شاهۆ حوسێنی
بەڕێزان
و خۆشەویستان، سڵاوتان لێبێت. ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە هەموو دڵسۆزانی گەل و نیشتمانی
کورد و کوردستان پیرۆز بێت. ئەمڕۆ هاتووینەتەوە خزمەتتان لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک
تا وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگانە بدەینەوە کە لە ڤیدیۆکەی پێشتردا خستبوومانە ڕوو.
کاتێک
ئێمە باس لە زمان دەکەین، کاتێک ئێمە وشەی زمان یان چەمکی زمان بەکار دەبەین، لە ڕاستیدا
دوو ساحە یان دوو مەبەستمان هەیە. یەکەم، زمان لە جێی ئاخافتن، نووسین، واتە کۆگشتییەک
لە وشەکان و چەمکەکان کە لە نێو چوارچێوەی نەزمێکی دەستووریدا بۆ پەیوەندیگرتن و بۆ
گەیاندنی مانا و مەفهووم کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
بەڵام
لەو گرنگتر، لەو بەربڵاوتر و لەو باڵاتر، زمان بە مانای توانایەکی زەینیی مرۆڤەکانە.
کە لەودا وەک فۆرماسیۆنێک، وەک چوارچێوەیەک و فۆنداسیۆنێک، ئاگاهی، شعوور، دەرک،
فام، عەقڵ و زەین بەرهەم دێت. کاتێک سوژەی کوردی، مرۆڤی کوردی، تاکی کوردی لە نێو
کۆمەڵگەیەکی کوردی و لە کوردستاندا لەگەڵ سوژەگەلی کوردیی تر دەکەوێتە پەیوەندی و
ئیڕتیبات، و لەگەڵ سروشتی کوردستان، لەگەڵ دیاردە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژینگەی
کوردستان دەکەوێتە پەیوەندی و تەعامول، توخمەکان و عونسورەکانی ژینگەی سروشتی و
کولتووری و کۆمەڵایەتی وەردەگرێت، عەقڵێک، ئاگاهیەک، فامێک، دەرکێک بەرهەم دێت.
کە
بەرهەمی تێگەیشتوویی سەربەخۆیانەی مرۆڤی کوردییە. کە لێکەوتەی سەربەخۆیانەی سوژەڤانیی
مرۆڤی کوردییە. لێرەدا دەتوانین بڵێین زمانی کوردی دەردەکەوێت، کاتێک ئاگاهی
کوردانە، فامی کوردانە، تێگەیشتنی کوردانە، عەقڵی کوردانە و زەینی کوردانە دەردەکەوێت.
واتە فۆرمێک لە ئاگاهی، فۆرمێک لە شعوور، کە بەرهەمی تەعامولی سوژەی کوردی لەگەڵ ژینگەی
ژیانی کوردستان و خۆیەتی.
کەوابوو
زمان باڵاتر لە نووسین، باڵاتر لە ئاخافتن، توانایەکی زەینییە. شعوورێک، ئاگاهیەک،
دەرکێک، فامێک کە دەرەکی نییە، کە بەرهەمی سەپاندنی هێزێکی دەرەکی و هەژموون نییە.
بۆ وێنە کاتێک فارسەکان شناسێک بەرهەم دەهێنن، هەوڵ دەدەن ئاگاهیەک بە کوردەکان بسەپێنن.
کوردەکان ئێرانیین، ئێرانیی ئەسیلن، مەرزدارانی غەیورن. یان لە دەرەوەی ڕەچەڵەک،
ئاگاهی و فامێکی ئایینی لە کوردستان هەوڵی پەرە و هەژموون دەدات. کورد وەک موسڵمان
بەشێک لە ئوممەتی واحیدەی ئیسلامییە، زمانی بەهەشتی و زمانی جیهانیی تر زمانی عەرەبییە.
ئەمانە فۆرمێک ئاگاهی دەرەکین، فۆرمێک ئاگاهی ناکوردانەن کە هەوڵ دەدەن بوونێکی دەستکرد
و بەرسازتە لە کورد بەرهەم بهێنن.
ئەمە
شناسێکی دەرەکی و دەستکردە، ناکوردانەیە. بەڵام کاتێک مرۆڤی کورد، کە سوژەی کورد لە
تەعامول لەگەڵ ژینگەی کوردستان، توخم و عەناصری ژیان و ژینگەی کۆمەڵایەتی و
کولتووری و سروشتیی کوردستان وەردەگرێت، و لە پەیوەندی لەگەڵ سوژەی کوردیی تر، لە
ئیڕتیباتێک و پەیوەندییەکی ئینتەرسۆبژێکتیڤدا، فۆرمێک لە فام، ئاگاهی، دەرک و
شعوور بەرهەم دەهێنێت، ئەمە دەبێتە زمانێکی کوردانە.
ئێمە
پێویستە بە زمانی کوردانە، واتە ئاگاهی و شعوور و دەرکێکی کوردانەوە پەرە بە خۆمان
بدەین. بەو جۆرەی کە هایدیگەر بە دروستی ئاماژە بەوە دەکات کە زمان ماڵ و بێشکە و
بناوانی هەستی و وجودە. کێشەی ئێمەی کورد کێشەیەکی ئۆنتۆلۆژیکە لەگەڵ فارس، لەگەڵ
عەرەب، لەگەڵ تورک. ئەوان هەوڵ دەدەن بوونێکی پلە دوو و دەستی دوو لە خۆیان بەرهەم
بهێنن. ئێمە دەخوازین بوونێکی پلە یەک و دەستە ئەوەڵ لە خۆمان بۆ خۆمان بەرهەم بهێنین.
و ئەمە ناگونجێت مەگەر لە ڕێی زمان، بە مانای توانای زەینی بۆ بەرهەمهێنانی فام،
ئاگاهی، دەرک، شعوور، عەقڵ و زەینی کوردانە.
ئێریک
فرۆم بە دروستی دەڵێت: مرۆڤێک کە نەتوانێت بۆ خۆی بێت، کە ئاگاهی، شعوور، دەرک،
فام، عەقڵ و زەینی خودانە بێت، بۆ خۆی بەرهەمی هێنابێت، مرۆڤێکی کۆیلەیە و هیچ کات
ڕەنگی ئازادی نابینێت. ئەگەر سوژەی کوردی، ئەگەر کورد و ئەگەر کوردستان دەخوازێت
ئازاد بێت، دەخوازێت سەربەخۆ بێت، لە ڕێی زمانەوە ئەمە دەگونجێت. زمانی کوردانە بە
مانای فام، ئاگاهی، دەرک، شعوور، عەقڵ و زەینی کوردانە.