(هۆکارناسی
یەکنەگرتوویی کورد)
شاهۆ
حوسێنی
لەفامی
عورفی و باودا "یەکگرتوویی" زۆربەی کات بە مانای چاوپۆشی لە جیاوازێکان،
توانەوە لە چوارچێوەیەکی گشتیدا و یەکدەست بوون پیناسە دەکرێت؛ شێوازێک وێکچوون،
کە لەودا سوژەکان، دەست لەخواست و سەربەخۆیی خۆیان هەڵدەگرن، تا لەچوارچێوەی خواستێکی
گشتی و زاڵدا تێکهەڵکێشک بن. وەها ڕوانگەیەک کە لەناو گوتارگەلی سیاسی و
کۆمەڵایەتی زاڵدا باوە، یەکگرتویی نەلەگوێن بەستێنێک بۆ دەرکەوتنی جیاوازێکان،
بەڵکە لەگوێن سڕینەوەو سەرکوتی جیاوازێکاندا پێناسەدەکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەوەی
وەک "یەکگرتویی" باسی لیوەدەکرێت، ڕەوتێک نیە جگە لە خۆبەدەستەوەدانی
گشتی لەبەرامبەر زاڵێتێکی هێژمۆندا؛ دۆخێک کە لەودا پلۆرالیزمی سوژەگەل لەخزمەت
بەناو یەکپارچەیی لەبەرچاو ناگیرێتو خۆبنیادنەری تاک وەک هەڕەشەیەک بۆسەر یەکڕیزی
و یەکپارچەیی سەرکوت دەکرێت.
بەڵام
لەفەلسەفەدا و بەتایبەتی لە دەلاقەی سوبژەکتیڤیسمدا، یەکگرتووی پێناسەیەکی تەواو
جیاوازی هەیە، یەکگرتوویی لێرەدا نەبەمانای سڕینەوەو لەناو بردنی جیاوازێکان،
بەڵکە بەمانای بەرهەمهێنانی مەجالگەل و کەشگەلێکە کە لەواندا سوژەگەلی سەربەخۆ
بتوانن هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی سەربەخۆیی و خۆبنیادی خۆیان، هاوبەش لەگەڵ
سوژەگەلیتر ئامانجگەلێکی هاوبەش و بەرژەوەندیەگەلێکی هاوبەش دەستەبەر بکەن. لەم
دەلاقەیەڕا، یەکگرتوویی و یەکڕیزی نە گوێڕایەڵی و ملکەچی لەبەرامبەر خواستێکی
دەرەکی، کە بەستێنێکە بۆ دەرکەوتنی ئینتێرسۆبژەکتیڤیتە: فۆرمێک پێوەندی کە لەسەر
بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە، دانپێدانان بە جیاوازێکان و مەجالی دیالۆگی بەرابەر
لەنێوان سوژەگەل دەردەکەوێت.
لەم
ڕوانگەیەڕا، یەکگرتوویی هاوژیانی ئەکتیڤی جیاوازێکانە، بەستێنێک کە لەودا
پلۆرالیزمی ڕادیکاڵ مەجالی دەرکەوتنی پێدەدرێت و خۆبنیادنەری گشتی لەهەناوی
خۆبنیادنەری تاکڕا دەردەکەوێت. لەم ڕوانگەیەدا ناشی دابڕاوی بەتەنیا تا ئاستی ناکۆکیگەلی سیاسی یان
کۆمەڵایەتی دابەزێندرێت، بەڵکە پێویستە دابڕاوی لەگوێن بەرگیراوی بەمەجالەکانی
سوبژەکتیڤیتە و کەشی لێکتێگەیشتنی دوولایەنە فام بکرێت. لە دۆخێکدا کە بەڕواڵەت
سوژەگەل سەربەخۆن، بەڵام مەجال و بەستێنی دیالۆگی ڕاستەقینە، ئازاد و سەربەخۆیانە
بوونی نیە، ویکهەڵکردنەکان ناسک و چڕژ هەڵگر و ئامادەی زاڵێتی هێژمۆنیکن،
کۆمەڵگەکان خاوەن بەهرەیەکی درەوونی بەهێزن بۆ دابڕاوی، تێکهەڵچوون و لێکترازانن.
ئەوان بەکردوە تووشی پاڕادۆکسی سوژەگەل و بەرگیراوی لێکتێگەیشتن هاتوون، ئەوەی لەم
ڕەوتەدا دەرکەوتوە، یەکگرتوویەکی کازب و لەرزۆکە.
شرۆڤەی قەیرانی کوردستان: دابڕاوی و بەرگیراوی
لێکتێگەیشتنی دوولایەنە
چما
یەکگرتووی لە فەلسەفەدا بەمانای پاراستنی سەربەخۆیی سوژەگەل، هاوتەریب لەگەڵ
هاوبەشی لە ئامانجگەلی هاوبەشدا و پێوەندی بەشێوازی ئینتێرسۆبژەک بێت، ئەوا
دابڕاوی لەکوردستان بەتەنیا بەرهەمی کێشە و قەیرانی سیاسی، جیاوازی ڕوانگەو
ئایدۆلۆژی سیاسی نیە، بەڵکە بەرهەمی بەرگیراوی بەستێنی هزری و فەلسەفیە، مێژووی
هاوچەرخی کوردستان نیشانی داوە، کە هەر کات حەولێک بۆ یەکگرتویی دەرکەوتوە، یان
بەشێوەی یەکدەستکردنی ئیجباری لەسایەی هیژمۆنی لایەنیک و ڕیکخراوەیەکدا بوە یان
لەناو پاڕادۆکسی سوژەگەلدا ڕووخاوە ئەم یەکگرتویە. کوردستان بەهۆی چوارپارچەیی
لەگەڵ دۆخێکی دووقات بەڕووڕوویە، لەلایەک هێژمۆنی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، کە مەجالی
هەرجۆرە دەرکەوتنی سوژەی کوردی سەرکووت دەکەن و پێشدەگرن بەهەر جۆرە مەجالێک بۆ
دیالۆگ، لەلایەکیتر لەناوخۆی کۆمەڵگای کوردیدا، بەرگیراوی ئینتێرسۆبژەکتیڤیتە و
ڕکابەرێتی سیاسی لەنێوان حیزب و رێکخراوە سیاسێکاندا، بەربەستە بۆ دەرکەوتنی
بەستێنێکی هاوبەشی لێکتێگەیشتنی دوولایەنە. واتە پاڕادۆکسی سوژەگەل و بەرگیراوی
مەجالەکانی دیالۆگ هەم لەدەرەوە و هەم لەناوخۆ بەکردەوە پێشیگرتوە بە یەکگرتوویی.
لەئاکامدا هەرجۆرە یەکگرتوویەک لە زۆربەی کاتدا، بەشێوازێکی فۆرمالیتە، کاتی و
تاکتیکی دەردەکەوێت. یەکگرتوویی بەشێوەی ڕیکەوتنی کاتی، بەرتەسک، ناسک و لەسەر
بەرژەوەندی ڕیکخراوەیی لەغیابی قبوڵی جیاوازی و ڕێز لە خۆبنیادنەری. ئەم دۆخە دەشی
وەک دەرکەوتنی یەکگرتووی ڕواڵەتی کە لەهەناوی خۆیدا هەڵگری پاڕادۆکسی سوژەگەلو
سەرکووتی جیاوازیکانە.
هەربۆیە
گریگنە کە دابڕان وغیابی یەکگرتوویی لەکوردستان لە چوارچێوەی ڕەچەڵەکناسی فەلسەفیڕا
شرۆڤە بکرێت. مێژوویی لێکدابڕانە
بەردەوامەکان لەڕەوتی لێکتێنەگەیشتنی دوولایەنە، مێژووی سەرکووتی سوژەگەلی سەربەخۆ
و مێژووی بەرهەمهێنانەوەی هێژمۆنیگەلیک کە یەکگرتووییان هاوتەریبی ملکەچی
پێناسەکردوە. بێگومان تەنیا لەئەگەری پێداچوونەوەی ڕادیکاڵ و بنەڕەتی بەم
دۆخەدایە کە دەتوانێ بەستێنی یەکگرتوویی ڕادیکاڵ بڕەخسێت.
ئەکام
یەکگرتوویی،
ئازادی و ئاستی، کاتێ لە دەلاقەی سۆبژەکتیڤیسمدا فام بکرێن و خوێندنەوەیان
بۆبکرێت، ئیتر بەمانای حەول بۆ یەکدەستکردن، ڕێکخستنی زۆرەملی و سڕینەوەی
جیاوازێکان، کە بەمانای دەرکەوتنی خۆبنیادنەری سەربەخۆیانە و سوژەی سەربەخۆیە.
یەکگرتوویی لەم دەلاقەیەڕا، مەجالی وێکهەڵکردنی ئەکتیڤی جیاوازێکان لە بەستێنی
سۆبژەکتیڤیتەیە. ئەوەی لەکوردستان
لەگوێننەبوونی یەکگرتوویی ئەزموون دەکرێت، ڕیشەی لە دژوازەییەکان و
داخراوێکانی لێکتێگەیشتنی دوولایەنە دایە؛ دۆخێکی کە یەکگرتووی دادەبەزێنێتە ئاستی
ڕواڵەتی و تاکتیکی و لەگەڵ ملکەچی لەئاستێکا دەردەکەوێت. لەم ڕوانگەیەوە نەبوونی
یەکگرتوویی نە تەنیا کێشەیەکی سیاسی کە قەیرانێکی قوڵی فەلسەفیە؛ قەیرانێک لە
غیابی کەشێک کە لەودا جیاوازیکان بتوانن بەبێ سەرکوت، سەربەخۆیانە و هاوبەش،
خۆبنیادنەری پەرە پێبدەن.
لەم
ئاسۆیەڕا، مانیفێستی فەلسەفی بۆ سیاسەت گرینگی پەیدا دەکات؛ سیاسەت چما لە دەلاقەی
سوبژەکتیڤیسمڕا فام بکرێت، پرۆسەی زا و زێی خۆبنیادنەری سوژەکانە و لەگوێن
حەقیقەتێکی دروونی و زیندوو، بەرهەمی تەکاموڵی ئۆرگانیکی سوژەکانە. ئەوە لەکاتێکدایە
کە بەپێچەوانە لە ڕوانگەی ئۆبژەکتیڤیسمدا، پرۆژەیەکی دەستووری و لێکەوتەی زاڵەێتی
و بەرهەمی سەپاندنی میکانیکیە.
دەشێ
بگوترێ کە ڕوانینی فەلسەفی و سۆبژەکتیڤیستی بۆ یەکگرتوویی، ئاشتی و سیاسەت، ڕێنیشاندەرێکە
بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە پێکهاتەی دەسەڵاتو کلتووری سیاسی، تا بەر بگیرێت
بە داخراوێکان و دژوازەییەکان و بەم شێوەیە مەجالەکانی دەرکەوتنی یەکگرتوویی،
ئاشتیو ئازادی بڕەخسێت.
