۱۴۰۴ شهریور ۱۵, شنبه

ئازادی یا وەهمی ئازادی؛ قەیران و پاڕادۆکسی فامی ئازادی لە کۆمەڵگای کوردستاندا

 








شاهۆ حوسێنی

ئازادی، چەمکێکە کە خولیا، ئامانج و تاسەکانمان بە دەوریدا خەرمانەی داوە، نۆشدەرمانی هەموو قەیرانێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووریە لای ئێمە، ئامانج و تاسەیەک کە نسێیەکی ڵێڵ و تارماییەکی ڕەشی مەیلەو بۆڵێڵی بەر لەکازێوە بەڵام لێشمانی نادیار و نەبین کردوە. ئەمە سنووری ڕاستەقینەی ئازادیە لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا، هیچ وێنایەکی ڕوون، مانایەکی ئاشکراو فامێکی ئەزموون‌کراومان لێی نیە، بەڵام وەک ئەزموونی ژیاوی ڕۆژئاوا و لێکەوتەکانی ئەو، تاسە و حەزمان گرتوویەتی و عەوداڵ و هەڵوەداین بەشوێن لێکەوتە، ئاکام و دەرکەوتەکانیدا. پاڕادۆکسی ڕاستەقینەی فامی ئازادی دەشی بگوترێ لەمەدایە، کە ئێمە لەلایەک بە گشتی هیچ فام و ئاگاییەکی زەینی و مەعریفیمان لە ئازادی وەک ئەزموونی ژیاو نیە و بگرە لە ژیانی رۆژانە، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووریدا زۆریشمان دژایەتی کردوە، سەرکووتمان کردوە و پێشێلمان کردوە، بەڵام دیسانیش وێڵ و سەرگەردانین بەدوایدا، و لەلایەکی‌تر خولیای لێکەوتە و دەرکەوتەکانی ئازادین، واتە ئێمە لێکەوتە و دەرکەوتەکانی ئازادیمان لەغیابی ئازادی دەوێت. لەڕاستیا ئازادی بۆ کورد وەک تاک و کوردستان وەک کۆمەڵگا تەنیا حەز و خولیایەکی ئینتزاعیە. واتە ئێمە وەهمی ئازادیمان هەیە نەک فام و حەزێکی ڕاستەقینە بۆ ئازادی. بەکورتی لای ئێمە ئازادی درووشمێکی کەرەسەییە.

 

ئانتۆلۆژی ئازادی

ئازادی لەگەوهەری ئانتۆلۆژیکی خۆیدا، نە چەمکێکی قەراردادی یان پشکێکی سیاسی کە ئیمکان و مەجالی مرۆڤ بوونە، مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکە کە هەبوونی خۆی بنیاد دەنێت، واتە بنیادنەری بەشێکی گەوهەری لە ئازادی مرۆڤە، بەو پێیە دەشی بگوترێ کە مرۆڤ کاتێ بوونێکی ڕاستەقینەی هەیە کە بتوانێ: بەسەر بوون، فۆڕمی بوون، شووناس، فام و چارەنووسی خۆیدا زاڵ بێت. بەم شێوەیە و لەم ڕەوتەدا ئازادی زەروورەتی بوونە، بەبێ ئازادی دەستنیشان‌کردن، بڕیاردان، بنیادنان، فام و تێگەیشتن و دەرکەوتنی "خود" بوونی نیە و نالوێت.

ئازادی نە توانایەکی زیادی، کە بوونی خودی ئاگایە و لە غیابی ئەودا "ژیانی مرۆیی" و "مرۆڤ‌بوون" لەلایەن هێزە دەرەکێکانەوە بەرهەم دێتەوە و "بوون" سنووردار دەکرێتەوە لانو فۆڕم‌و خواستێکی دەرەکیدا.

بێ‌گومان ئازادی نە تەنیا لەئاستی تاکیدا، کە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشدا زەروورەتێکی حاشا هەڵنەگرە. ئازادی پێویستی مەجالی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیە، تەنیا بوونێکی ئازادە کە دەتوانێ بڕیار بدات، واتە لەغییابی ئازادیدا بڕیاڕدان بوونی نیە.

ئەگزیستانسیالیسم لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ئازادی بارێکی قوورسە کە مرۆڤ هاوکات لەگەڵ بوونی، لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، نە دەتوانێ لێی ڕابکات و نەدەتوانێ ڕادەستی بکات، ئەم زەڕوورەتانە ئازادی دەکەنە دیاردەیەکی بنەڕەتی، کە نالوێ چاوپۆشی لێ‌بکرێت و دەبێ وەدی بێت.

ئازادی زۆرجار بەڵام لەبەردەم مەترسی وەهمی ئازادی و پاردۆکسدا دەوەستێت. سنووردارەتێکانی کۆمەڵایەتی، کلتووری و پێکهاتەیی دەتوانن ئازادی دابەزێننە ئاستی وینایەکی ڕواڵەتی و دیاردەیەکی ئۆبژەکتیڤی وەک هەستێک کە لەهەناوی ئەزموونێکی ژیاوی تاکی و کۆمەڵایەتیدا نەڕواوە، زەروورەتێکی لە ساحەی ڕواڵەتدا کەمجالی دەرکەوتنی نیە. فەلسەفەی ئازادی دەریخستوە کە ئازادی بانتر لە کردەوە، لە دەرکەوتنی خۆئاگایی، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و داهێنانی بووندا دەردەکەوێت. ئازادی مەجالی تێگەیشتن لە هۆکار و دەستنیشانکراوەکانی ئاگایانە دەرەخسێنێت و شەرتی لازم بۆ ژیانێکی ئەخلاقی و داهێنەرانەیە.

جیاوازی ئازادی و وەهمی ئازادی لە سنووردارێتی و سەپاندنی دەسەڵات دایە، لەهەر شوێنێک ئازادی سنووردارکرایەوە لە کردە و کردەوەی سیاسی و سەپاندن و زاڵێتی دەسەڵاتدا، ئەوا وەهمی ئازادیە نەک ئازادی ڕاستەقینە، ئازادی ڕاستەقینە لێکەوتەی ئانتۆلۆژیک و بوون‌ناسانەی هەیە بە پێچەوانەی وەهمی ئازادی.

 

ئازادی و پاڕادۆکسی بەرژەوەندێکان

ئازادی بەرلەوەکە دەرکەوتە و لێکەوتەیەک بێت، دیاردەیەکی ئەخلاقی و زەینیە، لەڕاستیدا گرینگ‌ترین دیاردەی ئازادی وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی ئازادی و لێکەوتەکانی ڕوبەرووبوون لەگەڵ ئازادیە. مەجال‌دان بە ئەوی‌تر بۆ بڕیاردانی سەربەخۆیانە حەتتا ئەگەر لە دژایەتی لەگەڵ مندا بێت و دژی بەرژەوەندێکانی من بێت، مەجالی بڕیاری ئازادانە بۆ ڕەچاوی شێوازێکی جیاوازی بیرکردنەوە و حەتتا دژ بە نەریتە و بەهاکانی وەرگیراو لەلایەن منەوە. گرینگی وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی ئازادی و لێکەوتەکانی لەمەدایە کە خۆدەرهاویشتن لەم بەرپرسیارەتیانە شڵژاوی کۆمەڵایەتی، دابڕاوی، دوژمنایەتی، چەندبەرەکی لێدەکەوێتەوە.

ئەم پارادۆکسە دەرخەری ئەم ڕاستێیە کە چەمکی ئازادی لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا هێشتا وەک هاوسەنگیەک لەنێوان بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندیدا دەرنەکەوتوە. هاواری ئازادی لە ئاستی درووشمدا بەردەوام هاوتەریب لەگەڵ ترس لە ئازادی ئەوی‌تر لە کردەوەدا، پارادۆکسێکی ئاشکرایە. هەر ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە تەوەرەی بنەڕەتی لاوازی و تێنەگەیشتن لە ئازادی و بەرگر لەدەرکەوتنی ئازادیە.

 

سنووردارکردنی ئازادی لەناو جەغزی سیاسیدا

لەکۆمەڵگای کوردستان، فام و تێگەیشتووی باو لە ئازادی، بە ریژەیەکی زۆر سنووردارکراوەتەوە لە بەربەرەکانی و خەباتی سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵات، بەشداری لە دەسەڵات و بەشخوازی سیاسی، واتە ئازادی، یەکەم: بۆتە دیاردەیەکی ڕووتین، ڕواڵەتی و ئۆبژەکتیڤ و دووهم: لەفۆڕمی سیاسیدا سنووردار کراوەتەوە، بۆ وێنە ئازادی دەنگدان، هەڵبژاردن و هەڵبژێردران. دەشێ بگوترێ زیاتر بۆتە دیاردەیەکی نومادین و ستراتژیک بۆ وەرگرتنی مەشرووعییەت لە ڕکابەرێتی سیاسی لەنێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسێکاندا، نەک ئەزموونێکی ژیاو و بەرپرسانە. ئەم دابەزاندنە شووناسی ئازادی پەسیڤ دەکات، بەهۆی ئەوەکە ئازادی لە ئاست و ڕوانگەی ڕاستەقینەدا پێویستی بە مەجالی هەڵبژاردنی سەربەخۆیانە، ئاگایی تاک و قبوڵی بەرپرسیارێتیە.

خەباتی سیاسی هەرچەند بۆ دەستەبەرکردنی مافی بەشداری لە دەسەڵات زەرووری و خاوەن بایخە، بەڵام خۆی لەخۆیدا ئەزموونی ڕاستەقینەی ئازادی گەڕەنتی ناکات. لەڕاستیدا ئازادی سیاسی بەردەوام سنووردار دەکرێتەوە لە دەست بە دەسەڵات‌ ڕاگەیشتن، مافی یاسایی و دەرکەوتنی یاسا، بەڵام ئەزموونی ژیاو بە مانای توانای پڕاکتیکی سەربەخۆیانەو بەرپرسانە لە ژیاندا هەروا لەپەراوێزدا دەمێنێتەوە.

ئەم دابەزاندنە پاڕادۆکسیکی فەلسەفی بەرهەم دێنێت: ئازادی لەجیات ئەوەکە مەجالێکی بەرابەر بۆ دەرخستنی "خود"، پەرەی تاکێتی و هەڵبژاردنی بەرپرسانە بێت، ئامانجێکی سیاسی و سێمبۆلیکە.

وەها ئازادیەک ناتوانێ لەگەڵ ژیانی کەسی، شووناسی تاکی و ئەزموونی ژیاوی سەربەخۆ هەڵبکات، چونکە سیاسەت و دەسەڵات زیاتر پێ‌داگری لەسەر چاوەدێری، ڕکابەرێتی و کۆنتڕۆڵ دەکەن تا ئازادی وەک مەجالەکانی ڕەهایی، سەربەخۆیانە، سوبژێکتیڤیستانە و بەرابەر.

لەئاکامدا، کۆمەڵگای کوردستان لەگەڵ قەیرانێکی فەلسەفی ڕوبەڕوویە، خەباتی سیاسی ڕەنگە بتوانێ مافی سیاسی دەستەبەر بکات، بەڵام ناتوانێ بۆشایی ئەزموونی ڕاستەقینە، بەرپرسیارێتی و ئیختیاری تاک پڕ بکاتەوە، ئازادی کاتێ مانا پەیدا دەکات کە بان سنووربەندیە سیاسێکان، لەگەڵ ئەزموونی ژیاو گرێ بدرێتەوە و مەجالی ئەزموونی سەربەخۆ، بڕیاردانی بەرپرسانە و داهێنەرێتی تاکی بڕەخسێنێت. تەنیا لەم ڕەوتەدایە کە ئازادی درووشمێک و کەرەسەیەکی سیاسی نیە، بەڵکە حەقیقەتێکی سوبژێکتیڤیستانەیە.

 


شاهۆ حوسێنی: بەربەستێکی دەروونیی ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی هزری و گوتارییە، نەک بەتەنیا سیاسی

  دیمانە: حەسەن شێخانی ئاماژە : پرسی نەتەوە بۆ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و ناسنامەی نەتەوەییان جێگیر بووە و هیچ مەترس...