شاهۆ حوسێنی
لە
ژینگەی هزری مۆدێڕندا نالوێ "شووناس" لەگوێن چەمکێکی سرووشتی وێنا
بکرێت. لەگوێن دیاردەیەک کە بەردەوام بوە وبەردەوام دەبێت و پێویستە هەموان لەودا
بتوێنەوە. بێگومان شووناسیش وەک زمان، مێژوو، کۆمەڵگا و دیاردەکانیتر دەسکردی
مرۆڤە، دەسکردێکی گوفتمانی، پێکهاتەیەک کە بەردەوام تاقمێک لەخۆیدا وەردەگرێت و
تاقمێک دەردەکات.
"ئێرانیبوون"
وەک شووناسێک ئاماژە بە دۆخێکی یاسایی و شاروومەندی نیە، بەڵکە نیزامێکیی ماناییە بەمانای
قوبوڵی: حازفەیەکی میژووی تایبەتو داڕێژراو، زمانێکی فەرمی کە هی تۆ نیە،
گێرانەوەیەک لە دەسەڵات لەدەرەوەی بازنەی زەینی تۆ، ئایدەیەک لەمەر نەتەوە و مرۆڤ
کە هیچ پێوەندێکی بە زەینی تۆوە نیە و تێکەڵاو بوون لەگەڵ بوونێک بە بەهای لەدەستەدانی
بوونی خۆت. لەڕاستیدا "ئێرانیبوون" فۆڕماسیونێکی بوونە کە لەودا ئەگزیستنسێک
دەردەکەوێت بە بەهای تواندنەوە و لەناو بردنی ئەگزیستێنسگەلێک و یەک لەوان کورد.
هەر
بۆیە کاتێ دەگوترێ کە کورد ناتوانێ ئێرانی بێت، مەبەست ناهاوتەبایی ئانتۆلۆژیکە
لەنێوان کورد بوون و ئایدۆلۆژیەکی کە بنەماکەی حاشاکردن و سڕینەوەی سوژەبوونی تاکی
کورد و نەتەوەی کوردە، ئایدۆلۆژیەکی کە لەسەر بنەماکانی زمانی فارسی، شووناسی
فارسی، گێڕانەوەی فارسی لە کورد وەک غەیرە فارس و حاشاکردن لە بوونی فرەییەکان و
حەول بۆ یەکدەستکردنە لەڕێی پاکاوتە کردن.
لەم
فۆرماسیونەدا کورد نەک وەک سوژەیەکی نەتەوەیی، کە وەک "مەسەلە"،
"کێشە"، "قەیران" و لەخۆشبینانەترین حاڵەتدا وەک کەمینە
دەبیندرێت. واتە نە ئەندامێکی بەرابەر و هاتەریب کە وەک بوونێکی پەرواێزی سەیری
دەکرێت.
لە
ئایدۆلۆژی نەتەوەسازی ئێرانیدا "یەکگرتوویی" بەشێکی بنچینەیی لە
ئایدۆلۆژیە، یەکگرتوویی نە بەمەبستی تەبایی و لێکتێگەیشتن، کە بەمەبستی سڕینەوە و
حاشا لەبوونەکانە. ئایدۆلۆژی ئێرانی لەڕێی بنیادنانی "نەتەوەیەکی یەکگرتوو"،
فۆڕمێک گێرانەوەی مۆنۆلۆگانە لەمێژوو، سەپاندنی زمانێکی تایبەت، بەها و نۆرمگەلێک
لە دەرەوەی دیاردەکلتوورێکانی ئەوانیتر، حەول دەدات پلۆرالیزم و جیاوازێکان بسڕێتەوە.
کورد بوون وەک سوبژە، جیاوازی و زایەڵەی پلۆرالیزمی بۆ یەکگرتوویی ئێرانی بێگومان
هەڕەشەیەکە و دەبێ لەناو بچێت و جێگۆڕکێی لەگەڵ کوردبوونێکی خواستی ئێرانێکان پێ
بکرێت. وەها کوردبوونێک ژیان بە زمانێکیتر، حافزەیەکیتر، مێژوویەکیتر و
کلتوورێکیترە. هەر بۆیە کوردبوونێک کە ناتەبایە لەگەڵ ئەم دیاردانە و جیاواز
دەردەکەوێت لەگەڵ ئەم بە ئۆبژە بوونە، قەیرانێکی ئانتۆلۆژیکە.
لە
دەلاقەی ئایدۆلۆژی ئێرانیدا "کوردبوون" تەنیا دیاردەیەکی ڕێنماییانەیە،
واتە دەرکەوتەیەکە کە تەنیا کەڵکی ئاماژەیی لێوەردەگیرێت بە مەبەستی ئاماژەکردن،
نە دیاردەیەکی سوبژەکتیڤ، واتە داسمەنێکە نەک دازاینێک. کەوابێ دەشێ بگوترێ کە
کوردبوون لە ئایدۆلۆژی ئیرانیدا دۆخێکی سەلبیە کە "نەبوون" و "حاشا" بەسەر هەڵگرەکەیدا
دەسەپێنێت، نە قبوڵ و سەلماندنی شووناسێک. بەوپێیە کوردبوونی ئێرانی بەهیچ شێوەیەک
دیاردەیەکی پۆزەتیڤ، خاوەن وزە و هێز و خوڵقێنەر نیە، بەڵکە تەنیا کەرەسەی سڕینەوە
و لغاوکردنی کوردبوونی سۆبژەکتیڤە. بەکورتی کوردبوون لە ئایدۆلۆژی ئێرنایستیدا نە
هەستیەکی خۆبنیادنەر، کە ئێتیکێتێکە بۆ دەرخستنی شێوەبوونێکی دەسکرد لەسەر کاغەز و
غایبت لە جیهانی حەقیقیدا.
