۱۴۰۴ مهر ۱۹, شنبه

ڕەچەڵەکناسی ژن و جێندەر لە سێ‌کوچکەی پیاوسالاریدا: هەڵپەساردنی سوژەگی ‌ژن لە ئایدۆلۆژی چەپی‌کلاسیک، نەتەوەخوازی و ئیسلامخوازیدا


 







شاهۆ حوسێنی

ژن لەمانا گوتارێکەیدا، نە دەرکەوتەیەکی دەرەکی و ناوەندگر(بەرهەم‌ولێکەوتەی ناوەندێک)، کە بوونێکی لەسەیروورەتدایەو لەهەناوی زمان و شووناسێکی خۆبنیادنراوی سەربەخۆدا لەگەڕیان‌دایە، ژن وەک هەناسە لەهەناوی دەنگ و بێ‌دەنگیدا، بوون و جەستەی مانا دەبەخشێت و لەگوێن حەقیقەتێکی سەربەخۆ دەریدەخات، جەستە ئیتر لێرەدا دیاردەیەکی سرووشتی نیە، بەڵکە ئاستێک لە بوون و مانایە کە فۆڕمێک لە دیسکۆرس، ئەخلاق و حەقیقەت لەودا بەیەک دەگەن. هەربۆیەش ڕەچەڵەکناسی وەک حەول و کۆششێک بۆ دۆزینەوەی جێ‌پێی نەزم و بوونێک زەرووریە، بۆ دۆزینەوەی ئەوەکە چلۆن دیاردەیەی کە سرووشتی دەنوێنێت، لەهەناوی دیسکۆرس و سوژەگیدا دەبێتە یاسا و لۆژیکی بوون.

لەم ڕەوتەدا پیاوسالاری نەک لەگوێن پێکهاتەیەکی کلتووری، کە وەک چوارچێوەیەکی بەرهەم‌هێنی سوژەدەردەکەوێت. نیزامێک کە لە هەناوی زماندا، مەجالی بوون و دەرکەوتن وەک سوژەیەکی دەسکرد، لە چوارچێوەیەکی تایبەتدا بە ژن دەدات، ئەوە لەکاتێک دایە کە مەجالی چواڕچێوەگەلی‌تری لێ دادەخات. لەکوردستان سێ ئایدۆلۆژی بەڕواڵەت دژبەیەکی: چەپی کلاسیک، نەتەوەخوازی و ئیسلامخوازی، لەئاستێکی قوڵدا، سەر بە ئێپیستمەیەکی هاوبەشن؛ ئێپیستمەی ئۆبژەکتڤیسم، کە لەودا جەستە، خواست و ژن وەک جێندەر، دەخرێنە ناو بازنە و چوارچێوەی نەزمێکی گشتی. واتە فۆرمێک لەبوون، کردە و هەڵسووکەوت بۆ ژن دادەڕێژن.

 

-      چەپی کلاسیک: سوژە لەگوێن کەرەسەی بەرەهم‌هێنان

لە ئایدۆلۆژی چەپی کلاسیکدا، مرۆڤ لەگوێن هێز پێناسە دەکرێت، یانی بوونێک کە هەستی ئەو لە پێوەندی لەگەڵ پێکهاتەی بەرهەم‌هێناندا فام دەکرێت. ئەم ڕوانینە لەهەناوی ماتڕیالیسمەوە دەردەکەوێت، کە گەوهەر لەدرێژەی هۆکاری دەرەکیدا دەبینێت و لە دەروون و هەناو خافڵە. لەم نیزامەدا ژن نە لەگوێن سوژەیەکی سەربەخۆ، ئافرێنەری خۆ و خۆبنیادنەر، کە لەگوێن کەرەسەی بەشداری لە شۆڕشی ئابووریدا پێناسە دەکرێت. لەم ئایدۆلۆژیەدا ژن وەک جێندەر لەجیات ئەوەکە مەکۆی دەرکەوتنی جیاوازی و خواستی سەربەخۆ بێت، دەکرێتە گۆڕەپانی ئەرکی شۆڕشگێڕی. چەپ لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەرچی بە زمانی ڕزگاریخواز دەدەوێت، بەڵام بەلۆژیکی دیسیپڵین کردەوە دەنوێنێت. لەم ئایدەیەدا جەستە ئەشێت ملکەچ و گوێ‌رایەڵی ئاڕمان بێت و سوژە ملکەچی گشتێتی مێژوویی و ئەرکی مێژویی چینایەتیە. ڕێک ئالێرەڕایە کە سوژەگی ژن، ئافرینەری و خۆنبیادنەری سەربەخۆیانە لە ئایدۆلۆژی چەپی کلاسیکدا هەڵدەپەسێرێت و دەخرێتە پەراوێزەوە، ئیتر لەژێر نسێی خەباتی چینایەتی، بەربەرەکانی بەدژ کاپیتالیزم و رزگاری پڕۆڵتاریا، ژن لەگوێن جێندەر دەخرێتە چوارچێوەی کەرەسەی شۆڕش. بۆیەش چەپ، ژن وەک بوون و سەربەخۆیی ژن لەگوێن بابەتێکی لاوەکی  لەخزمەت پڕۆبلماتیکی چینایەتی پەراوێز دەخات و بەرەبەرە پاکی دەکاتەوە. هەڵبەتە چەپ هەر بەمە ڕاناوەستێت و بۆ پێشگرتن بە دەرکەوتنی شووناسی سەربەخۆ لەلایەن ژنەوە، شووناسێک و چوارچێوەیەکی بوونی دەسکردیشی بۆ دادەڕێژێت و لەگوێن فێمێنیسمی ڕاستەقینە و دژە کاپیتالیسم بەسەر ژنیدا دەسەپێنێت. بۆیەش لەم ئایدەیەدا نەتەنیا هیچ ئاسۆیەکی ڕاستەقینەی ڕزگاری و ئازادی لەگوێن مەجالی دەرکەوتنی سوژەگی ژن ناکرێتەوە، کەفۆڕمێکی نوێ لە زاڵێتی و ئۆبژەکتیڤیسم لەمەر ژن دێتە ئاراوە.

 

-      نەتەوەخوازی: نەتەوە لەگوێن باوک

نەتەوەخوازی کوردی، بە پێچەوانەی نەتەوەخوازی مۆدێرن کە لەناو پڕۆبلماتیکی سوبژەکتیڤیسمدا و لەپەیوەندی ئینتێرسوبژەکتیڤی سوژە سەربەخۆکان دا دەرکەوتوە، خاوەنی شووناسێکی سوبژەکتیڤ نەبوو و لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەدا بەرهەم نەهاتووە. هەرچەند مەبەستی نەتەوەخوازی کوردی لە سەرەتادا خواست و ئامانجی بەرهەم‌هێنانی سوژەی کوردی بوو لە ڕێی زەینی کوردی و خوڵقاندنی فامی سەربەخۆی کوردانە، بەڵام کەوتنە ناو زەینی حیزبایەتی و میکانیسمی شەڕ و بەرخۆدان، پڕۆبلماتیکی سوژەگی لە ناو پڕۆبلماتیکی دەسەڵات و زاڵێتی دا تواوە. ئەمە واتە، لە شوێنی ئەوەی کە "کورد بوون" لەچوارچێوەی  پڕۆبلماتیکی سوبژەکتیڤیسمدا پەروەردە بکرێت، بووە بە مەیدانی دەسەڵات، زاڵێتی و دەستەبەرکردنی توانای سەرکردەیی. بەو شێوەیە، پڕۆبلماتیکی نەتەوەخوازی کوردی لە خۆبنیادنەری و بەرهەم‌هێنانی زەینی سەربەخۆی کوردی‌ڕا دابەزیە ناو پڕۆبلماتیکی دەسەڵات و بەشداری لە مەیدانی هژمۆنیدا. بەواتایەکی‌تر خواستی سەرەتایی بۆ "بوون لەگوێن خودی‌کوردی" بەمانای دەرخستنی سوژەی کوردی، فام و ئاگاییەکی سەربەخۆیانەی کوردانە، دادەبەزێتە ئاستی زاڵێتی لەگوێن  کەرەسە و ئیرادەیەک بۆ دەسەڵات. بەکورتی نەتەوەخوازی لەجیات ئەوەکە پرۆسەیەکی ئێگزیستانسیال بۆ "خۆی کوردی" بێت، کەوتە جەغزی خواستی دەسەڵات و زاڵێتی و ‌سوژەگی خۆی بەخشیە لۆژیکی کەرەسەیی و کێبڕکێی دەسەڵات. لەم ڕەوتەدا بوونێک دەتوانێ دەور بگێڕێت کە هێزی جەسەتەیی بانتر بێت‌و مەجالەکانی جەسەتەیی بتوانێ مەجالەکانی دەرکەوتنی هێز بڕەخسێنێت. هەربۆیەش نەتەوەخوازی کوردی لەم ڕەوتەدا تایبەت‌مەندی هێزسالاری، پیاوسالاری و باوک‌سالاری بەخۆیەوە دەگرێت. ئەم چوارچێوە لەئەکت و کردەی گشتی، بەستنێکی بەهێز و بەربڵاو دەرەخسێنت تا هێز بێ‌ڕکابەر بێت بۆ حەقیقەت‌بەخشین بە هێما و کردەکان، بەرەبەرە لەم چوارچێوەیەدا سوژگەی ژن، ئافرێنەری و خۆبنیادنەری ژن لە بەستێنی گوتاریدا پەراوێز دەخرێت، نەتەوەخوازی کوردی ئەگەرچی لەسەرەتای دەرکەوتنیدا هەڵگڕی خواست و ئاوزی ڕزگاریخوازی و ئازادیخوازی بوو، بەڵام لەئاستی زەینی و مەعریفیدا، بەرهەم‌هێنەرەوەی لۆژیکی باوک‌سالارانە و پیاوسالارانەیە. لەم نەزمەدا "ژنی‌کورد" نە لەگوێن دەورگێڕێکی سەربەخۆی مێژویی کە لەگوێن هەڵگری هێمای نامووسی نەتەوە پێناسە دەکرێت. بەلۆژیکی گرینگی و ڕاسەری نەتەوە، تاکێکێتی ژن پەراوێز دەخرێت، واتە پڕۆبلماتیکی سوژەگی ژن دەکەوێتە ژێر ڕکێفی پڕۆبلماتیکی نەتەوەخوازی لەگوێن دەسەڵات و هێژمۆنی‌خوازی.

 

-      ئیسلامخوازی: جەستە بەستێنی نەزمی ئەخلاقی

لە ئایدۆلۆژی ئیسلامخوازیدا، جەستە بەستێنی ئەخلاقە، ئیمان و بەشێک لە فۆرماسیونی دەسەڵات، ژن لەم نیزامەدا نە لەگوێن دەورگێڕی ئیمان(بەمانای سوژەیەک کە خۆی سەربەخۆیانە فام و تێگەیشتوویی لە ئیمان هەیە و خۆی ئیمانی بەرهەم‌هێناوە)، کە لەگوێن ئۆبژەیەی ڕێنوێنی‌کراو پێناسە دەکرێت، بوونێکی کە پیویستە لەڕێی کۆنتڕۆڵی جەستە، بە ئیتاعەی دەروونی(بەمانای دەرکەوتنی فەرمانی دەرەوە لەگوێن ئینزباتی دەروونی)بگات. لێرەدا دەسەڵات لەچوارچێوەی ئەخلاقدا دەردەکەوێت: حیجاب، ڕوانین، پەیڤ، کردار و کردەوە، ئەمانە بەگشتی چەشنەکانی بەرهەم‌هێنانی "جەستەی ملکەچ"ن.

 

-      سێ‌کوچکەی پیاوسالاری لەگوێن مێکانیزمی سڕینەوەی سوژەیی

چەپ لە جەستە بۆ شرۆڤەی بەرهەم‌هێنانی ئابووری(بەو مانایەی کە بەهای مرۆڤەکان لەنەزمی ئابووریدا نە لەسوژەگی ئەودا کە لەتوانایی بەرهەم‌هێناندا پیناسەدەکرێت)و نەتەوەخوازی لەجەستە بۆ دەرخستنەوەی گشتێتی مێژوویی‌و ئیسلامخوازی لە جەستە بۆ نەزمی ئیمانی و ئەخلاقی کەڵک وەردەگرن.

بەگشتی، هەر سێ ئایدۆلۆژی، جەستە لە ژینگەی سەربەخۆی خۆیدا وەک حەقیقەتی ڕەسەن دادەبڕن،  دەیخزێننە خزمەت کەڵان لۆژیکی پیرۆزی(ئایین،نەتەوەو چین). لەئاکامدا، سوژە نە لەگوێن سەرچاوەی مانا و حەقیقەت، کە وەک ئۆبژەی نەزم و ئینزبات فام و پێناسەدەکرێت. لەم سێ ئایدۆلۆژیەدا ئێمە لەگەڵ فۆرمێک لۆژیکی یەکدەست ڕووبەڕووین: لۆژیکی سڕینەوەی جیاوازی و مسۆگەرکردنی جەستە لەناو شووناسێکی ئایدۆلۆژیکدا. چەپ لە ئابووریدا، نەتەوەخوازی لە هێمای نەتەوەییدا و ئیسلامخوازی لەئەخلاق و ئیماندا جەستە بەرەهم‌دیننەوە. لەهەر سێی ئەم ئایدۆلۆژیانەدا ژن ناتوانێ سوژەی سەربەخۆ بێت، چوونکە گەورە سوژەی پیاو ناوەندی بوونی داگیرکردوە. دەسەڵات و زاڵێتی ڕاستەقینە لەم سێ ئایدۆلۆژیەدا نە لەدەست چین، نەتەوە یان ئاییندا، کە لەدەست پیاو دایە و ئەمیش لەرێی زمان و مانا و ڕەستە(سێ‌کوچکەی ئایدۆلۆژی) دەیسەپێنێت. لەڕاستیدا پیاوسالاری، فۆڕمێکی تایبەتی ئێپیستمەیە: ڕژێمیک لە حەقیقەت کە سوژەی لەناو چوارچێوەی موزەکەر، ئایدە و کەرەسەدا بەفەرمی دەناسێت.

 

-      ئاکام

ڕەچەڵەکناسی ئەم سێ ئایدۆلۆژیە نیشانی داوە، کە پرسی سەرەکی نە گۆڕینی دەسەڵاتی حاکم، کە گۆڕینی لۆژیکی ئانتۆلۆژیکی دەسەڵاتە( بەمانای دەسەڵات نەلەفۆڕمی پێوەندی ئاسایی کۆمەڵایەتی یان سیاسی کە لەگوێن دەرکەوتەیەک کە فۆڕم دەدا بەبوونی سوژەکان و نەزمی دەرکەوتەکان)؛ واتە تێپەڕین لە نیزامێک لە حەقیقەت کە سوژەی لە دۆخی ئۆبژەدا مسۆگەر دەکات. بەپێچەوانەی شووناسی ژن لەئاسۆی ئەم سێ ئایدۆلۆژیەدا، ژن نە ئۆبژەی ئایدۆلۆژی، کە سوژەی ڕەخسان و ڕزگاریە(بەو مانایەی کە ژن بەهۆی کرەسەبوونی لەخزمەت ئەم ئایدۆلۆژیانەدا نیە کە ڕزگار دەبێت، بەڵکە خۆی سەربەخۆیانە و بنیادنەرانە ئازادی و ڕزگاری دەڕەخسێنێت).

پوختەی ئەوەی دەبێ بگوترێت ئەمەیە کە: لەئاسۆی ئەم سێ ئایدۆلۆژیەدا، ژن نە لەگوێن سوژەیەک پێویستە ئازاد بێت، بەڵکە لەگوێن بوونێک پێناسەدەکرێت، کە بوونی لە بەراورد لەگەڵ نەزمی زاڵێتێکان و هێژمۆنی دەسەڵاتەکاندا فۆڕم دەگرێت؛ جەستە، زەین و کردەوەی ئەو بەستێنی دیسیپڵین، هێژمۆنی و ئابووریە، ئەمە ئەم سنووربەندێیە کە سەربەخۆیی و ئازادی ژن سنووربەند دەکات. ئازادی و ڕزگاری ژن نە دیاریەک لەدەرەوەڕا کە مێکانیزمیکی دەروونی و لەکردەی سەربەخۆیانە و سۆبژەکتیڤیستانەی ئەو و قبوڵی پێوەندی ئینتێرسۆبژەکتیڤی ژن لەگوێن مرۆڤێک و تاکێکی کۆمەلگا بەرابەر لەگەڵ پیاودا دەردەکەوێت.


شاهۆ حوسێنی: بەربەستێکی دەروونیی ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی هزری و گوتارییە، نەک بەتەنیا سیاسی

  دیمانە: حەسەن شێخانی ئاماژە : پرسی نەتەوە بۆ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و ناسنامەی نەتەوەییان جێگیر بووە و هیچ مەترس...