕانتی: پشت‌بەستن بە داهاتی نەوت و بێ‌منەتی بە ماڵیاتی کۆمەڵگا، بەرهەم هێنی ئابووری ڕانتی بوە لە ئێران. ئابووریەک کە لەجیات ماڵیاتی بەرهەمی ئابووری کۆمەڵگا، لەرێی فرۆشی سەرچاوە سرووشتێکانی وەک نەوت و کانزاگەلی کە لەلایەن حکوومەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە، کەرەسەیەکەی گرینگە کە بەم شێوەیە حکوومەت لەڕیی دابەش‌کردنی ڕانت، وەفاداری سیاسی دەکڕێتەوە.

ئایدۆلۆژی فەڕەهی ئیزەدی: ئەم ئایدۆلۆژیە لە دەسەڵاتی پاشایەتیدا بەشێوەی شەرعییەتی بان زەوینی پاشا دەرکەوت و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بە شیوەی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیه دەرکەوت. لەڕاستیدا ئەم دەستەواژەیە پێناسەکەری فۆڕمێک وەفاداری بە ڕێبەڕیە بانتر لە هەر پێوەرەیەکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی، لە کۆماری ئیسلامیدا کلاینتالیسم بۆتە ئەرکێکی شەرعی و ئایینی.


سازوکارەکانی کلاینتالیسم لە کۆماری ئیسلامیدا

ئەرک‌سپێری وەفاداری تەوەرە: بەرچاوترین دیاردەکانی ئەم سازوکارە، ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرانی باڵایە بەبێ هەبووتی شایستەیی و شارەزایی گونجاو، تەنیا بەهۆکاری پێوەندی و وەفاداری بە سیستمی حکوومەت، ناوەندەکانی ئەمنی و شێوە نیزامی.

دابەش‌کردنی ڕانتی پڕۆژەکان: ئەسپاردنی پڕۆژەکانی ئابووری و ئاوادان‌کردنەوە بە شەریکەکانی سەر بە سوپای پاسدارن، ناوەندەکانی سەر بەبەیتی ڕێبەری و کاربەدەستانی باڵای نیزام.

ڕایەڵەکانی ئایینی و بەناو خێرخوازی: کەڵک وەرگرتن لە مزگەوتەکان، حوسەینیەکان و هەیئەتەکانی ئایینی بەمەبستی کۆکردنەوە و مسۆگەرکردنی وەفاداری، ئەما ناوەندانە لەگەڵ ئەوەدا داهات‌گەلێکی ئابووریان لە بودجەدا هەیە بەڵام هیچ چاوەدێریەک ناکرێن و بوونەتە سەرچاوەی گەندەڵی.


دوا وتە:

 تێپەڕێن لە یاسا بەرەوە وەفاداری ڕانتی لە کۆماری ئیسلامیدا تاکتیک نیە، بەڵکە لۆژیکێکی حوکمڕانی مسۆگەرە. بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم دیاردەیە پێویستی بە ئاڵوگۆڕی مەعریفەتی و کلتووریە. هەتا ئەم عەقڵییەت و کلتوورە لەهەناوی ئەم کۆمەڵگایەدا هەبێت، هیچ پەرە ئەستاندوویەک و ئاڵوگۆریەک ڕوو نادات.



  



·  گرێبەستی کۆمەڵایەتی پاڕادایمێکە لە فەلسەفەی سیاسیدا کە ڕێکەوتنی فەڕزی نێوان سوژەکان بەسەرچاوەی شيرعییەتی سیاسی دەزانێت.

·  حکوومەتی یاسا تەنیا بەمانای بوونی یاسا وەک نوماد و ڕواڵەت نیە، بەڵکە بەمانای بەرابەری هەموان لەبەردەم یاسا، باڵادەستی یاسا لەبرامبەر ئیرادەی کەسی، ڕوونی  چاوەڕوانی لەبەردەم یاسادا و پاراستنی مافە بنەڕەتێکان بەهۆ یاسایە.

 


شاهۆ حوسێنی: بەربەستێکی دەروونیی ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی هزری و گوتارییە، نەک بەتەنیا سیاسی

  دیمانە: حەسەن شێخانی ئاماژە : پرسی نەتەوە بۆ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و ناسنامەی نەتەوەییان جێگیر بووە و هیچ مەترس...