شاهۆ حوسێنی
لە بەستێنی پێکگەیشتنی زمانەکاندا، دیاردەی گرینگ بەتەنیا
جیاوازی نێوان پێکهاتەی وشەکان نیە، بەڵکە تێکهەڵچوونی دوو لۆژیکی هێمایە کە
هەرکام شێوازێک بیننین، بیرکردنەوە و بوون دەڕەخسێنن. زمانی دایکی لەم
چوارچێوەیەدا، نە کەرەسەیەکی میکانیکی بۆ گەیاندن و راگواستنی پەیام و هەواڵ، کە
ئاسۆیەکەی بنەڕەتی کراوەیی جیهان و بەستێنی خوڵقان ودەرکەوتنی بوونێکی سەربەخۆی
خۆبنیادنەرە. کەواتە دەشێ بگوترێ ئەوەی لەم ناوەدا بەرهەم دێت، تەنیا تۆانایی
زمانی بەشێوەیەکی ڕواڵەتی نیە، بەڵکە شێوازەێک لە تێگەیشتن و فام و ئاگاییە کە
فۆڕم دەدا بە زەینی سەربەخۆی تاک.
لەڕاستیدا،
زمان هیچکات دیاردەیەکی پەسیڤ نیە، بەڵکە نیزامێکی ڕێکخەرە کە جیهانی کۆمەڵایەتی
لەسەر بنەمای تاکی سوبژە و بەشێوەی بەستێنێکی خاوەن مەجالی پێکەوە بوون و ژیان لێک
کۆدەکاتەوە. هەر بۆیەش زمانی کوردی بۆ تاک و کۆمەڵگای کوردی بەتەنیا کۆگشتیەک لە
وشەکان نیە، بەڵکە ڕایەڵێکی لێکجیاکەرەوە، بەها و نۆڕمخوڵقێن و مەجالی دەرکەوتنی
کردەی سەربەخۆیە.
زمانی
دایکی هەڵبەتە کە بەستێنی بەربەرەکانی و بەرخۆدانیشە، بەستێنی دەرکەوتنی هێز و
قودڕەتیشە، جیهانێکی خوڵقێنەری مانا و حەقیقەتیشە، زمان لەڕێی هەڵسووکەوتی سەلبی
لەگەڵ فام و ئاگایی و زەینی زمانی داگیرکەر، بەستێنێکە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ
ئەمپریالیسمی فارس و زمانی فارسی وەک بەستێنی و جیهانی کۆتکردنی کورد و بەکلۆنی
کردنی تاک و کۆمەڵگای کوردیە، واتە ئەگەر زمانی فارسی لەڕێی تووندوتیژی هێمایی
لەڕێی دەروونیکردنی شووناس و بوونێکی دەسکرد و ناکوردانە، حەولی ملکەچکردن و گوێڕایەڵکردنی
کورد دەدات، ئەوا زمانی کوردی دەبێتە بستێن وە جیهانی بەرخۆدانی هێمایی بۆ
سڕینەوەی ئەم دەروونیکردنە هێماییە فارسەکان.
ئا
لێرەڕایە کە تاک و مرۆڤی کوردی لە
ئۆبژەڤانی دادەبڕێت و لەهەناوی زمانیکوردیدا و لەریی دەرخستنی سوژەی کوردی و
سوژەیی، هێژمۆنی فارس تووشی نوشوت دەکات.
کەوابێ
زمان تەنیا سەرمایەیەکی کلتووری نیە، بەڵکە جیهانێکی زەینی و فەلسەفیە کە: بوون،
هەستی و وجوودی تیا دەخوڵقێت و دەردەکەوێت، بۆیەش پاشەکشە بە زمانی فارسی لەدەستدانی
سەرمایەیەکی کلتووری و کەرەسەیەکی نێوەندگیری پێوەندی نیە، بەڵکە پاشەکشە بە
ئایدۆلۆژی ئەمپریالیستی فارسە.
لەئاکامدا
دەشێ بگوترێ کە دیالێکتیکی سوژەیی و ئۆبژەیی لە بەستێنی زماندا دەریدەخات: کە
شووناس نە لە عوزلەت و دوورەپەرێزیدا کە لەتێکهەڵچووندا بەرهەم دێت، سوژەی کوردی
لەناو بەستێنی زمانی کوردیدا بکەرێکە کە لەناو سنوورەکانی نیزامیی ماناکاندا مەجال
گەلێکی جیاواز و فراوان بۆ بوون دەخوڵقێنێت. بێگومان دابڕان لە ئۆبژەیی، چرکەساتی
نەکۆڵی لە بڕیارێکی نەنووسراوە کە بەتەما بوو تاکی کورد بکاتە نوسخەی دەستی دووی
ئەویتری فارس.
