(ناتەبایی ئانتۆلۆژیکی ئیسلام
لەگەڵ دیمۆکراسی)
شاهۆ
حوسێنی
سوژەڤانی
ڕێک لەم خاڵەوە دەست پێدەکات کە ئیسلام کۆتایی پێدێت. بوونێکی "خۆبنیادنەر"،
"سەربەخۆ" و "داڕێژەر". لە ئەندێشەی مۆدێڕندا کە لەسەر بنەمای
سوژەڤانی بنیادنراوە، مرۆڤ بوونێک و مەرجەعێکە کە هیچ بوون و مەرجەعێکی بانتر لەو
بوونی نیە، ئەمە هێڵی سووری سوژەڤانیە. ئیسلام بەڵام ڕێک بەپێچەوانەوە دەست
پێدەکات : مرۆڤ لەگوێن بوونێکی "بەندە"، "عەبد"، "بەرهەمهێنراو"،
"دارێژڕاو" و "ملکەچ". لەڕاستیدا "بەندە"بوون پێوەندێکی ئانتۆلۆژیکە
لەگەڵ بەرهەمهێنەرێکی بان مرۆیی وەک خالەق، واتە بەندەبوون پێگەیەکی ئانتۆلۆژیکی
مرۆڤە. مرۆڤ لەپێشدا دیاریکراو، داڕێژڕاو و لەناو چوارچێوەیەکی ماناییدا جێگیر
کراوە، کە هیچ دەور و نەخشێکی لەودا نیە، لێرەدا مرۆڤ نەلەگوێن سوژە، بنیادنەر و
خالەقی مانا، کە ڕەچاوکەر و دەکارکەری مانایە. واتە مرۆڤ بکەر نیە و بەرکارە.
بیگومان
لە ئەندێشەی سوژەڤانیدا مرۆڤ سەرچاوەی بڕیار و ناوەندی بڕیار، فام و تێگەیشتنە،
هەر بۆیەش هەم لەبەرامبەر "خۆ"دا و هەم لەبەرامبەر
"کۆمەڵگا"دا بەرپرسیارە، بەڵام بەپێچەوانەوە لە ئەندێشەی ئیسلامیدا مرۆڤ
نە لەبەرامبەر خۆ و کۆمەڵگادا کە لەبەرامبەر خالەق و بەرهەمهێنەریدا، واتە
"خودا" بەرپرسە و وڵامدەرە.
دێمۆکراسی
زایەڵەی سیاسی سوژەڤانی مۆدێڕنە کە بەبێ مرۆڤی سەربەخۆ، خۆبنیادنەر، خۆداڕێژەر و
خۆشووناسبەخش هیچ مانایەکی نیە، واتە لەدێمۆکراسیدا یاسا، فام، مانا و دەرک لە
خۆارێڕا بەرەو سەرێ هەڵدەگەڕێن، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ئیسلامدا فام، مانا و
دەرک لە دەرەوەی مرۆڤ لەبان مرۆڤەوە بەرەو خوارێ دادەگەڕێت. ئەمە لەڕاستیدا
جیاوازی لە دەرەجەدا نیە، بەڵکە جیاوازی لە گەوهەردایە، واتە جیاوازێکی
ئانتۆلۆژیکە.
کاتێ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان باس لە ئیسلامی دیمۆکراتیک دەکات، ڕێک بەسەر ئەم قەڵشە
ئانتۆلۆژیکەدا باز دەدات، ئەو بەم شێوەیە حەول ئەدات کە چەمکێکی مۆدێڕن لەسەر
بەستێنێکی نەریتی و دژەمۆدێڕندا پەروەردە بکات. واتە دیمۆکراسی وەک چەمکێکی مۆدێڕنی باوەڕمەند بە
ڕیژەیی بوون و پلۆرالیزم، بڕیارە لەناو بەستێنێکی باوەڕمەند بە حەقیقەتێکی ڕەها و
دژە پلۆرالیزم کە حەقیقەتی شەریعەت و دژە ئاوزەخوازیە پەروەردە بکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە
کە جیاوازیکی ڕادیکاڵی ئانتۆلۆژیک لەنێوان ئەم دوو دیاردەیەدا هەیە. لەڕاستیدا
ئێمە لەگەڵ پاڕادۆکسێکی ڕادیکاڵ ڕووبەڕووین : لەهەر شوێنێک خوا هەبێت، مرۆڤی ئازاد
بوونی نیە و مانا نادات و لەهەر شوێنێک مرۆڤی ئازاد و سوژە هەبێت، خوا بوونی نیە و
مانا نادات. ئەمەش بەم هۆکارەیە کە نە ئیسلام دەتوانێ دەست لەلۆژیکی بەندەڤانی
هەڵگرێت و نە دێمۆکراسی دەتوانێ دەست لە ئازادی و سوژەڤانی هەڵگرێت.
کەوابێ
باسی سەرەکی ئەمەیە: ئیسلامێکی دیمۆکراتیک بێت، ئاخۆ هێشتا ئیسلامە؟ بێگومان نەخێر
