شاهۆ
حوسێنی
لە
ڕۆژانێکدا کە هەواڵەکانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ لەناو
بردنی هەڕەشەکانی تێرۆریستی حەماس(تۆ بیخوێنەوە ئیران) بۆ سەر ئەهوەنی ئیسرائیل
بەردەوامە و وێنەکانی شەڕ لەهەموو کەلێن و لایەکەوە بڵاو دەبێتەوە، سێڵاوی فرمێسکی
موسوڵمانە بەناو کوردەکان بەخۆڕتر لەهەموو شوێنێکیتری ئەم جیهانە شەپۆل ئەدات و
وەک ئەوەی کە کورد تەنیا نەتەوەی موسوڵمانی سەرگۆی زەویە و غەزە تەنیا بەشي
موسوڵمانی زوڵم لێکراوی سەر گۆی زەویە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە لەکوردستان زوڵم و زۆری
دەسەڵاتی ناوەندی تاران کە لێکەوتەکەی شەهید بوونی لاوانی بەشەڕەفیمافخواز،
شووناسخواز و پارێزەری ژینگە و دارستانی نیشتمانە، کە بەهۆی زوڵم و سیاسەتەکانی
داگیرکەری ئێرانی ئاگریان تێبەردراوە، لەلایەن ئەم بەناو موسوڵمانە کوردەوە چاوی
لەسەر نوقاوە و لەحاند ئەم هەموە جینایەتەی لە کورد دەکرێت لەلایەن موسوڵمانان و
حاکمانی بەناو موسوڵمانی داگیرکەری کوردستان، ڵاڵی موتڵەقن، لەکاتێکا مناڵانی
کوردستان لە هەژاریدا ژیان بەڕێ دەکەن پارە بۆ غەزە خڕ دەکەنەوە و دەبنە کەوا
سووری بەر لەشکری.
ئەم
بێدەنگیە نە نیشانەی بێ خەبەری کە دەرکەوتنی دیاردەی لەخۆبێگانەییە، دیاردەیەکی
پسیکۆلۆژیک، کلتووری و مێژویی کە لەودا سوژەی بەناو موسوڵمانی کورد، دەردەکانی خۆی
وەلا دەنێت و لەگەڵ ڕەنجی ئەوانیتر هاودەردی دەکات، ئەمە بەشێک لە پرۆسەی
ئۆبژەکتیڤیسمی ئیسلامیە کە بەشێک لەتاکی کوردی ئێلینە کردوە، ئەم فۆڕم لە
تێگەیشتووی و فامە نە لێکەوتەی حەولی سەربەخۆیانە و سوبژەکتیڤیستانەی بەشێک لە
تاکەکانی کورد کە لێکەوتەی ئایدۆلۆژی ئیسلامیە. بەشێک لە ڕەوشی بەرەو دەسەڵات
چوون، تێکەڵ بوون لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و بەشخوازی سیاسیە.
لەخۆبێگانەبوون
چەمکێکە کە لەئەندێشەی مارکسدا لەفۆڕمی ئابووری-کۆمەلایەتیدا و لە شرۆڤەکانی
فرۆیددا بەشێوەی پسیکۆلۆژیک دەردەکەوێت، بەڵام لە هەر دوو فۆرمدا مرۆڤێک نیشان
دەدرێت کە لە حەقیقەت و ڕەنج و ژینگەی زەینی و ئاگایی سەربەخۆیانەی خۆی دادەبڕێت و
دەخزێتەناو بەرگی ئایدە و جیهانێکی بێگانە. واتە لە نوسخەی ئیسلامیزەبووی
لەخۆبێگانەییدا، بەناو موسوڵمانی کورد حاشا لە ڕەنجەکانی خۆی دەکات، بەهۆی ئەوەکە
ئەم دەردانە بەشێک لە ڕەنجەکانی مەفسەلبەندیکراو لە ئایدۆلۆژی بناژوێخوازی
ئیسلامیدا نین. کەوابێ دەبێ ئۆبژەی کوردی لەخۆی بێگانە بکرێت، دوور بکرێتەوە،
لەخۆی دەربکرێت، تا بتوانێ بە ئامانجەکانی ئوومەی ئیسلامی وەفادار بێت. وەفاداریەک
بە قیمەتی لەبیرکردن و فەرامۆش کردنی "خۆ"ی کوردی.
غەزە
لەم ئایدۆلۆژیەدا بۆتە هێمای مەزلوومبوونی ڕەها، مەزلوومبوونێکی کە پیرۆزی پێبەخشراوە،
پێویستە فرمێسکی بۆ بڕێژرێت، هاواری بۆ بکرێت و پشتیوانی لێبکرێت. لەم ئایدۆلۆژیەدا
حەماس لەگەڵ ئەوەدا سەرکووتکار بوە، وێنایەکی قارامانانەی لێ دەرخراوە، حەماس کە
غەزەی کردۆتە سەنگری شەڕی ئایدۆلۆژیک و کەرەسەی شەڕی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی و
ئیسرائیل، وێنایەکی پیرۆزی لێبەرهەم هاتوە لەلایەن میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بۆ
چەواشەکردن و بەلاڕێدا بردنی بیر و رای گشتی مەدەنی جیهانی و موسوڵمانان.
بێگومان
غەزە بەشێک لە ژێئۆپۆلەتیکی تێرۆریسمی نیودەوڵەتی کۆماری ئیسلامیە و حەماس کەرەسەی
پەرەی تێرۆریسم لەم ناوچە تەنگەبەرەدیایە .لە ژێئۆپۆلەتیکی
تێرۆریسمی نیودەوڵەتی کۆماری ئیسلامیدا غەزە بۆتە ئوستووریەکی ئایینی کە بەخوێن
بنیادنراوە و بۆ مانەوەشی پێویستی بەخوێنە، بەڵام لەبەرامبەردا کوردستان نەتەنیا
هیچ شوێن و پێگەیەکی نیە، بەڵکە لەگوێن دژبەری نەزمی ئایدۆلۆژیکی ئیسلامی بەهەموو
شێوەیەک دژایەتی دەکرێت.
چما لە دەلاقەی
رێئالیسمەوە بڕوانینە دۆخەکە و لەسەر ئەم گریمانەیە ڕابوەستین کە چما هێمای
مەزلوومییەت: قوربانی بوون، هەژاری، سەرکووت، بێبەریکردن، و زۆرداریبێت، ئەوا کوردستان چەق و ناوەندی
مەزلوومییەتە لە جیهاندا، چوون یەکەم شوێنە لەم جیهانەدا کە کیمیایی کراوە
کوردستانە، ناەندەی سیاسەتەکانی پاکاوتەکردنی ڕەگەزیە لەلایەن فارس و تورک و
عەڕەبەوە، لەسێداردان و گرتن و ڕاونانی ڕۆڵەکانی مافخوازی دەوامێکی مێژویی هەیە،
کام شوێن لەم جیهانە هێندی کوردستان و کورد کەوتۆتە بەر ڕقی داگیرکەرانی،
هەڵاواردن و پاکاوتەکردنی بەخۆیەوە دیوە.
کام شوێن لەم جیهانە هێندی کوردستان جینایەتی ژینگەیی،
هەڵاواردنی پێکهاتەیی، کلتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری بەخۆیەوە دیوە. چما فرمێسک
هەڵوەراندن و هاوار کردن بۆ غەزە مرۆڤایەتیە، ئەدی بێدەنگی لە حاند ئەو هەموە
جینایەتەی لە کوردستان دژ بە کورد دەکرێت ناوی چیە؟
پسیکۆلۆژی ئەم بێدەنگیە زۆر ئاڵۆزە، بەناو موسوڵمانی
کورد لەگەڵ قەیرانێکی شووناسی قوڵ دەستەویەخەیە. زاڵی ئایدۆلۆژیکی داگیرکەر
لەلایەک و بێمتمانەیی بەخۆ و بێغیرەتی، بوونێکی فاشيڵ و خۆ لەدەستداوی بەرهەم
هێناوە. لەڕاستیدا هاوسۆزی و پێوەندی لەگەڵ غەزە ڕێگایەکی ئاشکرای هاوپێوەندی و
هاوسۆزیە لەگەڵ داگیرکەر و فۆڕمێک وەفاداری نواندنە لەگەڵ داگیرکەر.
لە ئایدۆلۆژی تێرۆریسمی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامیدا
غەزە شێوە نەینووکێکە کە موسوڵمان هەم مەزلوومییەتی تیا دەبینیت و هەم هەستی
هاوسۆزی و هاوپەیوەندی مەعنەوی خۆی، بەبێ ئەوەکە پێویستی بە دژایەتی پیکهاتەی سەرکووتکاری
دەروون نەتەوەیی خۆی بکات.
ئەوە لەکاتێکدایە کەکوردستان نەینووکێکی ڕاستەقینە و حەقیقیە کە تاکی کورد بەهر
باوەڕیکی ئایینی دەتوانێ خودی ڕاستەقینەی تیا ببینێت، ڕاستەقینەیەکی خویناوی،
ڕەنجاوی، تاڵ و تێکدەری ژینگەی مەجازی تێرۆریسمی نیودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی. هەر
بۆیەش کوردستان لەم ئایدۆلۆژیەدا سەرکووت دەکرێت.
ئەرکی نووسەری ئەم دێڕانە و ئەم دێڕانە تێکدانی
هاوسۆزی و هاوپەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ ڕەنجەکانی کۆمەڵانی خەڵکی فەلەستین نیە، بەڵکە
بانگهێشتێکە بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە شێوازەکانی هاوسۆزی و هاوپەیوەندی و
پشتیوانیکردن، سەرلەنوێ بیرکردنەوە و داڕشتنەوەی ڕاسەرێکان، پێشینێکان و
دوایینێکانمان.
بۆچی
غەزە دەستپێکی دڵەڕواکێکانمانە و کوردستان نا؟ بۆچی داگیرکاری ئیسرائیل مەحکوومە
بەڵام داگیرکرانی کوردستان نا؟ بۆچی شەهیدانی فەلستینی قارەمان و هێما سێمبۆلن،
بەڵام شەهیدانی مافخوازی کورد، شەهیدانی ژینگەپارێزی کورد و لاوانی لەسێدارەدراوی
کورد نا؟
تاکە
ڕێگای ڕزگار بوون لەم دەورە باتڵە، سەرلەنوێساغکردنەوە و داڕشتنەوەی ئاگاییە،
ئاگاییەکی کە لە لەخۆبێگانەبوون تێپەڕاوە، غیرەتی دیتنی ڕەنجەکانی خۆی هەیە و
ئەمان وەک ئەمرێکی سیاسی و ئەخلاقی هاوار بکات. موسوڵمانی کورد تا لە بێدەنگی
تێنەپەڕێت، بەردەوام لە داوی ئایدۆلۆژی تێرۆریسمی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامیدایە،
ئایدۆلۆژیەک کە هەم کورد سووک دەکات، سووک دەبینیت و وەک کەرەسەی سیاسی و هێژمۆنی
کەڵکی لێوەردەگرێت.
